پارتی لە دوو ڕۆژدا 13 كۆبوونەوەی لەگەڵ كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق کردووە

شەیری بکە لە:
پارتی لە دوو ڕۆژدا 13 كۆبوونەوەی لەگەڵ كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق کردووە

کۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ حەیدەر عەبادی

ئاڤا نیوز

شاندی باڵای پارتی لە دووەم ڕۆژی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ هەریەک لە هادی عامری، قەیس خەزعەلی، حەیدەر عەبادی، موحسین مەندەلاوی و ئەحمەد جبوری كۆبوونەوە، ئەمشەو دیداری دیكەشیان دەبێت بەر لەوەی سبەی پێنجشەممە كۆتایی بە سەردانەكەیان بهێنن و بگەڕێنەوە.

چیرۆكی سەرەكی: ماوەی دوو ڕۆژە شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتیی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسەكانی پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئیتیحادی، پەسندکردنی یاسای نەوت و غاز، زامنکردنی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێدا، لە بەغدایە و لەو ماوەیەدا؛ 13 كۆبوونەوە و دیداری گرنگی لەگەڵ كەسایەتیی و لایەنە سیاسییە سوننە و شیعەكان کردووە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: شاندەكەی پارتی ئەمڕۆ بە جیا لەگەڵ هادی  عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی هەق و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەلئەساس و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و ئەحمەد جبوری، سەرۆکی حیزبی جەماهیر ئەلوەتەنیە كۆبوونەتەوە، هەر ئەمشەو چەند دیدار و کۆبوونەوەی دیکەیان دەبێت.

لێدوانی فەرمی: دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی، هادی عامری لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ برایانمان لە پارتی دیموكراتی كوردستان، گفتوگۆمان لەسەر چۆنیەتیی پێشخستنی پرۆسەی سیاسی و حكومڕانیی عێراق كرد، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، پەلەکردن بوو لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە بتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات.

عامری لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی وتی، "دادگای فیدراڵی پێشتر دانیشتنی کراوەی هەڵوەشاندووەتەوە، بۆیە دانیشتنێکی یەكلاكەرەوە دەبێت، ئێمە هیوایەکی گەورە و متمانەیەکی زۆرمان بە هەموو برایان هەیە کە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی، لە ڕۆژی 29ـی ئەم مانگە یەکلایی بکرێنەوە. دوای ئەوەش بابەتی دیاریکردنی سەرۆککۆمار و هەڵبژاردنی دێتە پێشەوە. دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێردرێت."

زانیاریی زیاتر: لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیان بۆ بەغدا، شاندە باڵاکەی پارتی هەشت کۆبوونەوەیان ئەنجامدا لەگەڵ هەریەك لە د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، د. حوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی، هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە. موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەلئەساس و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان

لەلایەکی دیکەوە: فارس عیسا، ئەندامی شاندی پارتی، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی، زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، کوتلەکانی شیعە و سوننە، ژمارەیەک کەسایەتیی دیار کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەیە، ئەنجام داوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، ئەو پۆستە مافی پارتییە؛ ئەو کەسەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید دەکرێت، دەبێت نوێنەرایەتی کورد بکات و باشترە ڕێكکەوتنی لەسەری بکەین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ