لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی بەڕێوە دەچێت

شەیری بکە لە:
لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی بەڕێوە دەچێت

بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لووتکەی جیهانی حکومەتەکان

ئاڤا نیوز


بە بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و دەیان سەرۆکی وڵات و حکومەتەکانی جیهان و ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی حکوومەتەکانی جیهان، لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی بەڕێوە دەچێت.


چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ سێشەممە، 03-02-2026، لە ژێر دروشمی "دیدگای حکوومەتەکانی داهاتوو"، لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی دەستی پێ کرد و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت؛ تێیدا زیاتر لە 60 سەرۆک دەوڵەت و حکوومەت، نوێنەرانی 150 حکوومەت، زیاتر لە 500 وەزیری وڵاتە بەشداربووەکان و ژمارەیەک لە گەورە بیرمەند و شارەزایانی جیهانی بەشدار دەبن؛ کۆی گشتیی بەشداربووان دەگاتە نزیکەی شەش هەزار و 250 کەسایەتی.

زانیاریی زیاتر: تەوەرە بنەڕەتییەکانی کارنامەی ئەمساڵی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان پێکدێن لە: حکوومڕانیی جیهانی، خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی ئابووری و داهاتووی شارەکان. لە ماوەی سێ ڕۆژی لووتکەکەدا، زیاتر لە 450 دانیشتنی گفتوگۆ و 25 پانێل بەڕێوە دەچن.

زانیاریی پەیامنێر: کوردستان حەسەن، پەیامنێری دیپلۆماسیی ئاڤا لە دوبەی گوتی: "ئەم لووتکەیە پلاتفۆرمێکی جیهانییە و دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ دیدار و کۆبوونەوە و گفتوگۆی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان. بانگهێشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە و دوای ئەوە دێت کە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی فەرمی بەشداریی لە لووتکەکەدا کرد و وتارێکی دەربارەی ئالنگارییەکان، دەرفەتەکان و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد."

٠ کوردستان حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەمساڵ ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان دەبێت.

٠ پەیامنێری دیپلۆماسیی ئاڤا ئەوەشی وت، لە لووتکەی ئەمساڵدا جگە لە تەوەرە سەرەکییەکان، چەندین بابەت دەربارەی داهاتووی حکوومەتەکان، چۆنیەتیی هەماهەنگییان، دیدگایان بۆ چارەسەری کێشەکان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەندروستی، ژینگە، ئابووری، ژیریی دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: چەندین سەرکردەی جیهانی لەم خولەی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکاندا بەشدارن؛ لەوانە سەرۆکەکانی سویسرا، ئیستۆنیا، ئەسیوپیا، کۆسۆفۆ، ئیکوادۆر، پاراگوای و سڕبیا، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی کوێت، میسر، لوبنان، ئیسپانیا و جۆرجیا. هاوکات چەندین لایەنی سیاسیی ناوداری جیهانی، زیاتر لە 700 بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک مایکرۆسۆفت، گووگڵ، ئایرباس و 87 زانای هەڵگری خەڵاتی "نۆبڵ" لە لووتکەکەدا ئامادەن.

لەلایەکی دیکەوە: لە پەراوێزی چالاکییەکاندا چوار خەڵاتی جیهانی دەبەخشرێن کە گرنگترینیان خەڵاتی باشترین وەزیرە لە جیهاندا. هاوکات بە مەبەستی داڕشتنی سیاسەتە حکوومییەکان بۆ داهاتوو، 36 ڕاپۆرتی ستراتیژی بە هاوکاریی ناوەندە توێژینەوە جیهانییەکان بڵاو دەکرێنەوە.

٠ ئامانجی ئەم لووتکەیە کە لە ساڵی 2013ـەوە دەستی پێ کردووە و هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە، بەهێزترکردنی پێگەی ئیماراتە وەک سەکۆیەکی نێودەوڵەتی بۆ هەماهەنگیی نێوان حکومەتەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاستەنگە جیهانییەکان، بە تایبەت لە بوارەکانی نەهێشتنی بیرۆکراسی و پەرەپێدانی گۆڕانی دیجیتاڵیدا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: