لە دهۆک ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ژمارەیەک نووسەر دەگیرێتەبەر

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

دیاردەیەک لەنێو نووسەرانی دهۆک پەیدا بووە؛ بەرهەمە چاپکراوەکەیان بۆ حکومەت ناگەڕێننەوە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو نووسەرانە بگیرێتە بەر.

 

وێنە گەورەکە: لە دهۆک ڕۆژ بە ڕۆژ نووسینی کتێب گەرموگوڕتر دەبێت، ئێستا نووسەرانی گەنج لە مەیدانەکەدا بە باشی دەبینرێن. لە ساڵی 2021ـەوە تا ئێستا 2770 ژمارەی سپاردن بۆ دروستبوونی بەرهەمی چاپکراو لەلایەن حکومەتەوە بە نووسەران دراوە، بەڵام بەشێکی هەرە زۆری نووسەران دانەیەک لە بەرهەمە چاپکراوەکانیان بۆ حکومەت نەگەڕاندووەتەوە، بۆیە کار لەسەر ئەوە دەکرێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو نووسەرانە بگیرێتە بەر.

 

لێدوانی فەرمی: سەردار هێتیتی، نووسەرە و خاوەنی شەش بەرهەمی چاپکراوە، یەکێک لە هۆکارەکان باس دەکات و دەڵێت: "خەمساردیی نووسەرانە، لە لایەکی تریشەوە نووسەران مافیان هەیە، چونکە کاتێک ژمارەی سپاردن وەردەگرن، هەتا بەرهەمەکەیان چاپ دەبێت، هەندێک جار بەهۆی دۆخی جیاوازەوە ساڵێک بەسەر وەرگرتنی ژمارەی سپاردنەکەدا تێدەپەڕێت و ئەم دۆخە دروست دەبێت."

 

لەپێناو ئاسانکاری بۆ نووسەران، بەشێک لە کتێبخانەکان خۆیان ژمارەی سپاردن بۆ نووسەر پەیدا دەکەن، یەکێک لە خاوەنی کتێبخانەکانیش هۆکارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی نووسەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان.

 

لەلایەکی دیکە: ئەواب ئەحمەد، خاوەنی کتێبخانەیەکی دهۆکە و دەڵێت: "ئەم کەمتەرخەمییە لە نووسەران و کتێبخانەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانەکانەوە دروست دەبێت و گرنگە هەمووان پێکەوە شان بدەنە بەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەرهەمانە بۆ لایەنی حکومی."

 

مەسعود خالید، بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی دهۆک بە ئاڤای گوت: "ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی بەرامبەر ئەو نووسەرانە دەگرینە بەر، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە دەبێت نووسەر بچێتە هەولێر تا بتوانێت ژمارەی سپاردن بۆ خۆی وەربگرێت."

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ