دابینکردنی ئاو بۆ هەولێر ستانداردی جیهانی تێدەپەڕێنێت

شەیری بکە لە:
دابینکردنی ئاو بۆ هەولێر ستانداردی جیهانی تێدەپەڕێنێت

سەرۆکوەزیران بارزانی لەکاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە لەسەر زێی گەورە، وێنە: محەممەد شوانی - ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


پارێزگای هەولێر پێدەنێتە قۆناغێكی نوێ، دابینکردنی ئاوی شیرین لە هەولێر ستانداردی جیهانی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە خاوەنی گەورەترین و ستراتیژیترین پڕۆژەی ئاو لە هەرێمی کوردستان.

وێنە گەورەكە: چەند ساڵێکە لە پارێزگای هەولێر كێشەی کەمئاوی هەیە بەتایبەت لە وەرزی هاوین، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەش ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر دانا. پرۆژەکە لەسەر زێی گەورە بە گوژمەی 470 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.

 

هەر تاکێک ڕۆژانە چەند ئاوی پێویستە؟

بەپێی دامەزراوەی نیشتمانی بۆ بەرهەمهێنانی ئاو، هەر هاووڵاتییەك ڕۆژانە 250 لیتر ئاو بەكاردەهێنێت، بەپێی ئەو پلانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دایڕشتووە، داوی 14 مانگی دیكە هەولێر ئەم ستانداردە جیهانییە تێدەپەڕێنێت و بۆ هەر تاکێک 450 لیتر دابین دەکرێت.

چۆن؟ تەنیا پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، ڕۆژانە  480 هەزار مەرتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێنێت،  كە دەكاتە سێ ملیۆن و 191 هەزار و 10 بەرمیل ئاوی سازگار و شیرین كە بە بۆری دەگوازرێتەوە بۆ شاری هەولێر.

ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری هەولێر چەندە؟

بەپێی ئاماری قایمقامیەتی هەولێر، ژمارەی دانیشتووانی قەزای ناوەندیی هەولێر و دەشتی هەولێر یەك ملیۆن 395 هەزار و 605 كەسە.


دوای 14 مانگی دیكە كە پڕۆژەكە تەواو دەبێت، هەر كەسێك لە قەزای ناوەندیی و دەشتی هەولێر دەتوانێت ڕۆژانە دوو بەرمیل و نیو لیتر ئاو بەكاربهێنێت.

بەرهەمهێنانی زیاتر

زانیارییەكانی فەرمانگەی ئاوی هەولێر دەڵێن، هەریەكە لە بۆری ئاوی ئیفرازی یەك، ئیفرا دوو، ئیفراز سێ، ڕۆژانە 13 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن كە دەكاتە 81 هەزار و 767 بەرمیل.


كۆی گشتی بەرهەمهێنانی ئاو

كۆی گشتی بەرهەمهێنانی ئاو لە پارێزگای هەولێر لە یەك ڕۆژدا دەكاتە سێ ملیۆن و 100 هەزار و  876 بەرمیل ئاوی سازگار و شیرین، بەمەش هەر كەسێك لە هەولێر دەتوانێت لە یەك ڕۆژدا دوو  بەرمیل و نیو ئاو بەكاربهێنێت، ئەمەش نزیکەی دووهێندەی ستانداردی جیهانییە.

هەموو شتێك لەبارەی پڕۆژەكە

پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر كێشەی كەمئاوی بۆ ماوەی 30 ساڵی دیكە چارەسەر دەكات، گەورەترین پرۆژەی ئاو دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و لە ناحیەی کەورگۆسک لەسەر زێی گەورە دروست دەکرێت.

 

بابەتی ستراتیژی

ئێستا بەشێک لە گەڕەک و پرۆژەکانی هەولێر پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، ئەمەش بووەتە قەیرانێکی ژینگەیی و ئاستی ئاوی ژێرزەوی بۆ زیاتر لە 70 مەتر دابەزیوە، بە تەواوبوونی پرۆژەکە بە قۆنا‌غ لە 500 تاوەکو هەزار بیری ئاو لە سنووری هەولێر پڕدەکرێنەوە، بەمەش ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرزدەبێتەوە.

وردەكاریی پڕۆژەكە

- 20 عەمباری گەورەی ئاوی هەیە. 

- دەتوانێت نزیکەی 300 هەزار مەتر سێجا ئاو کۆگا بکات.

- لە یەک کاتژمێردا 20 هەزار مەتر سێجا دەپاڵێوێت.

-ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی شیرین بەرهەم دەهێنێت.

ئەمانەش بزانە

- تیرەی بۆرییەکان هەزار و 600 ملیم (مەترێک و 60 سانتیم) دەبێت.

- ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکە 14 مانگە.

 -٪60ـی ئاوی هەولێر دابین دەکات.

- هەولێر ڕۆژانە پێویستی بە 450 بۆ 500 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە.

لەگەڵ سێ ئیفرازەکە ڕۆژانە نزیکەی 650 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکەن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان