ئاڤا نیوز ناوی پێنج هەزار فەرمانبەر بڵاودەکاتەوە کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرچووە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕەزامەندی لەسەر ناوی پێنج هەزار فەرمانبەر و خانەنشین دەربڕیوە، بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن، بەڵام پێویستە جارێکی دیکە لە شارەوانییەکان وردبینیکردن بۆ ناوەکانیان بکرێت.

وێنە گەورەکە: لەکۆی زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین کە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، تاوەکو ئێستا 11 هەزار و 94 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قەزای ئاکرێ ڕەزامەندییان بۆ دەرچووە و تیروپشک بۆ ناوەکانیان کراوە، بەم نزیکانەش پێنج هەزاری دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر تیروپشکیان بۆ دەکرێت.

 

لێدوانی فەرمی: سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئاڤا نیوزی گوت: "ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر ناوی پێنج هەزار کەس دەربڕیوە، وردبینیکردن لە ناوی زیاتر لە سێ هەزاریان تەواو بووە و ناوەکان بۆ شارەوانی هەولێر گەڕێنراونەتەوە، لەم هەفتەیە پڕۆسەی تیروپشکیان بۆ دەکرێت و لە سنووری شارەوانی هەولێر زەوی وەردەگرن."

زانیاریی زیاتر: دوو هەزار کەسەکەی دیکە دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی دەرەوەی سەنتەری هەولێر، دوای وردبینیکردن لە ناوەکانیان بۆ سنووری شارەوانییە پەیوەندیدارەکان دەنێردرێنەوە و لەوێ زەوییان پێدەدرێت.

نووسراوی فەرمی: بۆ بینینی دەقی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران و پێنج هەزار کەسەکە کلیک لەم لینکە بکە. ئەگەر دوای وردبینیکردن دەرکەوت پێشتر سوودمەند نەبوون زەوییان پێدەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە: هەر ئەمڕۆ ئاڤا نیوز ناوی هەزار و 59 کەسی لە سنووری قەزای ئاکرێ بڵاوکردەوە، کە تیروپشکیان بۆ کرا و زەوییان پێدەدرێت. بۆ بینینی ناوی سەرجەمیان کلیک لەم لینکە بکە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: