وەزارەتی دارایی عێراق: 36 ملیار دینارەكە نانێرین

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
وەزارەتی دارایی عێراق: 36 ملیار دینارەكە نانێرین

ئاڤا نیوز

لەبارەی نەناردنی 36 ملیار دینار مووچەی خانەنشینان، وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی وەزارەتی دارایی کوردستانی دایەوە و دەڵێت، ناردنی ئەم پارەیە پێویستی بە چوارچێوەی یاساییە و تا پەسەندکردنی یاسای بودجە ناتوانن خەرجی بکەن.

وێنە گەورەکە: هەرچەندە ئەمڕۆ بەغدا 931 ملیار دیناری وەک مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی کوردستان نارد، بەڵام وەزارەتی دارایی کوردستان ڕایگەیاند، بەغدا زیاتر لە 36 ملیار دیناری نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی یەکی ئەمساڵ داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی ئەم بابەتە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی کوردستان ئەوانەی لە لیستی فەرمی مووچەی فەرمانبەران وخانەنشیناندان، بەگوێرەی بنەمای (1/12) و لە چوارچێوەی یاسادا خەرجکراوە.

- دەشڵێت، بەڵام ئەو پارە زیادەیە یان جیاوازی داراییەی لە شایستەی چەند مانگی ڕابردوودا هەبووە بەم ڕێکارانەی ئێستا ناتوانرێت خەرج بکرێت، چونکە پێویستی بە چوارچێوەی یاسایی و تەرخانکردنی دارایی هەیە و ئەوەش لەگەڵ ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2026 دەکرێت تەرخانکردنی بۆ بکرێت  و خەرج بکرێت.

- وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، پابەندە بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو عێراق، بەڵام داواش دەکەن هەمووان پابەندی دەستوور و یاساکان بن و خۆیان لە دروستکردنی گرژیی بپارێزن، چونکە هەموو خەرجکردنێک بەگوێرەی یاسا و دەسەڵاتی یاسایی بەردەست دەکرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ