ترەمپ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی ڕێکەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەرز دەنرخێنێت

شەیری بکە لە:
ترەمپ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی ڕێکەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەرز دەنرخێنێت

تۆم باراک و سەرۆک بارزانی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، بەناوی دۆناڵد ترەمپەوە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەرز دەنرخێنێت، هاوکات داوا لە سەرۆک بارزانی دەکات کە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقیشدا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت.

چیرۆکی سەرەکی: لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان دیمەشق و هەسەدە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد.

چی ڕوویدا: 
ئەمڕۆ هەینی، ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ڕاگەیێنرا، بەپێی ڕێککەوتنەکە، سوپای سووریا لە ناوچەکانی حەسەکە و کۆبانی دەکشێتەوە، لە بەرامبەریشدا یەکەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا،  تۆم باراک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ئەمریکاوە سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا خستویانەتەڕوو. هەروەها رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرز نرخاند.

لەبەرامبەردا، سەرۆک بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە ڕۆڵیان هەبووە لەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026 دەربڕی، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی. هاوکات سەرۆک بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ تۆم باراک هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاشتی لە ناوچەکە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی هەیەتی.

لەلایەکی دیکەوە: پەیوەست بە بارودۆخی عێراق، تۆم باراک داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت. هاوکات سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستوور و پابەندبوونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنووسی عێراق بدەن و سەروەری عێراق بپارێزن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ