دابەشکردنی مووچە لە عێراق کێشەی تێکەوتووە و چوار وەزارەت هێشتا مووچەیان وەرنەگرووە

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
دابەشکردنی مووچە لە عێراق کێشەی تێکەوتووە و چوار وەزارەت هێشتا مووچەیان وەرنەگرووە

گرافیک ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

دابەشکردنی مووچە لە عێراق کێشەی تێکەوتووە و بۆ یەکەمجار دابەشکردنی مووچە زیاتر لە دوو هەفتە دواکەوتووە. هێشتاش چوار وەزارەت مووچەیان وەرنەگرتووە؛ کێشەکە پەیوەندی بە نەبوونی پارەی کاشەوە هەیە.

وێنە گەورەکە: پێشتر حکومەتی عێراق لە سەرەتای هەموو مانگێک دەستی بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان دەکرد، 16ی هەموو مانگێکێش دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمان دەکرد، بەڵام چەند مانگێکە دابەشکردنی مووچە بەرە بەرە دوادەکەوێت، تا وای لێهات ئەم مانگە بووە زیاتر لە دوو هەفتە، 22ی مانگی یەک دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا، ئەمڕۆ کە سێی دووە هێشتا تەواو نەبوو، لە کۆی 22 وەزارەت هێشتا 4 وەزارەت ماون مووچەیان دابەش بکرێت: وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە، پلاندانان، ڕۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران و چاودێریی کۆمەڵایەتیی.

- هەندێک وەزارەتی تریش نیوەی مووچەخۆران وەریان گرتووە و نیوەیان ماون، یان مووچەخۆرانی وەزارتێک لە پارێزگایەک مووچەیان وەرگرتووە و لە پارێزگایەکی تر وەریان نەگرتووە.

هۆکارە زانراوەکان: کێشەکەش پەیوەندی بە نەبوونی پارەی کاشەوە هەیە، حکومەتی عێراق چەند مانگێکە تووشی قەیرانێکی قورسی دارایی بووە، خەرجی زیاترە لە داهات، مانگانە تەنها بۆ مووچە پێویستی بە 8 تریلیۆن و نیو دینار هەیە، بەڵام مانگانە تەنها شەش بۆ حەوت تریلیۆن دیناری دەستدەکەوێت، ئەمە بێجگە لە خەرجییەکانی حکومەت کە مانگانە تریلۆنێک بۆ تریلۆنێک و 500 ملیار دینارە.

- هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی عێراق لە 16ی مانگەوە دەست بە کۆکردنەوەی پارەی کاش دەکات، بەڵام زۆر بەزەحمەت دەستی دەکەوێت.


- نەوت هەرزان بووە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسی جەنگی ئەمریکا و ئێران خەڵک دەترسن، پارە لە ماڵەوە هەڵدەگرن و خەرجی ناکەن، بەمەش پارە بۆ حکومەت ناگەڕێتەوە.

- بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی هەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئامادە نییە چەند پارە کورتهێنان هەبێت پڕی بکاتەوە.

- جگە لەمە حکومەتی عێراق ئەو پارە کاشەی هەبوو وەکو پارەی سندووقی خانەنشینی و پارەی باجی بەڵێندەران و ئەمانەی زۆر بردووە، ئێستا پارەی تر نەماوە.

- جگە لەوە حکومەتی عێراق ناتوانێت پارەی یەدەگ زۆر ڕابکێشێت چونکە کاریگەری لەسەر بەهای دینار دەبێت. ئەمانە و کۆمەڵێک کێشەی تر.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەوەی پەیوەستە بە خەڵکی کوردستان، ترس هەیە مووچەی مووچەخۆرانی کوردستانیش لەمەودوا زۆر دواکەوێت. پێشتر لە عێراق کێشەی مووچە نەبوو کەچی زۆر درەنگ مووچەیان بۆ خەڵکی کوردستان دەنارد، ئێستا دیار نییە دوای ئەم دۆخەی عێراق تێیکەوتووە چی لێدێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ