بازرگانی عێراق: باج لەسەر خۆراک و دەرمان زیاد ناکرێن و نرخەکان لە ڕەمەزاندا دادەبەزن

شەیری بکە لە:
بازرگانی عێراق: باج لەسەر خۆراک و دەرمان زیاد ناکرێن و نرخەکان لە ڕەمەزاندا دادەبەزن

دووکانێکی کەلوپەلی خۆراک لە بەغدا. وێنە؛ میدیا عێراقییەکان

ئاڤا نیوز

وەزارەتی بازرگانیی عێراق زنجیرەیەک ڕێکاری نوێی بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و جێگیرکردنی نرخەکان ڕاگەیاند، هاوکات هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر کاڵا بنەڕەتییەکان دەکەن ڕەتکردەوە.

لێدوانی فەرمی: ئەسیر غرەیری، وەزیری بازرگانیی عێراق، ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی پلانێکی گشتگیری بۆ دابەزاندنی نرخی خۆراک لە مانگی ڕەمەزان داڕشتووە، هاوکات بە تووندی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە زیادکردنی ڕسوماتی گومرگی لەسەر هەموو جۆرە خۆراک، پێداویستیی پزیشکی و دەرمان ڕەتکردەوە.

بۆ ڕێکخستنی بازرگانی دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە بێسەروبەریی، عێراق لە ڕێگەی کاراکردنی سیستەمی گومرگیی پێشکەوتووی (ASYCUDA) کاری بازرگانی ڕێکدەخات، ئەمەش بەپێێ قسەکانی وەزیری بازرگانی عێراق کۆتایی بە پسوولەی وەهمی دەهێنێت، ڕێگری لە قاچاخچێتی و بردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات دەکات و یاریپێکردن بە نرخی دراو بنبڕ دەکات.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سیستەمی ئەسیکۆدا، سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی گومرگیی نێودەوڵەتییە کە لەلایەن کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) پەرەی پێدراوە.

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا ئەمانەن :

٠ گۆڕینی هەموو مامەڵە کاغەزییەکان بۆ ئەلیکترۆنی، کە ئەمەش پرۆسەی گومرگ خێرا دەکات.

٠ یارمەتی حکومەت دەدات ئاماری وردی هاوردە و هەناردەی هەبێت و ڕێگری دەکات لە یاریکردن بە ڕسومات.

٠ دەستێوەردانی مرۆیی لە دیاریکردنی نرخەکان کەم دەکاتەوە، بەوەش ڕێگری لە بەرتیل و تەزویر دەگرێت.

٠ پەیوەندی لەنێوان دەروازە سنوورییەکان، بانکی ناوەندی و وەزارەتی بازرگانی دروست دەکات بۆ چاودێریکردنی جووڵەی پارە و کاڵاکان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: