سوپای ئیسرائیل ئەندامێکی لەزیندان ئازادکراوی حەماس دەکوژێت

شەیری بکە لە:
سوپای ئیسرائیل ئەندامێکی لەزیندان ئازادکراوی حەماس دەکوژێت

باسل ئەلهەیمونی، یەکێک لە زیندانییە ئازادکراوەکانی حەماس کە هێرشکرایە سەر شوێنی خۆ حەشاردانی و کوژرا.

ئاڤا نیوز

 

سوپای ئیسرائیل کوژرانی چەکدارێکی حەماس ئاشکرا دەکات کە پێشتر ئەنجامدەری تەقینەوەیەک بووە لە ساڵی 2004 و پاش ئازادبوونی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، چالاکییەکانی دژی ئیسرائیل درێژە پێداوە و بزووتنەوەی حەماسیش لە بەیاننامەیەکدا ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.

 

چیرۆکی سەرەکی: سوپای ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو، لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە، سەرکردەیەکی حەماسیان کوشتووە، کە تۆمەتباربووە بە تەقینەوەکەی ساڵی 2004ـی شاری بیئر شیفا.

 

زانیاری زیاتر: سوپای ئیسرائیل دەڵێت، باسل ئەلهەیمونی پلانی تەقینەوەکەی ساڵی 2004ـی داڕشتووە و بووەتە هۆی کوژرانی 16 کەس و برینداربوونی 100 کەسی دیکە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پێشتر هەیمونی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکرابوو، بەڵام لە ساڵی 2011 لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی لەبەرامبەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی بەناوی گێلعاد شالیت، لەگەڵ هەزار زیندانیی دیکە ئازاد دەکرێت، سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە هەیمونی دوای ئازادبوونی ڕاستەوخۆ گەڕاوەتەوە سەر چالاکییەکانی و لە دوایین شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە تیمی چاندنی بۆمب بووە بۆ تانک و زرێپۆشەکانی ئیسرائیل.

 

باکگراوند: هێرشەکەی ئیسرائیل و کوژرانی هەیمونی لە کاتێکدایە کە ئاگربەستی غەززە چووەتە قۆناغی دووەمەوە و باس لە داماڵینی چەکی حەماس دەکرێت، بەڵام حەماس داماڵینی چەکەکانی بە ''هێڵی سوور'' دەزانێت، ئیسرائیلیش دەڵێت کوشتنی هەیمونی وەڵامێکە بۆ ئەو پێشێلکارییانەی ئاگربەست کە لەلایەن حەماسەوە ئەنجام دەدرێن.  

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ