دەست بە کارکردن لە پرۆژەی دەشتی بەهەشت دەکرێتەوە

شەیری بکە لە:
دەست بە کارکردن لە پرۆژەی دەشتی بەهەشت دەکرێتەوە

پرۆژەی دەشتی بەهەشت لە هەولێر

ئاڤا نیوز

 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەمساڵدا یەک پرۆژەی وەستاومان هەبووە"، بەڵام ئەویش دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە. سەبارەت بە دەشتی بەهەشتیش دەڵێت، لە دوای سەری ساڵ دەست بە کارەکانی دەکرێتەوە.

 

لێدوانی فەرمی: د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە ڕاگەیاندنەکانی ڕاگەیاند، "ئەمساڵ یەک پرۆژەی وەستاومان بەناوی (کاپیتۆڵ) لە هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر کرد، ئەو پرۆژەیەش ئێستا دەستی بە کارەکان کردووەتەوە".

 

- لە ماوەکانی ڕابردوو 11 پرۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کارەکانیان وەستاوبوون، ئێستا دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، یەکێک لەو پرۆژانە، فلۆریا ستی بوو، ئێستا کارەکانی دەستیپێکراوەتە و کارکردن تێیدا بەردەوامە و خەڵکیشی تێدا دەژین، هەروەها پرۆژەی وەرین سیتی لە هەولێر کە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ سلاڤا ستی یەک و دوو، ئێستا خەڵکی تێدا نیشتەجێیە و پرۆژەکە تەواو کراوە. دەشڵێت، بە تێکڕا ئەو گرفتانەی کە لە ڕابردوو هەبووە، بەشێکی زۆری چارەسەر کراوە.

 

لەلایەکی دیکەوە: سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان سەبارەت بە پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەشتی بەهەشت، ئاشکرای کرد، هەموو ڕێکارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە تەواوکراون، ئەویش لە دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕازی بوو لەسەر پێدانەوەی بە وەبەرهێنەرێکی دیکە، ئێستا سێ وەبەرهێنەر ئۆفەرەکانیان پێشکەش کردووە، لە دوای سەری ساڵ دەدرێت بە یەکێک لەو وەبەرهێنەرانە و دەست بە کارەکانی دەکرێتەوە. 

 

باكگراوند: ساڵی 2010 مۆڵەت درایە كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی (دەشتی بەهەشت) كە دەبووایە لە سێ ساڵدا پرۆژەكە تەواو بكات كە خۆی لە 427 ڤێلا و 122 شوقە دەبینێتەوە، بەڵام وەبەرهێنەرەکەی کە خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی عادل موتەحیدە بوو، كاره‌كانی پرۆژەكەی تەواو نەكرد و هەڵهات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ