ئامارێكی مەترسیدار لە ئەنبار بڵاو دەبێتەوە؛ شێرپەنجە هەڕەشە لە دانیشتووانی عێراق دەكات

شەیری بکە لە:
ئامارێكی مەترسیدار لە ئەنبار بڵاو دەبێتەوە؛ شێرپەنجە هەڕەشە لە دانیشتووانی عێراق دەكات

یەکێک لە تووشبووانی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی عێراق

ئاڤا نیوز

لەگەڵ یادی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگای ئەنبار ئامارێکی مەترسیداریان دەربارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بڵاو کردەوە بە جۆرێک  تەنیا لە ساڵی 2025 ـدا زیاتر لەشەش هەزار خاڵەتی شێرپەنجە تۆمار کراوە.

بۆچی گرنگە: بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون تەنها پەیوەندی بە دۆخی تەندروستییەوە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی پاشماوەی جەنگ و پیسبوونی ژینگەیە لەسەر هاووڵاتییانی عێراق.

ژمارەکان وا دەڵێن:

- تەنها لە ساڵی 2025دا لە سەنتەری شێرپەنجەی ڕومادی شەش هەزار تووشبوو تۆمارکراون.

- ڕێژەی چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکە ئەگەر لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان بکرێت ئەگەری چاکبوونەوەی 90%ـە

- پارێزگای بەسرە لە پلەی یەکەمی تووشبوواندایە لەسەر ئاستی عێراق.

وێنە گەورەکە: ئەم زیادبوونە تەنیا پارێزگای ئەنبار ناگرێتەوە، بەڵکو بەپێی ڕاپۆرتە تەندروستییە نیشتمانییەکان، عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە لەبەردەم ئاستەنگێکی گەورەدایە، پارێزگای بەسرە لە پلەی یەکەمی ئەو پارێزگایانەدایە کە زۆرترین ڕێژەی تووشبوونی تێدا تۆمارکراوە، بەدوای ئەویشدا بەغدا (کەرخ و ڕەسافە) دێت بەهۆی چڕیی دانیشتوان، پاشان پارێزگاکانی بابل و کەربەلا ، هۆکاری زیادبوونی تووشبوون لەم ناوچانەدا بەپێی ڕاپۆرتەکە  بۆ پاشماوەکانی جەنگ و پیسبوونی ژینگە دەگەڕێتەوە، جگە لە باشتربوونی ئامرازەکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختە کە وای کردووە ئەوانەی پێشتر تۆمار نەدەکران، ئێستا دەستنیشان بکرێن.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: بەرپرسانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی زیادبوونی ئامارەکان بۆ "باشتربوونی ئامرازەکانی دەستنیشانکردن" دەگەڕێتەوە؛ واتا ئەو تووشبووانەی پێشتر نەدەدۆزرانەوە، ئێستا بەهۆی پشکنینی پێشوەختە تۆمار دەکرێن.

- محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە ڕایگەیاند: پابەندن بە دابینکردنی باشترین چاودێری و چارەسەری پێشکەوتوو و خزمەتکردنی تووشبووان لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە.

ئەمەش بزانە: لەسەر ئاستی جیهان یادی ئەم ڕۆژە لە چواری شوباتی هەموو ساڵێک ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییە بۆ خۆپاراستن و گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و لایەنە پزیشکییەکانیش لە عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکەن پشکنینی خولی ئەنجام بدەن، چونکە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ڕێژەی چاکبوونەوە بۆ زیاتر لە 90% بەرز دەکاتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ