ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: زیاتر لە 41 هەزار زیندانی بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد کراون

شەیری بکە لە:
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: زیاتر لە 41 هەزار زیندانی بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد کراون

باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئامارێکی نوێی دەربارەی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە ئازادکردنی هەزاران زیندانی و گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆر پارە دەکات.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لەو کاتەوەی یاسای لێبووردنی گشتی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 364 زیندانی لە سەرانسەری وڵاتدا سوودمەندبوون و ئازاد کراون.


زانیاریی زیاتر: هەر بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، "زیاتر لە 166 هەزار و 283 تۆمەتبار کە فەرمانی دەستگیرکردن یان بانگهێشتکردنیان هەبووە، یان بە شێوەی نائامادەیی حوکم درابوون، خراونەتە ناو بازنەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای لێبووردن."


ژمارەکان وادەڵێن: ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژە بەوە دەدات، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا، توانراوە، بڕی زیاتر لە 87 ملیار و 416 ملیۆن دیناری عێراقی لەو کەسانە وەربگیرێتەوە کە یاساکە بە فەرمی دەیانگرێتەوە. جگە لە پارەی ناوخۆیی، بڕی زیاتر لە 34 ملیۆن و 387 هەزار دۆلاری ئەمریکیش بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕێنراوەتەوە، تاوەکو پڕۆسەی لێبووردنەکە هەموو لایەنە داراییەکان بە وردی بگرێتەوە.


باکگراوند: ڕۆژی 18ـی شووباتی 2025، هەر سێ یاسای لێبووردنی گشتی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان لە ڕۆژنامەی "وەقائیع" بەفەرمی بڵاو کرایەوە، بەمەش هەر سێ یاساکە کەوتنە باری جێبەجێکردنەوە. لەوکاتەوەی یاسای لێبووردنی گشتی چووەتە باری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو ئێستا هەزاران بەندکراو سوودمەندبوون لە یاساکە و ئازاد کراون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ