پەتا و نەخۆشیی پێست لە زیندانی گەرمیان بڵاوبووەتەوە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


پەتا و هەستیاری (حەساسیەت)ـی قورس لە بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بڵاوبووەتەوە و زیندانییەکان دۆخی تەندروستییان بە خراپ وەسف دەکەن. پۆلیسی گەرمیان لەوبارەیەوە دەڵێت: داوای پزیشکی پسپۆڕی پێستیان کردووە و لیژنەیان بۆ بابەتەکە پێکهێناوە.


بەدواداچوونی ئاڤا: بەپێی زانیارییەکانی هونەر فارس، پەیامنێری ئاڤا میدیا کە لە زیندانییەکانەوە دەستی کەوتووە، لە هەر هۆڵێکی زیندانەکەدا 70 بۆ 80 کەس دەمێننەوە. بەهۆی ئەو قەرەباڵغییە زۆرەوە، نەخۆشییەکان بە خێرایی تەشەنەیان کردووە.

-زیندانییەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە بۆ نۆ هۆڵ (بە بەشی ژنان و پیاوانەوە)، هەر هۆڵێک تەنیا دوو تەوالێت و حەمامی تێدایە، ئەمەش وای کردووە بۆ خۆشتن و تەوالێت نۆرەیەکی زۆر بگرن.


لێدوانی فەرمی: ڕائید سەربەرز عومەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان پشتڕاستی کردەوە کە ئاگاداری دۆخەکەن و بە ئاڤای ڕایگەیاند: "لیژنەیەکمان پێکهێناوە و دوای وەرگرتنی وەڵام، دادگا و ئیدارەی گەرمیان ئاگادار دەکەینەوە."

- ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، وێڕای سەردانی پزیشک بۆ نەخۆشییە گشتییەکان، بەڵام بە تایبەت داوایان لە تەندروستیی گەرمیان کردووە پزیشکێکی پسپۆڕی پێست بنێرن بۆ چارەسەری ئەو "خورانە"ی تووشی زیندانییەکان بووە.


هۆکارە زانراوەکان: سەرچاوەی سەرەکیی قەرەباڵغیی ناو زیندانەکە و خراپبوونی دۆخەکە بۆ خاویی ڕاییکردنی مامەڵەکان دەگەڕێتەوە. بەشێک لە زیندانییەکان وێڕای ئەوەی کاتی ئەوەیان هاتووە بە کەفالەت ئازاد بکرێن، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی ڕێکارەکانەوە کاتێکی زیاتر لە زیندان دەمێننەوە و ژمارەکە لەسەر یەک کەڵەکە دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ