وەزارەتی دادی ئەمریکا سێ ملیۆن دۆسیەی نوێی جێفری ئێپستاین بڵاو دەکاتەوە

شەیری بکە لە:
وەزارەتی دادی ئەمریکا سێ ملیۆن دۆسیەی نوێی جێفری ئێپستاین بڵاو دەکاتەوە

دیمەنی یەکێک لە بەڵگەکانی ئێپستاین

ئاڤا نیوز

وەزارەتی دادی ئەمریکا، لە هەنگاوێکی کتوپڕ و گەورەدا، بڕیاریدا زیاتر لە سێ ملیۆن لاپەڕە و بەڵگەنامەی نوێی دۆسیەی ئێپستاین بڵاو بکاتەوە. ئەم فایلانە تەنیا نووسین نین، بەڵکو ڤیدیۆ، وێنە و تۆماری تاقیگەیی و لێکۆڵینەوەی تێدایە کە ساڵانێکی زۆر بوو لە ژێر دەستی حکومەتدا مابوونەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: جێفری ئێپستاین، کەسایەتی و ملیاردێری ئەمریکی، لە ساڵی 2004ـەوە دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچانی خوار تەمەنی 14 ساڵی لەسەر کراوەتەوە و تا ئێستاش ئەم دۆسیەیە بەردەوامی هەیە.

لێدوانی فەرمی: تۆد بلانچ، کە جێگری داواکاری گشتییە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ئەنجامی پێداچوونەوەیەکی زۆر ورد بووە، دەڵێت:

•   تەنیا لە وەجبەی کۆتاییدا، سێ ملیۆن لاپەڕە بڵاوکراونەتەوە.
•   زیاتر لە دوو هەزار ڤیدیۆ و 180 هەزار وێنە خراونەتەڕوو.
•  بەمەش کۆی گشتی ئەو لاپەڕانەی لەسەر کەیسی ئێپستاین تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، گەیشتە سێ ملیۆن و 500 هەزار لاپەڕە.
• تیمەکانی وەزارەتی داد دەڵێن، زیاتر لە شەش ملیۆن لاپەڕەیان خوێندووەتەوە تاوەکو بڕیار بدەن چی بڵاوبکەنەوە و چی سانسۆر بکەن.

زانیاریی زیاتر: وەزارەتی داد ناوی زۆر کەس و شوێنی لە ناو بەڵگەنامەکاندا ڕەش کردووە، یان سانسۆر کردووە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە نەیانویستووە ناوی قوربانییەکان و ئەو ژنانەی کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر ئاشکرا بێت. تەنیا کەسێک کە وێنە و ڤیدیۆکانی بە بێ سانسۆر هاتبێت، گێیلان ماکسوێڵە، کە هاوکارە نزیکەکەی ئێپستاین بوو.

بلانچ دەڵێت هیچ فایلێکی زۆر نهێنی نەماوە کە ئەوان شاردبێتیانەوە، هەموو ئەوەی هەیە وردە وردە بڵاو دەکرێتەوە.

ناوی کەسایەتییە دیارەکان لە فایلەکاندا
ئەم بابەتە بۆیە زۆر گەرمە، چونکە ناوی زۆر دەسەڵاتداری تێدایە، گرنگترین ئەو ناوانەی لەم دواییەدا دەرکەوتن:

• دۆناڵد ترەمپ: فایلەکان جارێکی دیکە تیشک دەخەنە سەر پەیوەندی کۆنی ترەمپ و ئێپستاین. هەرچەندە ترەمپ دەڵێت، لە پێش ساڵی 2006 پەیوەندی لەگە ئێپستاین بڕیوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەم فایلانە لەم کاتەدا بۆ ئەو باش نییە.

•  مێلانیا ترەمپ: ئیمەیڵێکی ساڵی 2002 دۆزراوەتەوە کە مێلانیا بۆ گێیلان ماکسوێڵی ناردووە و تێیدا مەدحی شێوە و جوانییەکەی دەکات.

• ئیلۆن مەسک: چەند ئیمەیڵێک هەن کە باس لە هەماهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی مەسک سەردانی دوورگە تایبەتەکەی ئێپستاین بکات. بەڵام فایلەکان ئەوەش نیشان دەدەن کە هەموو ئەو سەردانانە هەڵوەشاوەتەوە و مەسک نەچووە.

• کاترین ڕوملەر: ئەم خانمە کە ئێستا پارێزەری گشتییە لە بانکی گۆڵدمان ساکس، دەرکەوتووە کە دیاری زۆر گرانبەهای لە ئێپستاین وەرگرتووە، وەک جانتای مارکەی هێرمێس و کارتێکی دیاری 10 هەزار دۆلاری بۆ بازاڕکردن. ئەو دەڵێت ئەو کاتە نەیانزانیوە ئێپستاین چ جۆرە مرۆڤێکە.

کێشە و سکانداڵی نوێ لە کاتی بڵاوکردنەوەدا
هەرچەندە هەوڵدراوە کە ناوی قوربانییەکان پارێزراو بێت، بەڵام پارێزەری قوربانییەکان، براد ئێدواردز هاواری لێ بەرز بووەتەوە، دەڵێت بریکاردەرەکان پەیوەندییان پێوە کردووە و وتوویانە کە وەزارەتی داد ناوی هەندێکیانی بە هەڵە بڵاوکردووەتەوە و سانسۆری نەکردووە. ئەمەش کارەساتە بۆ ئەو ژنانەی کە نەیاندەویست کەس بزانێت قوربانی دەستی ئێپستاین بوون.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئێپستاین لە 2006 بۆ یەکەمجار دەستگیرکرا، لە 2008 بە گرێبەستێکی گوماناوی لە زیندان ڕزگاری بوو. دواتر لە 2019 جارێکی تر دەستگیرکرایەوە و لە ناو زیندان گیانی لەدەست دا (وا بڵاوکراوەتەوە کە خۆی کوشتووە). هاوکارەکەشی، ماکسوێڵ، ئێستا حوکمی 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئەم بەڵگەنامانە دەری دەخەن کە ئێپستاین تۆڕێکی گەورەی لە دەوڵەمەند و سیاسییەکان دروست کردبوو بۆ ئەوەی کارە قێزەونەکانی خۆی بشارێتەوە. وەزارەتی داد دەڵێت، هیوادارین ئەم شەفافیەتە ببێتە هۆی ئەوەی قوربانییەکان کەمێک ئارام ببنەوە، هەرچەندە زۆر کەس پێیان وایە هێشتا ڕاستی زۆر ماوە ئاشکرا بێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ