باندێکی نوێ لە ڕێگەی ئۆنلاین و بەناوی "زێڕ و هەلی کار" فێڵ لە هاووڵاتیانی هەولێر دەکەن

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

باندێکی نوێ لە هەولێر پەیدا بوون کە لە ڕێگەی ئۆنلاین و بەناوی هەلی کار و مامەڵەی زیو، نەک هەر پارەی خەڵک دەخۆن، بەڵکو کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و یاساییش بۆ قوربانییەکان دروست دەکەن.

چیرۆکی سەرەکی: بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی هیشام سەعید، پەیامنێری ئاڤا میدیا، ئەم باندە بە دوو ئەکاونتی جیاواز و لە یەک کاتدا، دوو تەڵەی جیاوازیان بۆ چوار کەس ناوەتەوە.

- لە ئەکاونتێکەوە ڕیکلامی هەلی کاریان کردووە بۆ نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بە مووچەی 1200 دۆلار و نیسبەی قازانج. گەنجێکی کرێچی کە خاوەن خێزان و منداڵە، دوای سێ هەفتە ناردنی سیڤی، پێی دەڵێن: وەرگیرای.

زانیاریی زیاتر: سەرەتا  ئەم فێڵبازانە ئەم گەنجە بەکار ئەهێنن پێی دەڵێن، بڕۆ لە نووسینگەیەکی حەواڵە بڕی 3 دەفتەر و 46 وەرەقە لە سێ کەس وەربگرێت و دوانزە کیلۆ زیویان پێبدات.

- ئینجا لە ئەکاونتی دووەمەوە، سێ کەسیان دۆزیوەتەوە و پێیان وتوون زیومان هەیە بە نرخێکی زۆر هەرزان. ئەو سێ کەسە بە تەمای قازانجێکی کەم، پارەکە دەبەن و ڕادەستی ئەو گەنجە کارمەندە وەهمییەکە دەکەن.

چی ڕووی دا؟ گەنجەکە پارەکە وەردەگرێت و دەیخاتە سەر ئەو ئەکاونتە ئەلیکترۆنییەی کە باندەکە بۆیان دروست کردووە. هەر کە پارەکە دەگاتە دەست باندەکە، تەلەفۆن بۆ هەر چوار کەسەکە دەکەن و بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێن: نە زیو هەیە، نە پارە، نە ئەکاونت.. خوداحافیز.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئێستا ئەو چوار کەسە لە بەردەم پۆلیسدان.  ئەو سێ کەسەی پارەیان ڕۆیشتووە، داوای پارەکەیان لەو گەنجە دەکەن کە پارەکەی لێ وەرگرتوون. گەنجەکەش کە تەنیا بە تەمای هەلی کارێک بووە، بە گریانەوە دەڵێت: من کرێچیم و هیچم نییە بیدەمەوە، متمانەم پێ کردن و نەمزانی فێڵە.

لێدوانی فەرمی: موقەدەم کیفاح حەسەن، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: هەموو دوو هەفتە جارێک 2 بۆ 3 کەیسی لەم شێوەیەمان بۆ دێت. پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە، بەڵام هۆشداری توند دەدەنە هاووڵاتیان کە:
بڕوا بە هەلی کاری ئۆنلاین بە مووچەی خەیاڵی مەکەن. هیچ پارەیەک بۆ کەسی نادیار و ئەکاونتی نەناسراو حەواڵە مەکەن. مامەڵەی زیو و دۆلار لە دەرەوەی بازاڕە فەرمییەکان، تەڵەیە و هیچی تر.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ