حکومەتی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق: ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجە

شەیری بکە لە:
حکومەتی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق: ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە، داواش دەكات ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كە 14%ـە، بكرێتە بنەما بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و شایستە دەستوورییەكانی.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پرسی دەستكاریكردنی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق و یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیيان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە بوون.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پێچەوانەی ئەنجام و ڕێككەوتنی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و عێراق، ڕەفتاری لەگەڵ سەرژمێریی گشتی كردووە

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی 11ـی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ( جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1% دەستنیشان کرا.

ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ پەسەند کرا و حکومەتی فیدراڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بەپەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی.

بەپێی ڕاگەیێنراوی كۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمیی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ـە.

لەهەمان کاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان ، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیێنراوی خۆی کەم بکرێتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی.

زیندانییان و گیراوانی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەهەمان ئیمتیازات و شایستەكانی هاوتاكانیان لە عێراق سوودمەند بن

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیيان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ـی دەستوور و یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2025ـی هەمواری یاسای زیندانیيانی سیاسیی عێراق.

بەپێی ڕاگەیێنراوەكە، ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەهەمانکاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمیی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ