ئاڤا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


دوای ئەوەی کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری سووریا بەڕێوەچوو، ئاڤا زانیوویەتی هەردوولا تەنیا لەسەر هێڵە گشتییەکان قسەیان کردووە و نەچوونەتە ناو وردەکارییەکان.


چیرۆکی سەرەکی:
تەلەڤزیۆنی سووریا و کەناڵە عەرەبییەکان چەند خاڵێکیان لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە، کە باس لە ئایندەی هەسەدە، دەروازە سنوورییەکان، کێڵگەکانی نەوت، ئیدارەدانی حەسەکە و قامشلۆ دەکات، ئەمڕۆش کەناڵە عەرەبییەکان چەند خاڵێکی دیکەیان بڵاوکردەوە.


زانیاریی تایبەت: 
ئاڤا، لە سەرچاوەیەکی تایبەت و نزیک لە مەزڵووم عەبدی، زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەستکەوتووە، مەزڵووم عەبدی بەسەرۆکایەتی شاندێک چووەتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا؛ گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بە چاودێری ئەمریکا و فەرەنسا دەستی پێکردووە.


بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا، تەنیا پێنج بۆ شەش کەس ئەندامی شاندەکەی هەسەدە بوونە، شاندەکە بە سەرپەرشتی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر چوونەتە دیمەشق و گرنگترین خاڵەکانی نێو کۆبوونەوەکە ئەمانە بووە:


٠ هەردوولا نیەتیان هەیە شەڕ بووەستێت و بگەن بە ڕێککەوتنێکی جددی، کەشی کۆبوونەوەکەش زۆر ئەرێنی بووە.

٠ نەرمی نواندن لەلایەن هەردوولا هەیە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی نوێیان ئیمزا نەکردووە.

٠ هەردوولا تەنیا لەسەر هێڵە گشتییەکان قسەیان کردووە و نەچوونەتە ناو وردەکارییەکان.

٠ لەسەر هێڵە گشتییەکان، لیکتێگەیشتنێکی باشی ئەرێنی هەیە، ئەو خاڵانەی بڵاوکرانەتەوە هێڵە گشتییەکانن نەوەک ڕێککەوتن.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە هێزەکانی هەسەدە بە ئاڤای وت: "بەیاننامەکەی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کاریگەریی دروست کردووە، بە ئەگەری زۆرەوە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا ڕێککەوتن لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە: تا ئێستا میدیا فەرمییەکانی حکومەتی سووریا و میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەسەدە، هیچیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی هەردوولا ئاشکرا نەکردووە. 


ئەوەی پێشبینی دەکرێت: ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع، گەیشتە ڕووسیا، بڕیارە دوای گەڕانەوەی لە مۆسکۆ جارێکی دیکە، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبوونەوەیەکی تر بکەن، پێش تەواوبوونی ئاگربەست کە لە 8-2ـی ئەم مانگە تەواو دەبێت. پێشبینیش دەکرێت ئەمجارە هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن و وردەکاریی ڕێککەوتنە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوبکەنەوە. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: