ئی پسوولە چییە؟ گرنگی چییە بۆ هاووڵاتییان و چ ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات؟

شەیری بکە لە:
ئی پسوولە چییە؟ گرنگی چییە بۆ هاووڵاتییان و چ ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات؟

ئاڤا نیوز

ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەی ئی پسوولەی ڕاگەیاند، کە هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی کاش.

چیرۆکی سەرەکی: پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی ناسنامەیەکی دیجیتاڵی بۆ هەموو هاووڵاتییەک  و وەک ناونیشانێکی فەرمی و جێگیر کار دەکات بۆ پەیوەندی نێوان حکومەت و هاووڵاتی. هاوکات، سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ کارەبا و خزمەتگوزارییەکان دەبێتە بەشێک لەم زنجیرە چاکسازییەی مەسروور بارزانی کە ئامانجی دروستکردنی حکومەتی زیرەکە.

بۆچی گرنگە: گرنگی و ئاسانکارییەکان بۆ خەڵک چین: چیتر پێویست ناکات هاووڵاتی بۆ پێدانی پسوڵەی کارەبا یان هەر مامەڵەیەکی حکومی چەندین کاتژمێر لە فەرمانگەکان لە سەرەدا بوەستێت؛ هەموو شتێک لەرێگەی مۆبایل یان کارتە بانکییەکانەوە لە ماڵەوە ئەنجام دەدرێت. پێویست بە دابەزاندنی ئەپڵیکەیشن ناکات بۆ سەر موبایلەکەت، بەڵکو خزمەتگوزارییەکە لە ئەپڵیکەیشنەکانی تر هەیە، وەکو فاست پەی، ئاسیا پەی و ناس واڵێت، لەگەڵ ئێف ئای بی، بانكی جیهان و ئێن بی ئای، بۆنموونە لەناوی ئێف ئای بی نووسراوە ئی پسوولە، کلیکی لەسەر دەکەیت، لەوێ هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵی دەڕۆیت، دەتوانی پارەی ئێستای کارەبا و قەرزی پێشووش بدەیەتەوە.

- لەم سیستەمەدا ئەگەری هەڵەی مرۆیی یان زیادنووسین لە پسوڵەکاندا نامێنێت، هاووڵاتی دەتوانێت بە وردی ئاگاداری بڕی خەرجی و قەرزەکانی بێت. ناونیشانی دیجیتاڵی ئی-پسوولە، دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی بە شێوەیەکی فەرمی ئاگادارکردنەوەکانی حکومەتی پێ بگات وەک کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت، ساڵیانە، یان بڕی پارەی کارەبا بێ ئەوەی پێویستی بە کاغەز هەبێت.

- گواستنەوەی پارە و مامەڵەکان بە دیجیتاڵی، ڕۆتینی ناو فەرمانگەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە و کاتیش دەگەڕێنێتەوە بۆ هاوڵاتی. هەروەها ئەم هەنگاوە هانی خەڵک دەدات کارتی بانکی بەکاربهێنن، ئەمەش وا دەکات پارەکانیان پارێزراوتر بێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی خێراتر بێت. لەهەمووی موهیمتر، ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ ئاسانکاری نییە، بەڵکو ژێرخانێکی بەهێزە بۆ، کەمکردنەوەی گەندەڵی، چونکە دەستی مرۆڤ لە وەرگرتنی پارەی کاش کەم دەبێتەوە.


- هەروەها کۆکردنەوەی وردی داهات، لەما حکومەت دەتوانێت بە وردی بزانێت داهاتی خزمەتگوزارییەکان چەندە و دواتر لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری تردا بەکاریبهێنێتەوە. بەکورتی، ئەم پڕۆژەیە کوردستانێکی دیجیتاڵی دروست دەکات کە تێیدا مۆبایلەکەت دەبێتە فەرمانگەکەت.

لەلایەکی دیکە: ساڵانێک بوو کاتێک دەمانبینی لە وڵاتانی وەک ئیمارات، ئیش و کارو پرۆسە کارگێڕییەکان و دایرەو دەوائیری حکومەت لە ڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجام دەدران، وەک خەونێک وابوو بۆمان.

چەند ساڵێک پێش ئێستا، کاتێک شێخ محەمەد بن ڕاشد، حاکمی دووبەی، مۆبایلەکەی بەرزکردەوە و وتی، حکومەت دەخەینە ناو مۆبایلەکانتان، زۆرێک وایان دەزانی ئەمە تەنها بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکانە. بەڵام ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان لەژێر سەرپەرشتی مەسروور بارزانیدا، هەنگاوە فعلییەکانی بۆ ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەی دەستپێکردووە.


- جگە لەمە ماڵپەریشی هەیە، هەر لە گووگڵ بنووسە ئی پسوولە ماڵپەڕەکەت بۆ دەهێنێت، دەتوانی لە ماڵپەڕەکەش خۆت تۆمار بکەیت و لەوێ پارە بدەیت. هەر کاتێک وەسڵی پارەت بۆ هاتەوە و هەر کاتێک حەزت کرد دەتوانی پارەی کارەبا بدەیت. پرۆسەکە بە ئارەزووی خۆتە، ئی پسوولە بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت پارەی ناو جزدانەکەت ببات. 

لێدوانی فەرمی: ئەو خزمەتگوزاریە بۆ سەرتاسەری کوردستانە و بە هەموو ناوچەکان دەگات لە زاخۆوە بۆ کەلار. مەسرور بارزانی لە وەسفی پڕۆژەکەدا وتی: ئەم پرۆژەیە جگە لەوەی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان دەکات، دەبێتە هۆی بەرچاوڕوونی و شەفافیەتی زیاتر لە داهات و خەرجییەکانی حکومەت. جگە لە پارەی کارەبا لەمەودوا پڕۆژەکە بۆ خزمەتگوزارییەکانی دیکەش فراوان دەکرێت.

- سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئەمڕۆ دڵنیایی دا پڕۆژەکە دادپەروەری تەواوی تێدایە، هاووڵاتی لە هەر شوێنێک پارەی خزمەتگوزارییەکان بە دیجیتاڵی بدات، پارەکە بۆ خزمەتگواری شوێنەکان دەگەڕێتەوە، هیچ پارێزگایەک و هیچ هاووڵاتیەک مافی نافەوتێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەمە داهاتی ئیدارە خۆجێیەکان زیاتر دەکات.

پڕۆژی ئیی پسوولە لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەی هەژماری من تەواوکەری یەکترن، لەمەدوا خزمەتگەزارییە دجیتاڵییەکانی حکومەت زیاتر دەبن، یەکێک لەوان پێدانی قەرزە بە مووچەخۆران و هاووڵاتیان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەڵێت: ئێمە نامانەوێت قوتابییەك یان هاووڵاتییەك، كرێكارێك یان فەرمانبەرێك هەتاهەتایە چاوەڕێی ئەوە بكات ئایا کەی دەتوانێ سەیارە یان شووقە و خانووێک بکڕێت، ئەگەر ئێستا باری دارییشی باش نەبێت، دەمانەوێت بتوانێت قەرز لە بانق وەربگرێت و دواتر پارەكەی خۆی بداتەوە.

سەرۆکوەزیران پلانی داهاتوویشی ئاشکرا کرد و وتی: بەرنامەی داهاتوومان ئەوەیە ئەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵیانە وەکو ئی پسوولە و هەژماری من تەنیا فەرمانبەرانی حكومەت نەگرنەوە، پلانمان ئەوەیە هەموو هاووڵاتیەك لە كەرتی تایبەتیش سوودمەند بێت لێیان، تەنانەت کاروباری کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانیش ببێتە دیجیتاڵی.

مەسرور بارزانی داوایەکیشی لە خەڵک کرد و وتی: گرنگە هاووڵاتیان سیستمی دیجیتاڵی بکەنە جێگرەوەی سیستمی پێشوو، چونکە سیستمی کۆن کاتی زیاتری پێویست بوو، کارەکانیش وەک پێویست بەڕێوەنەدەچوون.

- لە سیسەتمی پێشکەوتووی دونیا، هیچ بووژانەوەی ئابووری بە سیستەمی کاش زۆر بەرەووپێش ناچێت و پێشکەوتنەکەی سنووردارە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین ئابووری کوردستا بەرەو قۆناغێکی باشتر ببیەن، پێویستە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان بڕۆین لە بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریەکان، بە تایبەت لە سیستمی ئابووری و دارایی و بانکی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ