وردەکاریی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا؛ چی ڕوویدا؟

شەیری بکە لە:
وردەکاریی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا؛ چی ڕوویدا؟

وێنەی شاندی ئێران لە کاتی گەیشتنیان بۆ مەسقەتی پایتەخی عومان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی ئەمریکی. وێنە؛ AFP

ئاڤا نیوز


گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەتی عومان بەڕێوەچوو، بەگوێرەی زانیارییەکان هەردوولا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: سازش لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانمان ناکەین. ئەمریکاش لە کاتی دانوستاندنەکاندا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند.


چیرۆکی سەرەکی:
شاندی ئەمریکی پێکهاتبوون لە ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جارید کۆشنەر زاواکەی ترەمپ، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندنی هێزەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەریشدا، عەباس عێراقچی نوێنەرایەتی شاندی ئێرانییەکانی دەکرد. سەرەتا دانوستاندنەکان ناڕاستەوخۆ بوون و وەزیری دەرەوەی عومان پردی پەیوەندی نێوان هەردوو شاندەکە بوو. دوو سەرچاوەی ئاگاداریش بە ئاژانسی ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە: "شاندە عومانییەکە، بە ئەمریکییەکانیان وتووە، ئێران پێشنیازی تازەی هەیە لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم."، بەڵام بەهۆی هەستیاری دۆخەکە و هەڕەشەی سەربازیی لە یەکتر، شاندەکان بەناچاری و ڕاستەوخۆ لەسەر یەک مێز گفتوگۆیان کردووە. ئەمەش شکاندنی پرۆتۆکۆڵە و دەبێتە یەکەم دیداری ڕاستەوخۆی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر ئەم ئاستە باڵایە، بەتایبەتی دوای شەڕی ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوولا.


چی لەبارەیەوە دەگوترێت:
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم دیدارە راستەوخۆیە وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، ئێران و ئەمریکا دەیانەوێت ڕێکبکەون نەوەکو شەڕ بکەن. هاوکات دوای دانوستاندنەکان، بەرپرسە ئێرانییەکان و میدیای ئێرانی دەڵێن: "دانوستاندنەکان ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە بوون، ئامانجیان ئەوە بووە بزانن نیەتی ڕاستەقینەی ئەمریکا چییە."


ئەوەی ئەوەی ئێستا ڕوودەدت: سەرچاوەکانی هەواڵ لەبارەی دانوستانەکان دەڵێن: "هەردوولا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێران پێشنیازێکی کردووە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە ئەو چەکی ئەتۆمی ناوێت، بەڵام دەبێت سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەمووی لەسەر هەڵگیرێن."


لێدوانی فەرمی:
دوای ئەوەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە عومانەوە ڕۆیشت بۆ قەتەر، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە قەتەرییەکان دەڵێت: "جارێ دیار نییە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان چ رۆژێکە، بەڵام ئێمە و ئەمریکییەکان پێمان وایە دەبێت زوو دانیشینەوە. عێراقچی، دەشڵێت: "دانوستاندنەکان ناڕاستەوخۆ بوون، تەنیا لە کۆتا خولەک تەوقەمان کردووە، باسی بەرنامەی ئەتۆمی و یۆرانیۆممان کردووە، لەبارەی مووشەکەکانیش هیچمان نەوتووە، نابێت ئێمە دانوستاندن بکەین و لەهەمان کاتیشدا هەڕەشەمان لێ بکەن و بڵێن لێتان ئەدەین."


٠ لەبارەی یۆرانیۆم، پێمان وتوون، یۆنرانیۆمە پیتێندراوەکەمان نابەینە دەرەوەی ئێران و نایگوازینەوە بۆ وڵاتێکی تر.


٠ پێویستمان بە پیتاندنی یۆرانیۆمە تەنیا بۆ بابەتی ئاشتی و سازش لەسەر بەرنامە مووشەکیەکان ناکەین.


٠ ئێمە ناتوانین مووشەک بنێین بە ئەمریکا، بەڵام دەتوانین هێرش بکەینە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێیانی ئێران و ناوچەکە.


٠ هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێ، مانای ئەوە نییە هێرش دەکەینە سەر ئەو وڵاتانە، ئەمە دوو شتی جیاوازە و ئەبێ خەڵکی جیایان بکاتەوە.


لەلایەکی دیکەوە:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتی: "دانوستاندنەکانمان لەگەڵ ئێران زۆر باش بوون، پێدەچێت ئێران بیەوێت زۆر بە جددی ڕێکبکەوین، سەرەتای هەفتەی داهاتووش جارێکی تر لەگەڵ ئێرانییەکان کۆدەبینەوە، بەڵام ئەگەر نەگەین بە رێککەوتن، شتی خراپ ڕوودەدات."


میدیاکان چی دەڵێن: 
میدیا ئێرانییەکان هەوڵدەدەن ناوخۆی ئێران دڵنیا بکەنەوە، کە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆشنەرو ویتکۆف، جۆرێکە لە دیپلۆماسیەتی بەهێز لەپێناو دوورکەوتنەوە لە مەترسی شەڕ، نەوەک تەسلیم بوون بە گوشارەکانی ئەمریکا.


- رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ئەمریکی، دەڵێت: "شاندی ئێرانی، نەرمییەکی زۆری نواندووە لە کەیسی چاودێری نێودەوڵەتی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، بەوەی دەتوانن، کامێراکانی ویستگە ئەتۆمییەکان داگیرسێننەوە و چرکە بە چرکە ئاگایان لە وێستگە ئەتۆمییەکانی تاران بێت، بەڵام دەبێت ئەمریکا سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵگرێت." ئەمەش وەکو نیاز پاکییەک پێش ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە هەفتەی داهاتوو دەستپێبکەنەوە.


- رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی: "پێناچێت ئێران جگە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، سازش لەسەر هیچ شتێکی تر بکات، چوونکە پێی وایە لاواز دەبێت، بەڵام لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم نەرمی دەنوێنێت، پێدەچێت تاران ئامادە بێت لە چەند ساڵی داهاتوودا پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت، هێشتاش نازانرێت ترەمپ بەمە ڕازی دەبێت یان نا."


زانیاریی زیاتر:
لەکاتێکدا، شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە کۆبوونەوەدا بوون، لە دەرەوەی کۆبوونەوەکەدا، هێزی ئێرانی و ئەمریکی لە نزیک یەکتری نمایشی سەربازییان دەکرد. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ڤیدیۆی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکەی 'یو ئێس ئێس'ـی ئەبراهام لینکۆنی لە نزیک ئاوەکانی ئێران بڵاوکردەوە کە یەکێکە لە فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا و ناسراوە بە فڕۆکەی 'شەبەحی ئێف 35' بەگوێرەی زانیارییەکان نرخی ئەو فڕۆکەیە 100ملیۆن دۆلارە.


لە بەرامبەردا ئێرانیش، نمایشی بە مووشەکێک کرد بەناوی 'خوڕەم شەهر چوارە'، ئەم مووشەکە تازەیە، 2 هەزار کیلۆمەتر دەڕوات و کڵاوەکەی سەریشی 1500 کیلۆە تەقەمەنی هەڵدەگرێت و دەتوانێت لە ئاسماندا ئاڕاستەکەی بگۆڕێت.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە گەرمەی دانوستانەکاندا، ئەمریکا کۆمەڵێک سزای سەپاند بەسەر بازرگانیی نەوتی ئێراندا، تۆمی پێگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پابەندە بە کەمکردنەوەی هەناردەی نایاسایی نەوت و پترۆکیمیایی ڕژێمی ئێران." دەشڵێت: "سزا نوێیەکان 15 قەوارە و دوو کەسایەتی، لەگەڵ 14 کەشتیی پەیوەندیدار بە بازرگانیی نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج، کە ژمارەیەک لەو کەشتیانە ئاڵای وڵاتانی تورکیا، هیندستان و ئیماراتیان بەسەرەوە بووە." هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە هێشتا دیار نیە کەی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان بەڕێوەدەچێت هەردوولا لەسەر چی ڕێکدەکەون. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ