ئەمریکا هەڕەشەیەکی تووند لە عێراق دەکات؛ پەیوەستە بە گرووپە چەکدارەکان

شەیری بکە لە:
ئەمریکا هەڕەشەیەکی تووند لە عێراق دەکات؛ پەیوەستە بە گرووپە چەکدارەکان

دیمەنی ئەندامێکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق

ئاڤا نیوز

ئەمریکا هەڕەشەیەکی تووند و جددی ئاراستەی عێراق دەکات و دەڵێت، ئەگەر لایەنە شیعییەکانی وەک عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا پۆستی سیادی لە پەرلەمان و حکومەت وەربگرن، واشنتن ناردنی دۆلاری پارەی نەوت لە ئەمریکاوە بۆ بەغدا ڕادەگرێت، ئەمەش مەترسی داڕمانی تەواوەتی دەوڵەتی عێراقی لێ دەکەوێتەوە.

چی ڕوودەدات: بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا میدیا و قسەی چوار سەرچاوەی ئاگادار، ئەمریکا بە بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە، نابێت عەدنان فێحان، کە لە فراکسیۆنی عەسائیبی ئەهلی حەقە، لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەماندا بمێنێتەوە، چونکە دەستی بە خوێنی ئەمریکییەکان سوورە. ئەمریکا ئاگاداری ئەو لایەنانەشی کردووەتەوە کە دەنگیان بە فێحان داوە (لەوانە یەکێتی، لە کاتێکدا پارتی دەنگی پێنەداوە).

لێدوانی فەرمی: جۆشوا هاریس، ڕێکخەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت: "حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق 58 پەرلەمانتاریان هەیە، بچنە هەر پۆستێک قبوڵی ناکەین، ئەمانە ئەمریکییان کوشتووە. ئەگەر بەگوێمان نەکەن، یەک دۆلاری پارەی نەوتی عێراقتان بۆ نانێرین."

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب، بە ئەمریکییەکانی وتووە ئامادەیە فێحان لە پۆستەکەی لابدات بەو مەرجەی پۆستی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و شارەوانییان پێبدرێت، بەڵام ئەمریکا ئەوەشی ڕەتکردووەتەوە.

بڕیارە ڕۆژی 28ـی ئەم مانگە لە دانیشتنی پەرلەماندا بۆ سەرۆککۆمار، عەدنان فێحان دەست لەکار بکێشێتەوە و ببێتەوە بە پەرلەمانتارێکی ئاسایی. واتە لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان نەمێنێ و کەسێکی تر لە چوارچێوەی هەماهەنگی بخەنە جێگەی، بەڵام هێشتا ئەوەیان دیار نییە کێ دەچێتە جێگەی.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: داهاتی عێراق 97%ـی پشت بە نەوت دەبەستێت و پارەکەی لە هەژمارێکی بانکی لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە نیویۆرک کۆدەبێتەوە، کە مانگانە نزیکەی شەش ملیار دۆلارە و دواتر بە کاش بە فڕۆکە دەنێردرێت بۆ بەغدا.

لە ساڵی 2015ـشدا لەسەردەمی حەیدەر عەبادی، ئەمریکا بۆ سێ ڕۆژ ناردنی پارەی ڕاگرت، چونکە دۆلارەکان بۆ مووچەی مووسڵ دەنێردرا و دەگەیشتە دەستی داعش.

بەوتەی سەرچاوەکەی ئاڤا، دەوڵەتی عێراق بەرەو نەمان دەچێت و ژیان دەوەستێ. هێشتا ڕاینەگرتووە و تەنیا هەڕەشەیە، دۆلار بەرز بووەتەوە بۆ 149 هەزار. ئەگەر ئێستا ناردنی دۆلار ڕابگیرێت، نرخی 100 دۆلار دەگاتە نزیکەی 400 هەزار دینار .

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ