ڕۆژی چوارشەممە پارتی و یەکێتی بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار کۆدەبنەوە

شەیری بکە لە:
ڕۆژی چوارشەممە پارتی و یەکێتی بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار کۆدەبنەوە

لۆگۆی پارتی و یەکێتی، گرافیک -ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز


بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەڵێن: دەرئەنجامی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لەم هەفتەیەدا وادەی کۆبوونەوەکە دیاری دەکات.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کە کارنامەکەی لە دوو بڕگە پێکهاتبوو ئەوانیش؛ دەنگدان بە لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سوێندخواردنی چەند پەرلەمانتارێکی نوێ بوو.


لێدوانی فەرمی: هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند: ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێت، لە دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەش وادەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت.


لەلایەکی دیکەوە: شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاڤای وت: "ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پێی وتین، کە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجامدەدرێت."


زانیاریی زیاتر: هەرچەندە بڕیاربوو سەرەتایی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا کارنامەی دانیشتن دانەنراوە، دەبێت 48 کاتژمێر پێش کۆبوونەوەش ئەنجوومەنی نوێنەران کارنامەی کۆبوونەوە بڵاوبکاتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "کۆتایی ئەم هەفتەیە دانیشتنەکە دەکرێت."


زانیاریی تایبەت: بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا، ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، ئەوەش زانراوە کە کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی یەکلایکردنەوەی کاندیدێکە بۆ سەرۆککۆماری عێراق.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ