زانیاریی نوێ ئاشکرابوو؛ ئەسەد لەکاتی ڕاکردن چی بە شۆفێرەکەی وتووە و پووتین چۆن بێهیوای کردووە؟

شەیری بکە لە:
زانیاریی نوێ ئاشکرابوو؛ ئەسەد لەکاتی ڕاکردن چی بە شۆفێرەکەی وتووە و پووتین چۆن بێهیوای کردووە؟

بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریا

ئاڤا نیوز

گۆڤارێکی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی ورددا، زانیاری نوێ لەسەر ژیانی ڕۆژانەی بەشار ئەسەد و هۆکارەکانی ڕووخانی ڕژێمەکەی بڵاودەکاتەوە. نووسیویەتی ئەسەد لەبری سەرقاڵبوون بە کێشەکانی وڵات، ئالودەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بووە و بەهۆی کەللەڕەقی و غروورییەوە، هەموو دەرفەتەکانی ڕزگاربوونی لەدەستداوە تا ئەو ساتەی بە ناچاری وڵاتی جێهێشت.

چیرۆکی سەرەکی: دوای زیاتر لە ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێمی سووریا، وردەکاری نوێ لەبارەی کەسایەتی بەشار ئەسەد دەردەکەون. بەپێی گۆڤاری "زە ئەتڵەنتیک" کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردەیەکی حیزبوڵڵای لوبنان کردووە، ئەسەد کەسایەتییەکی لاواز و مودمینی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی وەک پلەیستەیشن و کاندی کراش بووە. ئەم غروور و کەللەڕەقییەی وای لێکردبوو وا بزانێت ڕووسیا و ئێران پێویستیان بەوە نەک ئەو بەوان، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چەکدارانی تەحریر شام بە ئاسانی بگەنە کۆشکەکەی.

لێدوانی فەرمی: سەرکردەیەکی حیزبوڵڵا بە زە ئەتڵەنتیکی ڕاگەیاند: "بەشار ئەسەد پۆزی لێ دەدا، دەیوت ئێرانی و رووسییەکان پێویستیان بە منە، نەک من پێویستم بەوان بێت، هەر ئەم غروورەی بوو وای کرد چەکدارەکان بە ماتۆڕەوە بگەنە ناو کۆشکەکەی."

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل وتوویەتی، هەموومان ئاسوودەبووین بەوەی ئەسەد سەرۆکی سووریا بێت، چونکە هێندە لاواز بوو هەڕەشەی بۆ کەس نەبوو.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێرانیش وتوویەتی: داوام لە ئەسەد کرد لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی ڕێکبکەوێت، بەڵام ئەو لە خەیاڵی خۆیدا هەر وایزانیوە سەرکەوتووە و کاتی بەفیڕۆداوە.

دەوترێت بەشار ئەسەد کەسایەتی لاواز بووە و متمانەی بە بڕیارەکانی خۆیشی نەبووە، ئەوە وای لێکردبوو بە ئاسانی بکەوێتە ژێر کاریگەریی کەسانی ترەوە، بەتایبەتیش سەرسام بوو بە حەسەن نەسروڵڵا.

لەلایەکی دیکەوە: ساڵی 2020 ئەمریکا دوو بەرپرسی ناردووە تا لە ڕێگەی لوبنانەوە لەگەڵ سووریا بکەونە گفتوگۆ بۆ دەستکەوتنی سەرەداوێک لەسەر ئۆستن تایس، ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە کە لە ساڵی 2012 ـەوە لە سووریا بێسەروشوێن بووە. حکومەتی بەشار ئەسەد مەرجیان داناوە، داوایان کردووە ئەمریکا سزاکان لەسەر سووریا هەڵبگرێت و هێزەکانیشی لە سووریا بکێشێتەوە، ئینجا ئامادەن گفتوگۆ بکەن لەسەر چارەنووسی ڕۆژنامەنووسە.

ئەمریکاش ڕازی بووە، بەڵام لە پڕ ئەسەد وتوویەتی، هیچ ڕێککەوتنێک ناکەین تەنانەت گفتوگۆش ناکەین لەسەر ئەو بابەتە. بەمەش بەرپرسانی لوبنان کە نێوەندگیر بوونە تووشی شۆک بوونە، بە بەرپرسانی سووریایان وتووە بۆ ڕێکناکەون، ئەوانیش وتوویانە چونکە ساڵانێک لەمەوبەر ترەمپ ئەسەدی بە ئاژەڵ ناوبردووە.

بەرپرسانی لوبنان دەڵێن، ئەو کاتە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئامادەبووە خۆی بێت و لە سووریا لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی سەرەداوێکی لەسەر ڕۆژنامەنووسەکە دەستبکەوێت، بەلام ڕژێمەکەی ئەسەد ئەو دەرفەتەیان نەقۆستۆتەوە و هەر کەللەڕەقییان کردووە.

زانیاریی زیاتر: پێگەی زە ئەتلەنتیکی ئەمریکی دەڵێت، ئەردۆغان ساڵی 2024 بەردەوام داوای لە ئەسەد کردووە کۆببنەوە تا ڕێکبکەون، بەڵام ئەسەد وا وەڵامی داوەتەوە کە هەموو کارتەکان بەدەست خۆیەتی، ڕەتی کردووەتەوە.

کاتێکیش هێزەکانی تەحریر شام بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع دەستیان بە هێرش کرد و گەیشتبوونە شاری حەلەب، ئەسەد لە ڕووسیا بووە و لەوێ کۆبوونەوەیەکی کورتی لەگەڵ پووتین کردووە، بەڵام پووتین پێی وتووە ئێمە چیتر بەرگریت لێ ناکەین و شەڕت بۆ ناکەین، بڕۆ لەگەڵ ئەردۆغان ڕێکبکەوە.

ڕۆژی 07-12-2024 کاتێک چەکدارانی تەحریر شام نزیک ببوونەوە لە دیمەشق، وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و حەوت وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەتەوە. هیچیان نەیانویستووە ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێت، بەڵام کێشەیەکیان هەبووە، کەس نەیتوانیوە پەیوەندی بە ئەسەدەوە بکات، چونکە تەلەفۆنەکەی داخرابووە.

کەسێکی نزیک لە ئەسەد بە پێگە ئەمریکییەکەی وتووە، کاتژمێر شەشی هەمان ڕۆژ ئەسەد گەڕاوەتەوە شوێنی مانەوەی، زۆر ئارام دەرکەوتووە، بەردەوامیش بە کەسە نزیکەکانی وتووە خەمتان نەبێت دیمەشق ناگیرێت، هێزی پشتیوانی بەڕێگاوەیە لە باشوور وا هێز دێت.

دواتر کاتژمێر 11ـی شەو چەند بەرپرسێکی ڕووسی چوونەتە لای پێیان وتووە سوپاکەت شەڕ ناکات و ڤیدیۆی ڕاکردن و تەسلیمبوونی سوپایان نیشداناوە. ئەسەدیش کاتژمێر دووی شەو هاتۆتە دەرەوە لە ژوورەکەی، بە شۆفێرەکەی وتووە ئۆتۆمبێلێکم بۆ ئامادە بکە، بە ستافەکەیشی وتووە کەلوپەلە تایبەتەکانی بۆ کۆبکەنەوە.

چەند کەسێکی ڕووسیش لە دەرەوەی ماڵەکە چاوەڕێیان کردووە، ئیتر بەشار ئەسەد لەکاتێکدا چووەتە دەرەوە، شۆفێرەکەی بە بێئومێدییەوە پێی وتووە هەر بەڕاستی بەجێمان دەهێڵی، ئەسەدیش وەڵامی داوەتەوە و پێی وتووە: بۆ ئێوە شەڕ بۆ من دەکەن تا من ئێوە جێنەهێڵم. ئیتر ڕۆشتووە لەگەڵ ڕووسیەکان، تەنیا دوو یاریدەدەر و حافزی کوڕی لەگەڵ خۆی بردوون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ