
دیمەنی دانیشتووانی گەرەکی شێخ مەقسوود ماڵەکانیان جێدەێڵن. وێنە؛ AP
ئاڤا نیوز
لە دوێنێوە شەڕی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی باکووری شاری حەلەب بەردەوامە.
چیرۆکی سەرەکی: لەو دوو گەڕەکە (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) 250 هەزار کەس دەژین و زۆربەیان کوردن، دەمێکە گرژی لە حەلەب هەیە، بەڵام چەند ڕۆژێکە گەمارۆیەکی زۆر تووند خراوەتە سەر هەردوو گەڕەکەکە، سوپای سووریا هەردوو گەڕەکەکەی وەک ناوچەی سەربازیی داخراو ناساند، دواتر لە کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاند.
پەرەسەندنەکان: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوار شەممە، بە چڕی دەستی بە بۆردوومانکردنی دوو گەڕەکەکە کرد، بەگوێرەی ئامارەکانی هەسەدە تا ئێستا نزیکەی 20 کەس کوژراون و 52 کەسیش بریندار بوون کە زۆربەی کوژراو و بریندارەکان مەدەنین، جگە لەوەی 10 هەزار کەس ئاوارە بوون بەرەو ناوچەکانی دیکەی پارێزگای حەلەب هەڵاتوون.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: هێزەکانی کورد دەستەوەستان نەبوون، وەڵامی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرعیان دایەوە و سوپای سووریا دەڵێت بەهۆی بۆردوومانەکانی هەسەدە چوار کەس کوژراون و 18 کەسیش بریندارن.
پەرەسەندنەکان: لەبارەی شەڕی زەمینی، هەسەدە دەڵێت سوپای سووریا، هێرشی زەمینی کردووە و تێکیان شکاندوون، بەڵام سوپای سووریا رایگەیاندبوو هێشتا هیچ هێرشێکی زەمینییان نەکردووە و تەنها بۆردومانیان کردووە.
کاردانەوەی شەڕەکە: بەهۆی شەڕەکە فڕۆکەخانەی حەلەب داخراوە و هەموو گەشتێک تا کاتژمێر 11:00ی سبەی هەینی ڕاگیراون، ئەگەری درێژکردنەوەیشی هەیە، جگە لەوەی بەریتانیا وەک یەکەم وڵات هاتەسەرخەت، داوای کرد بەخێرایی دۆخەکە هێور بکرێتەوە و هاووڵاتیانی مەدەنی بپارێزرێن.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێ لە نزیکەوە بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکەین، هاوکات ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداریی لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەو دوو گەڕەکە دەکات.
لێدوانی فەرمی: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت: لەناو شاری حەلەب هیچ بوونێکی سەربازییان نییە، بەڵکو چەکدارەکان هێزی ئاسایش پارێزی خەڵکی ناوچەکەن، هەروەها هۆشداریش دەدات لەوەی مەترسی هەیە ئەم شەڕە فراوان بێت و تەواوی سووریا بگرێتەوە، بەرپرسیارێتییەکەش دەخاتە ئەستۆی ئەحمەد شەرع.
گۆشەیەکی دیکەی شەڕەکە: سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع دەڵێن، سوورن لەسەر ئەوەی هەردوو گەڕەکەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانیش دەڵێت: شەڕی خۆیان دەکەن و بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە سوپای سووریا نادەن بچنە ناو گەڕەکەکان.
شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە:
یەکەم: ناسنامە و مێژوو:
دوو گەڕەکی بەیەکەوە لکاو و زۆرینە کوردنشینی شاری حەلەبن، لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە وەک ناوەندێکی کوردی گەشەیان کردووە و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لە ناو جەرگەی حەلەبدا پاراستووە.
دووەم: گرنگی ستراتیژی (بایەخی جوگرافی):
٠ بەرزترین خاڵ: شێخ مەقسوود بەرزترین ناوچەی حەلەبە؛ هەر هێزێک لێی بێت، دەتوانێت کۆنترۆڵی سەربازیی تەواوی شارەکە بکات.
٠ خاڵی بەیەکگەیشتن: ئەم دوو گەڕەکە دەروازەی سەرەکین کە شاری حەلەب بە ناوچەکانی عەفرین و شەهباوە دەبەستنەوە.
٠ ئەو دوو گەڕەکە ڕوویان لە ڕێگای کاستێلۆ کردووە کە خوێنبەرێکی سەرەکیی ئابووری لە شاری حەلەبە، ئەمەش وایکردووە ببنە خاڵێکی ستراتیژی لە ململانێ سەربازییەکان.
سێیەم: ژمارەی دانیشتووان و قەرەباڵغی:
دوای ساڵی 2011، ئەم ناوچانە بوونەتە پەناگەیەکی ئارام، بەهۆی کۆچی کوردانی ناوچەکانی دیکە و ئاوارەبوونی پێکهاتە جیاوازەکان، ژمارەی دانیشتووانیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد (سەدان هەزار کەس لێی نیشتەجێ بوون) بوونە یەکێک لە قەرەباڵغترین ناوچەکانی سووریا.
چوارەم: مۆدێلی حوکمڕانی (ئیدارەی خۆسەر):
سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوچەکانی تری ڕۆژاڤا دابڕاون، بەڵام لە ڕووی سیاسی و کارگێڕییەوە سەر بە "ئیدارەی خۆسەری"ن سەر بر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ن. لە ساڵی 2012ەوە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.
پێنچەم: گەمارۆ و تەحەددییە مرۆییەکان:
بۆ ماوەی چەندین ساڵە، ئەم گەڕەکانە لەژێر گەمارۆیەکی توندی ئابووریدان. سەرەتا لەلایەن حکومەتی سووریاوە و دواتر گروپە چەکدارییەکان و ئێستاش لەژێر گوشاری حوکمەتی سووریا، ئەمەش بووەتە هۆی کەمیی سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان.
شەشەم: دۆخی ئێستا و ڕێککەوتنی 10 ئازار:
دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی حەلەب، ڕێککەوتنێک لە نێوان هەسەدە و "ئیدارەی ئۆپەراسیۆنەکان" (بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع) واژۆ کراوە، ئامانجی ڕێککەوتنەکە پاراستنی ئارامیی گەڕەکەکانە، بەڵام جێبەجێ نەکردنی ڕیکەوتنەکە دووبارە ئەم دوو گەڕەکە کوردنشینەی کردووەتە شوێنی پێکدادانی هێزەکانی نێو سووریا.
حەوتەم: ئێستا چی ڕوودەدات:
ڕۆژی 7-1-2026 سوپای سووریا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر گەڕەکەکان کردووەتەوە، هاوکات هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دووپاتی دەکەنەوە کە ڕووبەڕووی هێرشێکی چڕ بە چەکی قورس بوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە: لە ڕاگەیێنراوێکدا هەسەدە دەڵێت، دۆسیەی ئەمنیی ئەو دوو گەڕەکە ڕادەستی ئاسایشی ناوخۆ کراوە و کشانەوەی هێزەکانیان لە حەلەب بە شێوەیەکی فەرمی و لەبەردەم میدیاکاندا پێشتر ئەنجامدراوە. ئەو دوو گەڕەکە زیاتر لە شەش مانگە گەمارۆدراون و هیچ مەترسییەکی سەربازییان بۆ سەر شارەکە نییە، بەڵکو تەنیا وەک پاساوێک بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی دژی مەدەنییەکان ئەو بانگەشانە دەکرێن.

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- بزنس
- 29 خولەک لەمەوپێش
سیستەمی پەیڕۆل کارا کرا و لیستی مووچەی مانگی یەک ئامادە دەکرێت
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
بۆ چاودێری دۆخی سنوور سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتە شنگال
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

نهێنییەکانی فرمێسک؛ بۆچی مرۆڤ دەگری؟
23 کاتژمێر لەمەوپێش

ئاڤا هۆکاری دواکەوتنی لیستی مووچە ئاشکرا دەکات؛ بەغدا داواکاری نوێی هەیە
19 کانوونی دووەم

ڕۆبۆتەکان فڕۆکەی ئێرباس دروست دەکەن
19 کانوونی دووەم

لقی یەکێک لە بەناوبانگترین براندەکانی بێرگەر لە هەولێر دەکرێتەوە
18 کانوونی دووەم

بۆ یەکەمجار لە جیهاندا بە شەو خلیسکێنەی سەر بەفر لە کوردستان ئەنجام دەدرێت
18 کانوونی دووەم
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
بۆ چاودێری دۆخی سنوور سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتە شنگال





