سێ هەواڵی تایبەت بۆ خانەنشینانی پێشمەرگە، پلەدارەکان، کەمئەندامانی سەنگەر

  • بزنس
  • 22 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
سێ هەواڵی تایبەت بۆ خانەنشینانی پێشمەرگە، پلەدارەکان، کەمئەندامانی سەنگەر

ئاڤا نیوز


دۆسیەی زیاتر لە 13 هەزار کەس لە خانەنشینانی پێشمەرگە و پلەدارەکان و کەمئەندامانی سەنگەر تەواو بووە و ئەم مانگە ناویان لە لیستی مووچە زیاد دەکرێت و مووچەیان بۆ دەبەسترێت.

چیرۆکی سەرەکی: بەگشتی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 30 هەزار دۆسیە لە وەزارەتی پێشمەرگە کەڵەکە ببوون. لەو 30 هەزارە 19 هەزار و 43 دۆسیەیان هی پێشمەرگە بوون بەتایبەت یەکەکانی 70 و 80. لە مانگەکانی ڕابردوو لەو 19 هەزار دۆسیەیە 13 هەزار و 774 کەس دۆسیەیان تەواو کراوە و مووچەیان بۆ بەستراوە.

 

ئەوەی مابوویەوە دۆسیەی 5 هەزار و 269 کەس پێشمەرگە بوو، ئێستا دۆسیەی 4 هەزار و 281 پێشمەرگەی تر تەواو بووە، ئەم مانگە ناویان لە لیستی مووچە زیاد دەکرێت و مووچەیان بۆ دەبەستریت، سێ بۆ چوار مووچەش بەیەکەوە وەردەگرن، چونکە ئەو چوار هەزار کەسە ئەوانەن لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەدوای مانگی هەشتەوە تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنشینی.


لێدوانی فەرمی: لیوا حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان بە ئاڤای گوت، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ناوەکان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان دەنێرین. ئەوەی دەمێنێتەوە دۆسیەی هەزار و 207 پێشمەرگەیە، لیوا حاجی مەلا ئەمین دەڵێت تا کۆتایی مانگی دوو هی ئەوانیش تەواو دەکەین.


لەلایەکی دیکە: دۆسیەی ئەفسەر و پلەدارەکان، ژمارەیان دوو هەزار و 200 کەسە، فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرچووە، لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕێکارەکانی سەرجەمیان تەواو بووە و وەزیری پێشمەرگە ئیمزای لەسەر دۆسیەکانیان کردووە، ئەم مانگە ناویان لە لسیتی مووچە زیاد دەکرێت و مووچەیان بۆ دەبەسترێت.


ئەوەی دەمێنێتەوە دۆسیەی کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش و کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەیە، ژمارەیان نزیکەی 9 هەزار کەسە، ئەوان پێشتر مووچەیان بۆ بەسترابوو، بەڵام بەهۆی گواستنەوەی دۆسیەکانیان لە یەکەکانی 70 و 80 بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، مووچەیان ڕاگیرا و مووچەی مانگی 10 یان وەرنەگرت.


لیوا حاجی مەلا ئەمین دەڵێت: لەو 9 هەزار دۆسیەیە دۆسیەی نزیکەی 7 هەزاریان تەواو بووە، هی ئەوانیش لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ وەزارەتی دارایی کوردستان دەنێردرێت و مووچەیان بۆ دەبەسترێتەوە، مووچەی مانگی 10 وەکوو قەرەبوو وەردەگرنەوە.


ئەمەش بزانە: بەگشتی نزیکەی دوو هەزار دۆسیە ماونەتەوە، خەڵکەکە خۆیان نەچوون بەدەم دۆسیەکانیان، هەیە کۆچی دوایی کردووە وارسەکان نەچوون ڕێکارەکان تەواو بکەن، هەیە لە دەرەوەی وڵاتە، هەندێکیان کێشەی فایلیان هەیە.


لیوا حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان بەڵێنیدا، هەتا کۆتایی مانگی دوو تەقریبەن هەموو دۆسیەکان تەواو بکەن ئەوەی لەدەست ئەوان بێت

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ