تەرمی منداڵە خنکاوەکەی کەلار دۆزرایەوە

شەیری بکە لە:
تەرمی منداڵە خنکاوەکەی کەلار دۆزرایەوە

ئاڤا نیوز

 

دوای شەش کاتژمێر لە گەڕان تەرمی ئەو منداڵە تەمەن 13 ساڵەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە چەمی گازینۆ لە کەلار کەوتە ناو ئاو و لافاو بردی، دۆزرایەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە، منداڵێک لەکاتی دەرهێنانەوەی پایسکیلەکەی لە چەمی گازینۆ لە کەلار قاچی دەخلیسکێت و ئاو دەیبات، سەرەتا قسەی زۆر لەسەر ناسنامەی ئەو کەسە دەکرا، بەڵام دوای بەدواداچوونی ئاڤا توانرا ناو و ناسنامەی ئەو منداڵە ئاشکرا بکرێت.

 

عومەر ڕەحیم، باوکی ئەو منداڵە ونبووەی کەلار لە هەواڵەکانی کاتژمێر 07:00ی ئاڤا وتی: کوڕەکەم تاقانەیە و ناوی ئەیوبە و لەدایکبووی ساڵی 2013ـە، جلوبەرگێکی ڕەنگی خەنەیی لەبەربووە و پاسکیلێکی ڕەشی پێبووە، بۆ یاریکردن چووتە لای پردەکەی سەر چەمی گازینۆ و دیار نەماوە.

 

باوکی ئەیوب ئاماژەی بەوە کرد، "ماڵم لە نزیک مزگەوتی مەلا عەلییە لە گەڕەکی گازینۆ. کە عەسر باسیان لەوە کرد کە مناڵێک لەسەر پردەکەی گازینۆ کەتووەتە خوارەوە، ئەیوبی کوڕیشم لە عەسرەوە دیار نییە، لەو کاتەوە بەدوایدا دەگەڕێین، نایدۆزینەوە.

 

لێدوانی فەرمی: ئیبراهیم محممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە ئاڤای گوت: دوای گەڕان و پشکین تەرمی ئەیوب عومەر لە خوار قەڵای شێروانە لە کۆتایی دەرچەی ئاوڕۆی چەمی گازینۆ لەلایەن خۆبەخشانەوە دۆزرایەوە.

 

- بەرگریی شارستانی گومانی هەبوو کە ئەو منداڵە کەوتووەتە ناو ئاوەڕۆ سندوقییەکە بۆیە لە کۆتایی ئاوەڕۆکە 'تەل' دانرا تاوەکو تەرمی منداڵەکەی پێوە بگیرێتەوە. لە کۆتاییدا توانرا لە کۆتایی ئاوەڕۆکە منداڵەکە بدۆزرێتەوە.

 

باکگراوند: بەهۆی لافاوەکەی دوێنێ و ئەمڕۆ ئاماری گیانلەدەستدان بەرزبووەوە، دوو کەس لە چەمچەماڵ، دوو کەس لە کەرکووک و منداڵێک لە کەلار گیانیان لەدەست دا.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ