ئاڤا لە چەمچەماڵ خانووێک بۆ خێزانێکی بێ باوک دەکڕێت

شەیری بکە لە:
ئاڤا لە چەمچەماڵ خانووێک بۆ خێزانێکی بێ باوک دەکڕێت

ئەو خێزانەی خانووە نوێیەکەیان پێ دەبەخشرێت.

ئاڤا نیوز


خێزانێکی نەداری ناحیەی تەکیە، کە لە خانوویەکی زێدەڕۆ دەژیان و دایکێکی بەتەمەن بژێویی پەیداکاری خێزانەکە بوو بۆ بەخێوکردنی حەوت منداڵی بێ باوک، بەهۆی هەوڵی خێرخوازانەوە گۆڕانکاریی لە ژیانیاندا ڕوو دەدات و کۆتایی بە چیرۆکی ناخهەژێنیان دێت.

 

چیرۆکی سەرەکی: خێزانەکە لە چوار کوڕ و سێ کچ و دایکێک پێکهاتوون و لەلایەن دایکێکی بەتەمەنەوە بەخێو دەکرێن کە چەندین ساڵە هاوژینەکەی کۆچی دوایی کردووە و چەند سەر ئاژەڵێکی هەبووە و هۆکاری نان پەیداکردنی خێزانەکە بووە.

 

لێدوانی شایەتحاڵ: دایکە بە تەمەنەکە، بە هەڵۆ محەممەدی پەیامنێری ئاڤا میدیای وت: هەشت سەر بزنم هەبوو، خۆم بەم تەمەنە شوانیان بووم تا ئێوارە و گوزەرانی ئەم خێزانەم پێ دابین دەکرد، بەڵام لافاوەکە چووەتە ناو شوێنی بەخێوکردنی ماڵاتەکە و خنکاون،  توانای هیچی دیکەم نییە.

 

زانیاریی زیاتر: بەپێی وتەی ئەو خێزانە، خانووەکەیان تەجاوزە و هەرکاتێک حکومەت بیڕوخێنێت ئیتر بەتەواویی ژیانیان نامێنێت، هەروەها جێکەوتەی خانووەکەیان بەشێوەیەکە ڕاستەوخۆ لافاو و باراناو ڕوودەکاتە ماڵەکەیان، هەر بۆیە زیانی زۆریان پێگەیشتووە و تەنها توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن لە رۆژی لافاوەکە.

 

چارەسەر: هەڵۆ محەممەد، مژدەی ئەوەی بە خێزانە هەژارەکە ڕاگەیاند، خێرخوازێک بەناوی حاجی سالار، لە شارەزوور، بەڵێنی ئەوەی پێداون کە ڕۆژی شەممە، واتە سێ ڕۆژی دیکە 10 سەر بزن پێشکەشی ئەو دایکە بەتەمەنە بکات، بەڵام دایکەکە هێندە دەست و دڵ فراوان بوو، دەیوت: بەخوا پێنج سەریشم بۆ بکڕێت هەر شوکری خوا دەکەم و مەمنوونم، چاوم لەوە نییە خێرخواز 10 سەرم بۆ بکڕێتەوە.

 

لەکاتی پەخشی ڕاستەوخۆدا، ئاکۆ شەریف، پێشکەشکاری ئاڤا میدیا، پرسیاری لەبارەی بژێویی خێزانەکە کرد، بەڵام پاش دڵنیابوونەوە لە خراپی بژێویی و نەگونجاویی شوێنی نیشتەجێبوونەکەی، هەر بۆیە مژدەی ئەوەی پێ بەخشین کە خانوویەک بە هەموو پێداویستییەکی نوێوە دەبەخشرێتە خانەوادەکە.

 

باکگراوند: پاش ئەوەی ڕۆژی 9-12-2025 ئاڤا میدیا کامپەینێکی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی و کۆمەکیی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکێ و شۆڕش ڕاگەیاند، خێرخوازان بە پارە و کەلوپەل و پێداویستییەکانەوە هاتن بەدەم بانگەوازەکەوە و ڕۆژانە خانوو بۆ هەژاران و کەمدەرامەتان دەکڕدرێت و کەلوپەل بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش دەکرێت.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ