بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان: کار بە سیستمی ئەسیکۆدا ناکەین

شەیری بکە لە:
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان: کار بە سیستمی ئەسیکۆدا ناکەین

دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل

ئاڤا نیوز


بەهۆی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی سەپاندنی پێناسی گومرگی ناڕەزایەتی بازرگانانی لێکەوتووەتەوە و کاریگەریی کردووەتەر سەر بازار، نرخی بەرهەم و پێداویستییەکان بەرزبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە. 


چیرۆکی سەرەکی:
بڕیاری ژمارە 957ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بۆ ساڵی 2025 سەبارەت بە سەپاندنی پێناسی گومرگی، ناڕەزاییەتی بازرگانانی لێکەوتووەتەوە، لە عێڕاق کاریگەریی کردووەتە سەر شڵەژانی بازاڕ، هەفتەی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو بڕیارە کۆدەبێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمیش دەڵێت، بڕیارەکە لە کوردستان جێبەجێنەکراوە.


لێدوانی فەرمی: نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان،  بە ئاڤای ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە و کار بە سیستمی ئەسیکۆدا ناکرێت چونکە هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستەمی گومرگی خۆیەتی و ڕیژەی باجەکانیشی جیاوازە."


نەوزاد شێخ کامیل، وتیشی: "ئێمە داوامان کردووە سیستمەکان تێکەڵ بکرێن و بەیەکەوە ببەسترێنەوە چونکە لە سیستەمی ئەسیکۆدا ناتوانرێت لە  مەرزی حاجی ئۆمەران و باشماخ کاری پێ بکرێت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئێران هاوسنورن و ئێرانیش  سزای ئابووریی لەسەرە."


٠ تا ئێستا کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەرنەکەوتووە بەڵام لە داهاتوودا کاریگەرییە خراپەکانی دەردەکەوێت و بەهۆیەوە هاوردەکردن کەم دەبێتەوە بەمەش پێداویستییەکان لە بازاڕ کەم دەبنەوە و نرخ بەرزدەبێتەوە.


٠ بەهۆی بڕیارەکەوە لە عێڕاق ناڕەزایەتیی بازرگانەکانی لێکەوتووەتەوە و کارناکەن، ئەوانەشی کاردەکەن بارهەڵگرەکانیان لە بەندەری ئوم قەسڕ لە چاوەڕوانی نۆرەگرتندان.


زانیاریی زیاتر: کەمترین ڕێژەی باجی گومرگی 5٪ و بەرزترین رێژەی 30٪ دەبێت. بەگوێرەی هەمان بڕیار ئاماژە بە کۆکردنەوەی باج لە دەروازە سنوورییەکان لە ڕێگەی سیستەمی ئەسیکۆدا کراوە، سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکی جیهانییە، بەوردەکارییەوە کار لەسەر دیاریکردنی باج، ڕسومات و ڕێژەی هاوردە و هەناردەکردن لە مەرزەکاندا دەکات.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: 
بڕیارە یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، دادگای باڵای عێراق، لەسەر ئەو بڕیارە کۆببێتەوە و یاسایی بوون و یاسایی نەبوونی یەکلایی بکاتەوە.  بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن: "ئەو بڕیارە نادەستوورییە و زیادکردنی هەر باجێک پێویستە لە ڕێگەی یاسایەکەوە بێت و پەرلەمان پەسەندی کردبێت."


ئەمەش بزانە:
عێراق ماوەی ساڵێکە بەو سیستەمە کاردەکات و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانیشی ناچارکردووە لەو سیستمە تۆماربکرێن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: