کاتێک خوێندنگە دەبێتە نیشتمان

کاتێک خوێندنگە دەبێتە نیشتمان

بیروڕا

ئاڤا نیوز

 

لە کەرکووکی داگیرکراودا، هەموو بەیانییەک شوناسی نەتەوەیی تاقیدەکرێتەوە و غیرەت و جوامێریی مرۆڤیش بە تەرازووی ترس پێوانە دەکرێت. لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا دەستپێشخەرییەکی لەقەبارەدا بچووک و سنووردار، بەڵام لە واتا و ڕەمزییەتدا یەکجار گەورە، لە ناو گۆڕەپانی خوێندنگەیەکی زۆر سادەی کەرکوکی داگیرکراوەوە سەریهەڵدا و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بوو بە ترێند و ڕۆژەڤی سەرتاسەری. لە ماڵی هەموو کوردێکدا لە سەر شاشەی ملیۆنان مۆبایلی دەستی کوردانی هەر چوارپارچەدا، دەنگی دایەوە.


لە ڕۆژگارێکدا کە وشە و دەنگ و ڕەنگ لەتوانایاندایە هاوسەنگییەکان و ڕەوتی مێژوو بگۆڕن، خاتوو ئامەد کە مامۆستایەکی بەڕێزی خوێندنگەیەکی سەرەتایی کوردییە لە کەرکووک، دێت و بەوپەڕی دڵسۆزی و ئازایەتییەوە، دڵ و دەروونی جگەرگۆشەکانی قوتابخانەکەی بە هەست و سۆزی کوردایەتی تێراو و پاراو دەکات و وانەیەکی ئازایەتی و مەردایەتیی بە هەمووان دەدات. ئازایەتییەک کە نە کەس ئیستفزاز دەکات و نە شەڕەنگێزە و نە بەرژەوەندخواز. ئازایەتییەک کە نمایشێکی ڕووکەش نیە و لە هەوڵی درووستکردنی قارەمانێکی ساختەدا نییە، بەڵکو هەوڵێکی زۆر خۆڕسکە بۆ پیادەکردنی مافێکی سروشتی و دەستووریی وەکو کوردێک . ئازایەتیی هەوڵدانە بۆ ئەوەی شتەکان بە ناوی خۆیانەوە بناسرێنەوە و منداڵانی کورد فێرباکات کە شوناسی نەتەوەییان مافە و هەڕەشە نییە بۆ سەر کەس، بەڵکو بەخششێکی خوداییە.


مامۆستا ئامەد ڕاستییەکی زۆر سادە و لەیادکراوی هێنایەوە یادی هەمووان:"مەترسیدارترین بەربەستی سیاسی، لەبەردەم خواست و دڵسۆزیی تاکە مامۆستایەکیشدا خۆی پێ ڕاناگیرێ. لە کەرکوک و هەر شارێکی داگیرکراوی کوردستاندا، وتنەوەی گۆرانیی کوردی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان فەنتازیا و خۆنواندن نیە، بەڵکو کردە و تەحەددایەکی وجوودییە."


مامۆستا ئامەد، نە لافیتەیەکی بەرزکردەوە، نە وتارێکی سیاسیی خوێندەوە، نە پلاتفۆرمێکی میدیایی بەکارهێنا، ئەو تەنها و تەنها ئەوەی کرد کە چاوەڕێدەکرێت هەموو مامۆستایەکی ڕاستەقینەی کورد ڕۆژانە بیکات (وەک ئەوەی بە درێژایی مێژوو کردوویانە) : "بۆ ئەوەی لەنێو نەچین و بە سەری بەرزو بە شکۆوە بمێنینەوە، هەموو ڕۆژێک بەیانیان، لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا، دەروونی جگەرگۆشەکانی نەتەوە مافخوراوەکەت، پڕ لە وزە و ورەی کوردایەتی بکە." 


بڵاوبوونەوەی خێرای ڤیدیۆی ئەو چالاکییە ساکارە، لە تەلەفۆن و پلاتفۆرمەکانی ئەمپەڕ بۆ ئەو پەڕی کوردستان، لەم شار بۆ ئەو شار، بەهۆی بەرزیی کوالێتیی وێنەگرتن و دەنگهەڵگرتن و مۆنتاژەکەیەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ڕەسەنایەتی و خۆڕسکییەوە بوو، چونکە منداڵ و مێژوو، کەرامەت و پەروەدە تێیدا یەکیانگرتەوە. ملیۆنان بینەر کە تا ئێستایش  ڤیدیۆکە دەبینن ، تەنیا منداڵانی خوێندگەیەک نابینن کە گۆرانی دەڵێنەوە ؛ بەڵکو خودی کەرکوک دەبینن کە بە تامەزرۆوە دەردەدڵ بۆ کوردان دەکات!. زمان و ئاوازو جموجۆڵیک دەبینن و دەبیستن کە دەیان ساڵە، بە ملیاران دۆلار خەرجکراوە بۆ بێ دەنگکردن و سڕینەوەو ڕەشکردنەوەیان. هەموومان ئاڵای ڕەنگین کوردستانمان بینی، نەک بە ستوونەوە، بەڵکو لەناو هەست و هۆش و ڕۆحی منداڵانی دڵی کوردستاندا دەشەکایەوە.


ئەوەی لە ڕۆژی ئاڵادا لە گۆڕەپانی ئەو خوێندنگە کوردییەدا، لە زاری مامۆستا ئامەد و جگەرگۆشەکانییەوە بیستمان و بینیمان تەنها گۆرانییەک نەبوو، ئەوەی بینیمان تەنها جۆش و خرۆشیی و شەکانەوەی ئاڵای ڕەنگینی کوردستان نەبوو لە دەستی منداڵی کورددا، بەڵکو پەیامێکی زۆر مۆدرێن و خۆڕسک و بێ ڕتووشی نەتەوەیەکی 50 ملیۆنیی پارچەپارچەکراوی خاک داگیرکراوی ماف پێشێلکراو بوو بۆ هەموو دنیا.


هەڵبژاردنی گۆرانییەکی پڕ جۆش و خرۆش بە زاری پڕ ئاوازی لوڕی ئاشنا بە شاخ و دەشت و یادەوەریی کۆچ و قووڵی و هەمەچەشنی زمانی کوردی، پردێک و ڕایەڵەیەکی ڕۆحی بوو کە پارچەکانی جیوگرافیایەکی داگیرکراوی پێکەوە گرێدایەوە و سنوورە دەستکردەکانی تێپەڕاند و هەموو کوردی لە سایەی چەتری کوردبووندا کۆکردەوە. پەیامێک بوو بۆ یارو نەیار کە کوردستان یەک ماڵە و کوردیش یەک نەتەوەیە و خەبات و چارەنووسیشمان یەکە.


مامۆستا ئامەد و نەوەی نوێی کوردی کەرکووک، بە قووڵی ناخی ملیۆنان کوردیان ڕاچڵەکاند وهەژاند. سەلماندیانەوە کە کەرکووک دڵی کوردستانە و پێیان وتین : ئێمە لێرەین و کوردایەتی و کوردبوونمان ، یەکسانە بە کەرامەت و بوونمان. 


پێیان وتین : کاتێک بە خۆشەویستییەوە منداڵان بە کوردایەتی گۆشدەکرێن، خوێندنگە ئەگەرچی سادە و بچووکیش بێت، دەبێتە نیشتمانێکی سەربەخۆ بۆ نەوەیەکی هۆشیار .

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: