بەرپرسێکی باڵای عێراق وادەی ناردنی مووچەی مانگی یەک بۆ ئاڤا ئاشکرا دەکات

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
بەرپرسێکی باڵای عێراق وادەی ناردنی مووچەی مانگی یەک بۆ ئاڤا ئاشکرا دەکات

ئاڤا نیوز

ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی کوردستان نەدرا. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق دەڵێت: ئەگەر ئەم هەفتەیەش هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بنێرێت، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی یەک دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.

وێنە گەورەکە: لە هەولێر و بەغدا سێ هەنگاو بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەک نراون و بێ کێشەن، لیستی مووچە وردبینی بۆ کراوە و پەسەند کراوە، میزان مراجەعە، ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو پێداچوونەوەی بۆ کراوە و کێشەی نەبووە، وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و دەڵێت" هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بێ کێشە بەردەوامە.


ئەوەی ماوەتەوە تەنها ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتییە لەلایەن وەزارەتی دارایی کوردستان، لە دوێنێ دووشەممەوە نووسراوی ناردنی پارەکە کراوە بەڵام تا ئێستا پارەکە بە کاش نەدراوە بە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.


زانیاریی ئاڤا: ئاڤا قسەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی کوردستان کرد، وتیان: پارەکە ئامادەیە و چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانین فەرمانمان پێبکەن بینێرین.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤای گوت: بەهۆی دواکەوتنی ناردنی 120 ملیار دینارەکە تازە ئەم هەفتەیە مووچەی خەڵکی کوردستان نانێردرێت، ئەگەر وەزارەتی دارایی کوردستان سبەینێش 120 ملیار دینارەکە بنێرێت، وەزارەتی دارایی عێراق ئەم هەفتەیە پێڕاناگات و ناردنی پارە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، بڕگەیەکی تایبەت بوو بە هەرێمی کوردستان و مووچە.

- ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکە خرایەڕوو، تێیدا هاتبوو لە سێ ساڵی ڕابردوودا لە پشکی خۆی زیاتر پارە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام هەڵوەستەی زۆری لەسەر نەکرابوو، سوودانی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و کوردستانی ڕاسپاردووە لە دوو هەفتەی داهاتوودا پێداچوونەوە بە داهات و خەرجییەکان بکەن.

زانیاریی زیاتر: بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا لە کۆبوونەوەکە وەزیرانی کوردیش قسەیان کردووە، وتوویانە حكومەتی عێراق لە ساڵانی پێشوودا بەشە بودجەی هەرێمی نەناردووە، بودجەی وەبەرهێنان و بەكارخستنی نەناردووە، حکومەتی عێراق پابەند نەبووە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەکورتی وتوویانە بابەتەکە هەر ئەوەنییە لایەنێک پابەندبووبێت و لایەنێک پابەند نەبووێت، پرسەکە دوولایەنەیە.

- هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق دەڵێت: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێشنیازم کرد ئەو کێشانە بە سیاسی چارەسەر بکرێن نەوەک تەنها یاسایی، ڕاستە بابەتێكی یاساییە، بەڵام نە خەڵكی عێراق و نە خەڵكی هەرێم تاقەتی ئەو قسانەیان نەماوە کێ بەرپرسیارە و کێ بەرپرسیار نییە، ئێستا لە عێراقیش کێشە بۆ مووچە دروست بووە.

- وەزیری پلاندانانی عێراقیش پێشنیازی کردووە لیژنەیەك لە پەرلەمان ئەو بابەتە دروست بکرێت و کار لەسەر گرفتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکات. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوە بڵاوکردۆتەوە بەڵام باسی ئەو بڕگەیە و مووچەی تێدا نییە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ