شارەزایەکی ئابووری: بەهۆی سیستمی ئیسکۆدا %52 داهاتی عێراق کەمی کردووە

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
شارەزایەکی ئابووری: بەهۆی سیستمی ئیسکۆدا %52 داهاتی عێراق کەمی کردووە

یەکێک لە خاڵە سنووریەکانی نێوان عێراق و دیمەشق

ئاڤا نیوز

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری وەڵامی لێدوانەکەی دەسەڵاتی گومرگی عێراق دەداتەوە کە ڕایگەیاندبوو بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئیسکۆدا داهاتی نانەوتی زیادیکردووە. ئەو دەڵێت: بە پێچەوانەوە %52 داهات کەمی کردووە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەم وەڵامەی مەرسومی دوای ئەوە دێت، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئیسکۆدا داهاتی گومرگ لە مانگی یەکی ساڵی 2026دا بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 137 ملیار دینار. 

- مەرسومی لە نووسینێکدا ڕوونی کردەوە: "دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەڵێت داهات زیادی کردووە و لە مانگی یەکی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 137 ملیار دینار، بەڵام ئەگەر سەیری داتاکانی ساڵی 2025 بکەین کە خودی دەستەکە بڵاوی کردووەتەوە، کۆی داهات 2.5 ترلیۆن دینار بووە، ئەمەش واتە تێکڕای داهاتی مانگانەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 208 ملیار دینار بووە، واتە بە پێی داتاکانی خۆیان نەک داهات زیادی نەکردووە، بەڵکو دوای جێبەجێکردنی سیستمەکە 71 ملیار دینار مانگانە کەمیکردووە کە دەکاتە %52.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: جێگەی ئاماژەیە، یەکێک لە كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بابەتی سیستمی گومرگە، حکومەتی فیدراڵی بڕیاریداوە سیستمی ئەسیکۆدا کە لە عێراق کاری پێ دەکرێت ببێتە سیستمی یەکگرتوو، هەرێمی کوردستانیش داوا دەکات سیستمی گومرگی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و هەردوو سیستم بەیەکتر ببەسترێنەوە. 

کاریگەری و لێکەوتەکان: جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە گومرگەکانی عێراق، بازرگانانی ناچار کردووە پێشوەختە دۆلار لە دەرەوەی نرخی بانکی ناوەندی بە گران بکڕن، بەمەش جگە لەوەی هەموو کاڵایەکی هاوردە لە بازاڕدا نرخەکەی بەرزبووەتەوە، دۆلاریش بەرانبەر دینار بەهاکەی بەرزبووەتەوە.

باکگراوند: ئەسیکۆدا سیستەمێکی جیهانییە و سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانە و نزیکەی 120 وڵات تێیدا بەشدارن، بەهۆی ئەو سیستەمەوە جۆر، بڕ، قەبارە و ئەو وڵاتەی کاڵاکەی لێ هاوردەکراوە دەزانرێت، هەر لەنێو ئەو سیستەمەش ڕێژەی باج و ڕسوماتی کاڵاکان دیاری دەکرێت، عێراق ماوەی ساڵێکە ئەو سیستەمە بەکار دەهێنێت، کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانیشی ناچارکردووە لەو سیستمە تۆماربکرێن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ