ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا یاسای قەیسەری لەبارەی سووریاوە هەڵوەشاندەوە

شەیری بکە لە:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا یاسای قەیسەری لەبارەی سووریاوە هەڵوەشاندەوە

دیداری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا

ئاڤا نیوز

 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ یاسای قەیسەری هەڵوەشاندەوە کە بەهۆیەوە سزای تووندی ئابووری بەسەر سووریادا سەپێنرابوو، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ دەنگدانی ئەنجوومەنەکە لەسەر بودجەی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا کە یاسای قەیسەر بەشێک بوو لە بەندەکانی.

 

بۆچی گرنگە: کۆنگرێسی ئەمریکا لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە 11ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019، یاسای قەیسەری پەسەند کرد بە ئامانجی سزادانی بەرپرسانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەوکاتی سووریا لەسەر ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی کردبوویان، هەڵوەشاندنەوەی یاساکەش مانای گەڕانەوەی وەبەرهێنان و هاوکارییە بیانییەکانە بۆ پشتیوانی ئیدارەی نوێی سووریا.

 

شێوازی جێبەجێکردن: هەڵوەشاندنەوەی یاساکە مەرجدارکراوە بەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی 90 ڕۆژدا ڕاپۆرتێکی سەرەتایی و تا چوار ساڵیش هەموو 180 ڕۆژ جارێک ڕاپۆرت لەبارەی سووریاوە پێشکەشی کۆنگرێس بکات، هەروەها حکومەتی سووریاش دەبێت هەنگاوی بنەڕەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان بگرێتەبەر، ڕێز لە مافی کەمینەکان بگرێت و بەهیچ شێوەیەک تاک لایەنە ‌هێرشنەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، ڕووبەڕووی سپیکردنەوەی پارە، پارەدارکردنی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان ببێتەوە و ئەوانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کردووە لە ڕژێمی پێشوو، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

 

هەر بەگوێرەی مەرجەکان ئەگەر سووریا نەیتوانی ئەو بەندانەی بۆی دانراوە جێبەجێ بکات، دەکرێت یاسای قەیسەر دووبارە کارا بکرێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو یاساکە لە ئەنجوومەنی پیرانیش تێپەڕێنرێت و دواتریش سەرۆکی ئەمریکا واژۆی دەکات و یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ئەمریکا بە یاسا قەیسەر ڕێگەی گرتبوو هیچ کۆمپانیایەکی بیانی وڵاتانی جیهان لەبوارەکانی نەوت و غازی سروشتی، فڕۆکەوانی، بیناکاریی و ئەندازیاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سووریادا کاربکات، چاوەڕێش دەکرێت هەڵوەشاندنەوەی یاساکە لابردنی گەورەترین ئاستەنگی بێت لەبەردەم سووریا تا دووبارە تێکەڵ بە سیستمی بانک و ئابووریی جیهان ببێتەوە و ئابوورییەکەی ببووژێنێتەوە و وەبەرهێنانی بیانیش ڕووی لە وڵاتەکە دەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ