زاڵمای خەلیلزاد: نووری مالیكی و فوئاد حوسێن پێكەوە دەتوانن تیمێكی ناوازە بۆ عێراق پێكبهێنن

شەیری بکە لە:
زاڵمای خەلیلزاد: نووری مالیكی و فوئاد حوسێن پێكەوە دەتوانن تیمێكی ناوازە بۆ عێراق پێكبهێنن

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا

ئاڤا نیوز

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، کاندیدکردنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە "هەڵبژاردەیەکی نایاب" ناو دەبات و بڕوای وایە كە نووری مالیكی و فوئاد حوسێن پێكەوە دەتوانن تیمێكی ناوازە بۆ عێراق پێكبهێنن.

بڵاوکراوەی فەرمی: زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، لە ئەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' پەیامێكی پیرۆزبایی بۆ نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ناردووە، بەبۆنەی كاندیدكردنی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، هاوكات فوئاد حوسێن، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بە گونجاوترین كەس دەزانێت بۆ ئەو پۆستە.

خەلیلزاد لە پەیامەكەیدا دەڵێت، "هەنگاوی داهاتوو؛ دیاریکردنی سەرۆککۆماری عێراقە و فوئاد حوسێن، گونجاوترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەو پێیەی خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقیش رێزی لێدەگیرێت."

زانیاریی زیاتر: باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لە عێراق بڕوای وایە، نووری مالیکی و فوئاد حوسێن پێکەوە دەتوانن تیمێکی ناوازە بۆ عێراق پێکبهێنن و لەمبارەیەوە دەنووسێت: "خۆزگە مافی دەنگدانم هەبووایە."

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 27ـی ئەم مانگە، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەڕێوەبچێت، هەریەك لە پارتی و یەكێتی وەك دوو گەورەترین فراكسیۆنە كوردستانییەكان، لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكنەكەوتوون و هەریەكەو كاندیدی جیایان هەیە، لیستی كۆتایی كاندیدانیش بۆ ئەو پۆستە، لە 18 كەس پێكهاتووە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ