عێراق دەستیکرد بە دادگاییکردنی "لێشاوە گەورەکەی داعش"

شەیری بکە لە:
عێراق دەستیکرد بە دادگاییکردنی "لێشاوە گەورەکەی داعش"

هەیکەلی پاراستنی کلتووری عێراق - وێنە: میدیا عێراقییەکان

ئاڤا نیوز

 

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بە فەرمی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ 1387 چەکداری داعش ڕاگەیاند کە لەم دواییانەدا لە سووریاوە ڕادەستی بەغدا کراونەتەوە. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی نزیکەی 7000 چەکداری دیکە.

 

چیرۆکی سەرەکی: پاش ئەوەی سوپای عەرەبی سووریا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان و مەترسیی لەسەر شکاندنی بەندینخانەکان کە داعشە زیندانییکراوەکانی تێدایە دروست بوو، ئەمریکا بڕیاریدا چەکدارە زیندانییکراوەکانی داعش بنێردرێن بۆ عێراق و لە چوارچێوەی پێوەر نێودەوڵەتییەکاندا دادگایی داعشەکان دەکرێت، کە بەپێی یاساکانی عێراق زۆرینەی ئەو چەکدارانە تۆمەتی بەشدارییکردن لە کۆمەڵکوژیی و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە کە سزاکانیان لە سێدارەدانە.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق لە ڕاگەیێنراوێكدا ئاشكرای كرد: "دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە ڕێگەی ژمارەیەک دادوەری تایبەتمەند بە تیرۆر، ڕێكکارەکان بەپێی یاسا نیشتمانییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن و هەماهەنگیی نێودەوڵەتیش هەیە، چونکە تاوانەکانیان لە ئاستی تاوانی کۆمەڵکوژی و دژ بە مرۆڤایەتیدایە".

 

پێشبینییەکان: شارەزایانی یاسایی ئەم پرۆسەیە بە "وەرچەرخان" ناو دەبەن و پێیان وایە عێراق لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە گواستراوەتەوە بۆ قۆناغی چەسپاندنی دادپەروەریی، ئەوان پێیانوایە بوونی ئەرشیفێکی گەورەی دادوەری و دانپێدانانەکان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکان نەک تەنیا سزادانی تاکەکان.

 

هەنگاوی داهاتوو: حەبیب قوڕەیشی، توێژەری یاسایی و سیاسی دەڵێت: "ئەم هەنگاوە پەیامێکە کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و خاوەنی سیستمی دادوەریی بەهێزە، ئێمە خاوەنی ئەزموونی کەڵەکەبووین لە لێکۆڵینەوە و بەڵگەی تاوان، ئەمەش توانامان پێ دەدات تۆڕە تیرۆریستییەکان هەڵبوەشێنینەوە و ڕێگری بکەین لە دروستبوونەوەی نەوەی نوێی تووندڕەوی لە داهاتوودا.

 

سەرەڕای ئامادەکردنی زیندانەکانی (سوسێ، حوت و کرۆپەر)، بەڵام حکومەتی عێراق نیگەرانە لەوەی ببێتە تاکە بەرپرسیار لەم دۆسیەیە و تەنها عێراق ئەو زیندانییە داعشانە لەخۆی بگرێت، د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات کە نابێت بەغدا بەتەنیا باجەکەی بدات و دەبێت وڵاتانی دیکەش بەشداری پرۆسەی چارەسەرەکە ببن و دەڵێت: "مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە ئەرکی هەموو ئەو وڵاتانەیە کە هاووڵاتییەکانیان لەناو ڕێکخراوەکەدا بوون و دەبێت ئەوانیش بەشدار بن لە هەڵگرتنی ئەم بارگرانییە".

 

باکگراوند: ئێستا عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ئەمنی و یاساییدایە؛ گواستنەوەی 7000 چەکداری مەترسیدار لە کاتێکی کەمدا، بارگرانییەکی گەورە بۆ زیندان و دادگاکان دروست دەکات، یان ئەم"بۆمبە تەوقیتکراوانە" لە چوارچێوەی یاسادا پوچەڵ دەكرێنەوە، یان کۆبوونەوەیان لە یەک شوێن دەبێتە سەرەتایەک بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیان لەنێو زیندانەکان و گەورەتربوونی مەترسییەکە لە حاڵەتی دروست بوونی هەر پشێوییەک لە عێراقدا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ