مەسرور بارزانی: کوردستان بەشێکە لە چارەسەر

شەیری بکە لە:
مەسرور بارزانی: کوردستان بەشێکە لە چارەسەر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی لووتکەی حکومەتەکان لە دوبەی

ئاڤا نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەرەکیی چارەسەرە و سەقامگیرییە لە ناوچەکە و چاکسازییە ئابوورییەکانی حکومەت ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە.

چیرۆکی سەرەکی: لووتکەی حکومەتەکان ئەمڕۆ سێشەممە 03-02-2026 کاتژمێر 07:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە پەراوێزی ئەم ڕووداوە جیهانییەدا، مەسرور بارزانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی بەشدار دەبێت بۆ تاوتوێکردنی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.

لێدوانی فەرمی:
 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەمیشە باسمان لەوە کردووە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر، چ سیاسیی بێت یان دابینکردنی ئاسایش و پەرەپێدانی ئابووریی؛ ئێمە ماوەیەکی زۆرە دەستمان بە ڕیفۆرمی ئابووریی کردووە کە کاریگەریی هەبووە لەسەر پێشخستنی هەرێم و بۆ ئەمە دەکرێت ڕێنمایی لە وڵاتانی دراوسێ وەربگرین.

٠ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری نێردراوی ئاڤا لە دوبەی دەڵێت: بەشداری ئێمە لەم جۆرە کۆڕبەندە، بۆ ئەوەیە بیروبۆچوونەکانی هەرێمی کوردستان لەو کاتە هەستیارەی کە لە ناوچەکە هەیە لەگەڵ لایەنەکان تر گفتوگۆ بکەین و هاوکات ئەوان لە ڕوانگەی ئێمە تێبگەن و ئێمەش تێبگەین ڕوانینی ئەوان بۆ ئەو بابەتە هەستیارانە هەیە کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت چییە.

٠ هاوکات سەرۆکوەزیرانی کوردستان وتیشی، هەموو ئەو لوتکانەی دەتوانن دەنگی گەلی خۆمان بگەیەنین بە جیهان بۆ ئێمە گرنگن، هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆمان هەیە، ڕەنگە نەتوانین لە هەموو سەکۆیەک بەشداربین، بەڵام لەو سەکۆیانەی دەمانەوێت دەنگی خەڵکی کوردستان بگەیەنین بەردەوام دەبین.

باکگراوند: لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان (WGS) ساڵانە لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 60 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی تێدا بەشدارن. مەسرور بارزانی بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک وەک کارەکتەرێکی کاریگەر بانگهێشت کراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بگەیەنێتە ئاستێکی ستراتیژیی بەرز.






شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ