دیداری ئاڤا لەگەڵ مەسرور بارزانی؛ پرسی مووچە و پەیامێک بۆ یەکێتی و وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ

شەیری بکە لە:

دیمەنێک لە دیداری کوردستان حەسەن، پەیامنێری دیپلۆماسی ئاڤا و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی لووتکەی حکومەتەکانی جیهان لە دوبەی

ئاڤا نیوز

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا میدیا،  ئاشکرای دەکات سوودانی بەڵێنی داوە جارێکی تر مووچە نەبێتەوە کێشە، لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆمار پەیامی تایبەت بۆ یەکێتی دەنێرێت، هەلوێستی خۆیشی لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا دەردەبرێت.

چیرۆکی سەرەکی: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە دیدارێکی ترایبەتدا لەگەڵ ئاڤا میدیا لە پەراوێزی لووتکەی حکومەتەکان لە دووبەی، باسی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکات، لەوانە؛ پرسی مووچە و قەیرانی دارایی لە عێراق، دانوستانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی کوردستان و پۆستی سەرۆککۆمار، پێکهێنانی حکومەتی عێراق و سووربوونی مالیکی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، ڕێککەوتنامەی هەسەدە و حکومەتی سووریا لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی تر.

ئاڤا میدیا:  دیدارێكتان هەبوو لەگەڵ شێخ محەممەد بن زائید، سەرۆكی ئیمارات، ڕۆژنامە و میدیاكان بەگرنگییەوە باسی سەردانەكەتان دەكەن و سەرۆكی ئیماراتیش دەڵێ دیدارێكی برایانەمان هەبوو،  ئەم پەیوەندییە قووڵە، پەیوەندییەكان نێوان هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانتان لەسەر ئاستی ئابووری؟

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی: سوپاسی وڵاتی ئیمارات و سەرۆكی ئیمارات و سەرۆكوەزیرانی ئیمارات دەكەم بۆ بانگهێشتنكردنی ئێمە بۆ ئەم لووتكەیە،  بێگومان ئێمە چەندین دیدارمان هەبووە لەگەڵ سەركردە و كەسایەتییە سیاسی و ئابوورییەكانی جیهان، ئامانجمان ئەوە بووە بتوانین پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر ببەین لە هەموو شوێنێك، بەتایبەتی لەگەڵ ئیمارات ئەمە ماوەیەكی زۆرە متمانە دروست بووە، هەم ئێمە متمانەمان بە ئەوانە، بە حەقەت نموونەیەكی سەركەوتووی حكومڕانیان دروست كردووە لە ماوەیە كەمی ڕابردوو، بە ماوەیەكی زۆر كەم توانیان لە وڵاتێكی  پاشكەوتوو ببن بە وڵاتێكی زۆر پێشكەوتوو، بووەتە شوێنێك كە ئێستا لە هەموو دوونیا سەردانی ئەو وڵاتە دەكرێت، ئەمە وای كردووە كە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان سوود لە ئەزموونی  ئەوان وەربگرین، ئەو سەركەوتن و پێشكەوتنانەی كە لەم وڵاتەدا هەبووە چۆن بتوانین بیگوازینەوە بۆ وڵاتی خۆمان، چاوی لێبكەین و بتوانین هەنگاوی باس بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان بنێین.


 ئەوانیش بەهەمان شێوە متمانەیان لا دروست بووە، چونكە ئێمە ڕاستگۆ بووین هەم لە پەیامەكانی خۆمان هەم لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی خۆمان، ئەو كۆمپانیایانەی كە لە وڵاتی ئیماراتەوە هاتوونەتە كوردستان وەبەرهێنان دەكەن، بەرهەمیان باش بووە و ئەنجامی كاركردنیان باش بووە، ئەم متمانە دروستكردنە لە ماوەی ساڵەكانی ڕابردوو،  وای كردووە كە ئێمە زیاتر  دیدارەكان بەرەوپێش ببەین بۆ پێشخستنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی ناوچەكە، هاوكات ئاڵوگۆڕی بیرۆكەكان بكەین و هاوكاریی یەكتریش بكەین.

ئاڤا میدیا: لەم ڕۆژانە زۆرترین دیدارتان لەگەڵ سەرۆك و سەركردەی وڵاتان هەبوو، دەتوانین بڵێین كاریگەریی باشی هەبووە بۆ پشتیوانیكردن لە دۆزی كورد؟

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی:  زۆرینەی ئەو وڵاتانەی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە ئەوانیش  داوای سەقامگیری دەكەن، هەم سەقامگیریی سیاسی، هەم سەقامگیریی ئابووری و ئەمنی، كوردستان بەدرێژایی مێژوو توانیویەتی جێگەی پێی خۆی لە  دروستكردنی سەقامگیریی ئەمنی لە ناوچەكە بكاتەوە، لە شەڕی  دژی تیرۆر و پاراستنی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە بووە،  هەمیشە كوردستان لایەنی خێر بووە و توانیویەتی ڕۆڵی كاریگەر ببینێت، لەم دواییە ئێمە هەوڵمان داوە لەڕووی ئابووریشەوە یاریكەرێكی كاریگەر بین لە  پێشخستنی ئابووری  هەم لە وڵاتی  خۆمان هەم كاریگەریشمان هەبێت لە دروستكردنی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی تر، سەقامگیری ئابووری بێگومان  یەكێكە لەو شتانەی كە وڵاتان چاوی لێدەكەن.

ئەم ئەزموونەی كە كوردستانی پێدا تێپەڕیوە من ناڵێم تا ئێستا كەمتەرخەمی و كەموكوڕیمان نییە، هەمانە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەین لەوەی لە كوێوە گەیشتین بە كوێ،  بەتایبەتی ئەو ماوەیەی ڕابردوو كە توانیومان ڕیفۆرمی زۆر باش بكەین هەم لە بواری بەدیجیتاڵیكردنی خزمەتگوزارییەكان، هەم گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو و كارەبا بۆ هاووڵاتیان، هەم دروستكردنی شەقام و ڕێگاوبانەكان هەم سیستمی بانكی و خوێندن و تەندروستی، هەموو ئەمانە خوێندنەوەی بۆ كراوە، ئەم وڵاتانە سەیری كوردستان دەكەن كە لەسەر ڕێگەیەكی ڕاستە و دەتوانێت ئەو ئەزموونە ببێتە خیر و بەرەكەت بۆ هەردوولا.

ئاڤا میدیا: سەبارەت بە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی، ئایا هیچ ئاسۆیەك هەیە لەگەڵ یەكێتی حكومەت پێكبهێنن؟

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی:  ئێمە هەمیشە داوامان كردووە حكومەت پێكبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەر، هەڵبژاردنمان كردووە و پێویستە ڕێز لە  ڕای خەڵكی كوردستان بگیرێت كە دەیانەوێت چ جۆرە حكومڕانییەكیان هەبێت،  ئەو لایەنەی كە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بتوانێت پێگەی خۆی لەنێو حكومەتدا بپارێزێ،  ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە ویستوومانە حكومەت پێكبێت،  ئێستاش  ئەم حكومەتە پێكنەهاتووە و هەریەكە بیروبۆچوونێكی هەبووە و ویستی زیاتریان هەبووە، خەڵكێك هەبووە زیاتر لە ئیستحقاقی خۆی داوای كردووە، ئەمە ڕێگر بووە لەوەی كە ئێمە تاوەكو ئێستا بتوانین حكومەت پێكبهێنین.

ئێستا بابەتی پێكهێنانی حكومەتی عێراق هەیە،  بابەتی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق هەیە، سەرۆكوەزیران زیاتر دەكەوێتە سەر لایەنی شیعە كە بڕیار دەدەن كێ كاندید دەكەن بۆ پۆستەكە، بەڵام سەبارەت بە سەرۆككۆمار پەیوەندیی بە كوردەوە هەیە و دەبێت كەسێك بێت كە كۆدەنگیی كوردیی لەسەر بێت  یاخود زۆرینەی خەڵكی كوردستان ڕازی بن  بە كاندیدبوونی ئەو كەسەی كە بەناوی كوردەوە دەبێتە سەرۆككۆماری عێراق، تەنیا نوێنەری لایەنێكی تایبەتی حیزبی نابێت، ئێمە داكۆكیمان لەوە دەکەین كە دەبێت میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان ڕازیبن بەوەی كە ئەم نوێنەرە نوێنەرایەتیی زۆرینەی ئەوان دەكات لە كۆشكی كۆماری عێراق.

ئاڤا میدیا: یەكێتی دەڵێ لەگەڵ نەوەی نوێ ژمارەی كورسییەكانمان زیاد دەكات، داوای پۆستی زیاتر دەكەن، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی دیكەش دەپرسین ئاخۆ ئەگەر ئێوە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار ڕێكنەكەون كورد ئەم هەلەی لەدەست دەچێت، باشە چارەسەر چییە؟

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی: هەر كەسێك دەتوانێت هەر قسەیەك بكات كە خۆی دەیەوێت بەڵام من باوەڕ ناكەم ئەو ژمارەیەی ئەوان دەیڵێن ڕاست بێ، چونكە خەڵكێك هەیە بڕوای بەو هاوپەیمانێتییە نییە كە ئەوان پێیانوایە كردوویانە،  بەڵام هەرچۆنێك بێت ئێمە ڕێز لە دەنگی خەڵكی كوردستان دەگرین،  هەر كەسێك ببێتە نوێنەری خەڵكی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، كەواتە  ڕێز لە دەنگی ئەو كەسە دەگیرێت،  بەڵام ئەگەر ئێمە سەیری دەنگەكانی پارتی بكەین، پارتی ئێستا، گەورەترین حیزبە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستانیش هی پارتی بووە، نیوەی دەنگەكان  هی پارتی بووە و نیوەكەی تریش هی هەموو لایەنەكانی دیكەیە، بەڵام لە دابەشكردنی  كورسییەكان بە حكومی ئەوەی كە گۆڕانكارییەكی بەئەنقەست هەبوو لەسەر پارێزگاكانی عێراق،  ئەمە وای كرد كورسییەكانی پارتی لە ئاستی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگەدا نەبێت كە بەدەستی هێناوە، ئەگینا پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی كوردستان و عێراقیش بووە.

ئاڤا میدیا: سەبارەت بە كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كە ئێستا ئەمریكا دەرگای لەسەر ئەم پرسە داخستووە، ئێوە پشتیوانیی لە كێ دەكەن، پێتان وایە هیچ دەرەچەیەك ماوە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە كاندیدكردنی مالیكی؟

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی:  ئەمە پرسێكە كە شیعەكان دەبێت خۆیان ئەم بڕیارە بدەن، چونكە ئەوان هەمیشە وتوویانە كە سەرۆكوەزیران دەبێت لایەنی شیعە دەستنیشانی بكات و دواتر ئەو كاندیدانە كە بەناوی سەرۆكوەزیرانە دەچێتە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە شیعەكان خۆیان كاندیدەكە یەكلا بكەنەوە، ئێمەش ڕێز لە ڕا و دەنگی ئەوان دەگرین.

ئاڤا میدیا: زانیارییەكان پێمان دەڵێن كە قەیرانی داراییە لە عێراق، ئایا ئەمە كاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبێت؟

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی:  ئەگەر حكومەتی عێراق باسی ئەوە بكات كە قەیرانی دارایی هەیە بێگومان كاریگەریی لەسەر كۆی ئابووریی عێراق دەبێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە، پێشتریش من گوتوومە بەڵام نابێت كورد بە تەنیا باجی هەڵەی خراپ ئیدارەدانی دۆخی ئابووریی عێراق بدات.

حكومەتی عێراق ئێستا {ساڵانە} زیاتر لە 150 ترلیۆن دینار داهاتی هەیە بۆ دەبێت كورد باجی ئەوە بدات كە نەزانن چۆن ئەم داهاتە خەرج بكەن، بەشێكی ئێجگار زۆر ئەم داهاتە بۆ مووچە دەڕوا، بەڵام بۆ مووچەی كوردستانیش لە چوارچێوەی هەموو عێراقدا ڕێكنەخراوە بۆ ئەوەی چۆن ڕەفتار لەگەڵ هاووڵاتیی عێراق دەكرێت ئاواش مامەڵە و ڕەفتار لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

نابێت هاووڵاتی كوردستان بەتایبەتی لە بابەتی مووچە جیا بكرێتەوە، پارە  بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق هەبێت بەڵام بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەبێت،  ئێمەش حاڵمان بە حاڵی هەموو عێراق، ئەگەر بۆ كەس نییە ئێمەش ئەوكات تێدەگەین، بەڵام ئەگەربۆ عێراق هەیە و بۆ ئێمە نییە ئەوا دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە بۆچی ئەم جیاوازییە دەكرێت، هیوادارین وا نەبێت و بگەینە ئەنجام، لە دوایین سەردانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر ئەو بابەتەم لێ پرسی، ئەویش وتی مووچە نابێتە كێشە و بەمزووانە مووچەی هەرێمی كوردستان دەنێرین، ئێمەش چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە پابەندی بەڵێنەكانی خۆیان بن.

ئاڤا میدیا: تا چەند لە ڕێككەوتنەكەی نێوان هەسەدە و حكومەتی سووریا ڕازی؟

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی: پێموایە ئەمە ڕێككەوتنێكە سەرەتایە و دەكرێت فراوانتر و باشتر بكرێت،  لە هەموو گرنگتر ئەوە بووە كە هەموو لایەك هەوڵی ئەوەمان دا كە شەڕ نەبێت و ئاگربەستێك بێتە ئاراوە، جەنابی سەرۆك بارزانی بەڕاستی ڕۆڵێكی ئێجگار كاریگەری هەبووە،  لە قسەكردن لەگەڵ دیمەشق و سەركردەكانی هەسەدە و نوێنەری ئەمریكا و ئەمریكییەكان و وڵاتان بۆ ئەوەی كارەسات ڕوونەدات، سوپاس بۆ خودا كە تا ئاستێكی زۆر ئەم هەوڵانە سەركەوتوو بوون هەتا لە ناردنی یارمەتی و هاوكاری بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خەڵكی كوردستان بە گشتی  بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمانە هەمووی كاری زۆر باش بوون، بۆ ئەوەی كەش و دۆخێكی وا بخوڵقێ كە بواری زیاتری گفتوگۆ هەبێت،  بەڵام ئایا ئەمە هەموو داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكانی تێدا جێگیر بووە یان نا، من بڕوا ناكەم هەمووی تێدا جێگیر بووبێت،  بەڵام بوار تەرخانكردن بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ بگەنە ئەنجامێك كە هەموو لایەك لێی ڕازی بن ئەمە باشترین شتە، ئێمەش  هاوكاری خوشك و براكانمان دەبین بۆ ئەوەی ئەو شتەی ئەوان دەیانەوێ دابین بكرێت و بگەنە ڕێككەوتنێكی بەردەوام.

شەیری بکە لە: