ئاڤای خەڵک؛ 10 گوندی ناحیەی هیران دوو مانگە بێ کارەبان

شەیری بکە لە:
ئاڤای خەڵک؛ 10 گوندی ناحیەی هیران دوو مانگە بێ کارەبان

ئاڤا نیوز

دانیشتووانی زیاتر لە 10 گوندی ناحیەی هیران لە قەزای شەقڵاوە، دوای دوو مانگ لە "تاریکی" و بێکارەبایی، ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانی بێئاویش بوونەتەوە؛ ئەوان لە ڕێگەی ئاڤاوە داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن.

بەدواداچوونی ئاڤا: کێشەکە تەنیا کارەبا نییە؛ بەهۆی ئەوەی بیرەکانی ئاو بە تەزووی کارەبا کار دەکەن، نەمانی کارەبا لە ڕۆژدا پڕۆسەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پەکخستووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پلەکانی گەرما لەو ناوچە شاخاوییانە بۆ خوار سفری سیلیزی دابەزیون و پێویستیی خەڵک بە وزە لە لوتکەدایە.

چیرۆکی سەرەکی: دانیشتووانی گوندەکانی (گەرەوان، بەرەکە، مامە زەلکە، سپیندار، کەوەرتیان، ئاقوبانی گەورە و بچووک) و چەند گوندێکی دیکە، بە ڕۆژ بە تەواوی بێ کارەبان و بە شەو تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم کارەبایان پێدەدرێت.

لێدوانی فەرمی:
کۆردیۆ عومەر، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای شەقڵاوە بە ئاڤای ڕاگەیاند: "هەندێک هۆکار لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتن؛ کەمبوونەوەی غاز بووەتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 1000 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی گشتی، هەروەها سەرما وای کردووە خواست لەسەر کارەبا زۆر زیاد بکات."

لەلایەکی دیکەوە: ئۆمێد ئەحمەد، وتەبێژی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند: "دۆخی کارەبای شەقڵاوە پەیوەندی بە سەرما و خواستی زۆرەوە هەیە. داواکاریی خەڵکەکە بۆ گۆڕینی خشتەی کارەبا بە ئەمانەتەوە دەگەیێنمە سەرووی خۆم بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەر بدەین."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ