پێنتاگۆن و کۆشکی سپی تاوتوێی بژاردەکانی هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن

شەیری بکە لە:
پێنتاگۆن و کۆشکی سپی تاوتوێی بژاردەکانی هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن

دیمەنی سوپای ئێران لەناو جەرگەی تارانی پایتەخت

ئاڤا نیوز


ئەمریکا هێزێکی زۆری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و نیازی ئەوەی هەیە کەشتی جەنگی زیاتر لە کەنارئاوەکانی ئێران نزیک بکاتەوە، لەم ساتەشدا پێنتاگۆن و کۆشکی سپی تاوتوێی ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن و دەیانەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەبن. 


چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژنامەی 'واڵ ستریت جۆرناڵ' ئاماژە بەوە دەدات کە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا دەتوانێت بە هێرشی ئاسمانی ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، بەڵام پێنتاگۆن ئەوە بە خاڵی یەکلاکەرەوە نابینێت و پێیوایە دەبێت لە ڕووی زەمینی سوپای ئەمریکا ئامادەبێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمریکا بڕیاری هێرشکردن بدات.


لێدوانی فەرمی: وەزیری بەرگری ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، دەڵێت:  "سەرەڕای ئەوەی ئێران لە دۆخێکی دارایی سەختدایە، بەڵام خاوەنی کۆمەڵێک مووشەکی بەهێزە و دەتوانێت زیانێکی زۆر بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەیەنێت."


مارکۆ ڕوبیۆ وتیشی: "وڵاتەکەی 30 بۆ 40 هەزار سەربازی لە 9 بنکەی سەربازیی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.


لێدوانی لایەنی بەرامبەر:
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران، دەڵێت: "هەر هێرشێکی ئەمریکا لە هەر ئاستێکدا بێت، بە دەسپێکی جەنگێکی گشتگیر دادەنرێت و وەڵامی ئێران خێرا و بێوێنە دەبێت."


شەمخانی دەشڵێت: "تەنیا هێرشکارەکە ناکەینە ئامانج، بەڵکو چەقی شاری تەلئەڤیڤ و هەموو ئەو لایەنانەش کە هاوکاریی دەستدرێژیکار دەکەن، دەبنە ئامانجی موشەکەکانمان."


زانیاریی زیاتر: بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، کۆشکی سپی و پێنتاگۆن تاوتوێی سەرجەم سینیاریۆکان دەکەن، زانیارییەکان دەخەنە پێش سەرۆکی ئەمریکا بۆ بڕیاردان، لە بارەی هێرشکردنە سەر ئێران.


ئەمەش بزانە:
دۆناڵد ترەمپ. چەندین جار بە ئێرانی ڕاگەیاندووە، بە مەرجەکانی ڕازی بێت و دەست لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و پیتاندنی ئەتۆم هەڵبگرێت، بەڵام ئێران بە مەرجەکان ئەمریکا ڕازی نییە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: