مەسرور بارزانی بۆ ئاڤا میدیا: سوودانی بەڵێنی داوە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروست نەبێتەوە

شەیری بکە لە:
مەسرور بارزانی بۆ ئاڤا میدیا: سوودانی بەڵێنی داوە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروست نەبێتەوە

دیمەنێک لە دیداری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز


سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا میدیا ئاشکرای دەکات، سوودانی لە سەردانەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی بۆ هەولێر، بەڵێنی داوە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروست نەبێتەوە و لە نزیكترین كاتیشدا مووچەی مانگی یەک ڕەوانە بكرێت.

چیرۆکی سەرەکی: چوار ڕۆژ بەسەر مانگی دوودا تێپەڕیوە بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەداوە، بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی، لە عێرایش دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دواکەوتووە و تا ئێستا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش نەکراوە، بەم هۆیەوە مەترسی هەیە لەمەودوا مووچەی خەڵکی کوردستان زیاتر دوابکەوێت. 

لە دیدارەکەی ئاڤادا مەسرور بارزانی قسە لەسەر پرسی مووچە و چەند بابەتێکی تر دەکات، لەوانە دانوستانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی کوردستان و پۆستی سەرۆککۆمار، پێکهێنانی حکومەتی عێراق و سووربوونی مالیکی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، ڕێککەوتنامەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەبارەی ڕۆژئاوای کورداستان و چەند پرسێکی تر.

لێدوانی فەرمی: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەبارەی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە عێراق و کاریگەری لەسەر مووچەی خەڵکی کوردستان دەڵێت: ئەگەر حكومەتی عێراق باسی ئەوە بكات قەیرانی دارایی هەیە، بێگومان كاریگەریی لەسەر كۆی ئابووریی عێراق دەبێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە، پێشتریش من گوتوومە نابێت كورد بە تەنیا باجی هەڵەی خراپ ئیدارەدانی دۆخی ئابووریی عێراق بدات، حكومەتی عێراق ئێستا {ساڵانە} زیاتر لە 150 ترلیۆن دینار داهاتی هەیە بۆ دەبێت كورد باجی ئەوە بدات كە نەزانن چۆن ئەم داهاتە خەرج بكەن؟

بەشێكی ئێجگار زۆر ئەم داهاتە بۆ مووچە دەڕوا، بەڵام بۆ مووچەی كوردستانیش لە چوارچێوەی هەموو عێراقدا ڕێكنەخراوە بۆ ئەوەی چۆن ڕەفتار لەگەڵ هاووڵاتیی عێراق دەكرێت ئاواش مامەڵە و ڕەفتار لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێت، نابێت هاووڵاتی كوردستان بەتایبەتی لە بابەتی مووچە جیا بكرێتەوە، پارە  بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق هەبێت بەڵام بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەبێت،  ئێمەش حاڵمان بە حاڵی هەموو عێراق، ئەگەر بۆ كەس نییە ئێمەش ئەوكات تێدەگەین، بەڵام ئەگەر بۆ عێراق هەیە و بۆ ئێمە نییە ئەوا دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە بۆچی ئەم جیاوازییە دەكرێت، هیوادارین وا نەبێت و بگەینە ئەنجام، لە دوایین سەردانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر ئەو بابەتەم لێ پرسی، ئەویش وتی مووچە نابێتە كێشە و بەم زووانە مووچەی هەرێمی كوردستان دەنێرین، ئێمەش چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە پابەندی بەڵێنەكانی خۆیان بن.

باکگراوند: نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 2-2-2026 بەسەرۆکایەتیی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە، سەردانی سلێمانیشی کرد و لەگەڵ شاندێکی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە. وەک مەسرور بارزانی باسی کرد لە کۆبوونەوەکەی هەولێردا باسی پرسی مووچەیان کردووە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ