لە هەولێر و بەغدا و تاران کۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی مالیکی و سەرۆککۆمار دەکرێن

شەیری بکە لە:
لە هەولێر و بەغدا و تاران کۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی مالیکی و سەرۆککۆمار دەکرێن

وێنەی ئاماژەیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

لەبارەی هەردوو پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی هەردوو حکومەتی کوردستان و عێراق، چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و باڵا لە هەولێر و بەغدا کراون و دەکرێن، بەڵام تا ئێستا نە حکومەتی کوردستان و نە عێراق پێکنەهێنراون.

وێنە گەورەکە: بەهۆی ناڕەزایی ئەمریکا لەسەر کاندیدکردنەوەی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ڕێککنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەشی سەرۆککۆمار، تا ئێستا حکومەتی نوێی عێراق پێکنەهێنراوە، لە کوردستانیش ساڵێک و سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکان تێپەڕیوە هێشتا حکومەت پێکنەهێنراوە.

سەبارەت بە کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، جگە لەوەی ئەمریکا و خودی ترەمپ ناڕازین، بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیش لەگەڵ ئەوە نین مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە ئاڤای وت: لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، بەتایبەتی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەردەوام لەسەر هێڵن و گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی ئەمریکا ڕازی بێت نووری مالکی ببێت بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە هەر جۆرێک بێت دەیانەوێت دۆناڵد ترەمپ ڕازی بکەن و پەشیمانی بکەنەوە لەو پۆستەی کە کردی، کە ئەمەیان قورسە

نووری مالکی وتوویەتی، ئەگەر نەشبمەوە بە سەرۆکوەزیران، دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق هەر لە دەوڵەتی یاسا بێت کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات.

سەرچاوەکەی ئاڤا لەبەغدا وتی، قەیس خەزعەلی کە یەکێکە لەو سەرکردانەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ڕازی نییە مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، بانگ کراوە بۆ ئێران و دەیانەوێت ڕازی بکەن و لاری نەبێت لە کاندیدکردنی مالیکی، پەیامی ئێرانیش بهێنێتەوە بۆ هەموو ئەو لایەنە شیعانەی  ڕازی نین بە مالیکی، یان تێبینییان هەیە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە عومان دەکرێن، پەیوەندییان هەیە بە بارودۆخی عێراق و نووری مالیکیشەوە، بەجۆرێک ئەگەر ئەمریکاو ئێران ڕێکبکەون، مالیکی چانسی زیاتر دەبێت و ڕەنگە ئەمریکا هەڵوێستی بگۆڕدرێت، بەڵام ئەگەر ڕێکنەکەون، ئەوا دۆخەکە ئەوەندەی دیکە بۆ مالیکی سەختتر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە: بڕیارە سبەی یەکشەممە 8ـی شوبات، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەرێمی کوردستانیشەوە، بڕیار وایە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام سەرچاوەیەکی تر بە ئاڤای گوت نێچیرڤان بارزانی بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات.

لەبارەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بکرێت بەڵام نەکرا. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، زەحمەتە لەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار کۆ ببێتەوە، بەڵام ڕۆژی دووشەممە پەرلەمان تەنیا لەبارەی دەنگدان بۆ دیاریکردن ئەندامانی لیژنەکانی کۆدەبێتەوە.

گۆشەیەکی دیکە: لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار، هێشتا پارتی و یەکێتی نەگەیشتوون بە ڕێکەوتوون، هەرچەندە کۆبوونەوەی گرنگیش هەبووە لە هەولێر بەڵام ڕێککەوتن نەکراوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئاڤای وت، سەرۆک بارزانی و بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبوونەتەوە. یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن، بەڵام ئێمە لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامین. بڕیاریشە پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە، پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا جارێکی دیکە کۆببنەوە.

هەر ئەمرۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بەهەمان شێوە باس لە بارودۆخی عێراق و پرسی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک بەفەرمی ڕانەگەیێنراوە چ پارتی هیچ بڕیارێکی نوێی داوە یان لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووی سوورە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ