سەرۆک ئێـمەش قەبووڵی ناکەین

ئازاد جوندیانی

ئازاد جوندیانی

نووسەر و سیاستەمەدار

سەرۆک ئێـمەش قەبووڵی ناکەین

لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو یەکێتی قوتابیان و لاواندا، سەرۆک بارزانی وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد، کە هەڵگری پەیامی ڕوون بوو بۆ زۆرلا، ئەوە بێجگە لەوەی کە قسەکردن لە پڕۆسەی یەکگرتنەوە لەم سەردامی زاڵبوونی پەرتبوونی پەرتەوازەییەدا هەڵگری مانا و یەکڕیزبوونە، کە پارتی بوێرانە لەناوخۆیدا پراکتیزەی کرد، ئەگەر مەبەست بێ شیکاریێکی فراوان بکەن ئەوا بە وتارێک و دوان تێر ناکرێت.

لەم نووسینەمدا قورسایی دەخەمەسەر ئەو پەیامەی کە ڕاستەوخۆ و ڕوون بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق 'بەغدا' بوو، دەستەواژەیەکی سیاسی فرەمانا و دەلالەتی کردە کڕۆک و زەمینە و چوارچێوەی پەیامەکەی، کە پتربوو لە پەیامێکی ئاسایی، لە ڕستەسازی سیاسی و لە تۆنی گووتارەکەشدا هۆشداریدان و بەئاگا هێنانەوەیەکی بەرپرسانە، بەڵام بێ منەتانە بوو بۆ حکومڕانان لەمەڕ هەبوون و بەردەوامی مەترسی نا سەقامگیری دەوڵەتێک، کە سیاسەتێکی حساب بۆ نەکراوی دەسەڵاتدارانی بەغدا بەرەو هەڵدێری نا سەقامگیری دەبات. 

سەرۆک بارزانی، پەنجەی خستە سەر فاکتەرە ورد و درشتەکانی ناسەقامگیری و بەستنیەوە بەو سیاسەتە نا هاوسەنگ و بێ پەروایانەی تایبەت بەرامبەر کورد پەیڕەوی دەکات، کە تەنیا بەرژەوەندییە ئاسایی و دەستوورییەکانی کوردی بە ئامانج نەگرتووە، بەڵکو تێکشکاندنی بەهاو کەرەمەت و کەسایەتیی نەتەوەی کوردی کردووەتە ئامانج. 

لەکاتێکدا کورد بەدەیان ساڵ پتر لە تەمەنە سەد و ئەوەندە ساڵیەکەی دەوڵەتی عێراق، سەرەڕای زوڵم و ستەمی فەرە سەرچاوە بەرگری نموونەیی لە بوون و کەرامەتی نەتەوەیی مرۆڤایەتی خۆی کردووە. 

سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەو خۆی نەچەماندنەوەی کورد داوە و ئەو پەیامەشی ڕاگەیاندووە کە کورد لەم هەول و مەرجە گونجاوترەدا ئامادە نییە بچێتە ژێرباری کۆیلەبوونی هیچ کەسێک و پێکهاتەیەک. 

لێرەدا جێ ئەوەیە باس لەوەش بکەین بەغدا بە ڕێگەیەکی هەڵدێردا دەڕوات، کە دەیباتەوە سەر دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی چونکە بە ناونیشانی هەڵە بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت و پێی وایە فاکتەرەکانی سەقامگیری دەوڵەتەکەی وەکو تایتڵی زل و زەبەلاح دەرەکی و هەرێمایەتین و فاکتەرە ناوخۆییەکان نەک هەر پشت گوێ دەخا بەڵکو بە سووکی و هیچ لەباردا نەبوو دەیان بینێت، کە مەترسییە گەورەکە بۆ بەغدا لەوەوە دەست پێدەکات، کاتێک کە بوونی کورد بەخاک و دیموگرافیاوە بەکەم بایەخ و بێ کاریگەر دەبینێت!، کە ئەمە تەواو پێچەوانەیە و سەرۆک بارزانی بە ڕوونی ئاماژەی بەو ڕاستییە داوە. 


دواجار دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، سەرۆک بارزانی دوو پرسیاری جەوهەری ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی بەغدا کردەوە.

یەکەم- ئایا ئەوان بەغدا بڕوایان بەوە هەیە کە کورد بەشێکن لەم دەوڵەتە یان نا؟

دووەم- ئایا دەوڵەتی عێراق بڕوای بە پایەی فیدڕاڵی بوونی دەوڵەتەکەی ماوە یان نا؟ 

ئێمە وەکو کورد بێ دوودڵی دەمێکە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەزانین و لانیکەم لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017ەوە، حکومڕانانی دەوڵەتی عێراق و پشتیوانییەکانیمان بە کردەوە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە کردنەوە بینیمان لە سەربەخۆیی بڕیاردان و لە گرەوی سەقامگیری عێراقدا دۆڕاندیان. 

دوای قسەم ئەوەیە، کە ئەو پەیامانەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی تەواوکەری ڕیفراندۆمە بەڵام لە دۆخێکی دیکەدا. دۆخێک کە ناڵێم بۆ کورد بێ مەترسییە بەڵام ڕشکاو دەیڵێم کە دۆخێکە کورد لێرەوە لە هەموو پارچەکانی کوردستان ترسی تێپەڕاندووە، پەیامی دەنگ بڵندی سەرۆک بارزانیش بۆ کورد خۆی قۆناغ قۆناغی نەترسانە بۆیە دەبێت هەموومان بەدەنگی بەرزەوە بڵێین:

"جەنابی سەرۆک لەگەڵتاین و پێکەوە قبووڵی ناکەین"

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: