ئاڤا چیرۆکی ڕاکردنی زیندانییەکەی چاکسازیی گەورانی سلێمانی ئاشکرا دەکات
- ڕاپۆرت
- 31 تشرینی یەکەم
ئاڤا نیوز
چیرۆکێکی سەیر لە بەندیخانەیەکی سلێمانی ڕوودەدات، زیندانییەک لەگەڵ برایەکی ڕێکدەکەوێت، لە شوێنی خۆی جێیدەهێڵێت و خۆی ڕادەکات، تاوەکو ئێستاش دەستگیر نەکراوەتەوە.
وێنە گەورەکە: لە زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی، زیندانییەک هاوشێوەی درامای ئەمریکی (هەڵهاتنی گەورە) ڕادەکات، چۆن لە دراماکە مایکڵ سکۆفێڵد خۆی دەخاتە زیندان بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ براکەی پلانی ڕاکردن دابنێن، بەهەمانشێوە بەندکراوەکەی سلێمانی چیرۆکەکە دووبارە دەکاتەوە.
چیرۆکی سەرەکی: شەش ساڵ پێش ئێستا واتە ساڵی 2018، کەسێک بە ناوی (ک) لەدایکبووی ساڵی 1997 و خەڵکی کەلار، لە ناوچەیەکی گەرمیان لەگەڵ هاوڕێیەکی دوو گەنجی 16 و 17 ساڵ دەکوژن، لە تۆڵەی کوژرانی باوکی (ک)، لەلایەن باوکی ئەو دوو گەنجەوە.
زانیاریی زیاتر: کاروان دەستگیر دەکرێت و لە زیندانی چاکسازیی گەوران لە سلێمانی زیندانی دەکرێت، دواتر دادگایی دەکرێت و سزای 10 ساڵ زیندانیکردن و دووجار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.
لەلایەکی دیکەوە: بەهۆی ڕووداوەکە بنەماڵەکەی لە گەرمیان نامێنن و کۆچ دەکەن، چەندجارێکیش (ک) لە زیندانەوە هەوڵی داوە سوڵحی عەشایەری لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکان بکات و ئازاد بکرێت، بەڵام هەوڵەکانی سەریان نەگرتووە و بنەماڵەی کوژراوەکان ڕازی نەبوون، بۆیە پەنای بردووەتە بەر پلان بی، کە ئەویش ڕاکردنیەتی لە زیندان.
چۆن هەوڵی ڕاکردنی داوە؟
نزیکەی کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی چوارشەممە 30-10-2024، (ک) مواجەی هەبووە، سێ برای و خەزووری برایەکی چوون بۆ لای لە زیندان و ماوەیەک پێکەوە گفتوگۆیان کردووە.
(ک) براکانی و خەزووری براکەی ئاگادار دەکاتەوە کە پلانی ڕاکردنی داناوە و دەبێت هاوکاری بن، ڕوون نییە ئەوانیش پێشتر ئاگادار بوون لە پلانەکە یان نا. زیندانییەکی دیکەی هاوڕێی لەناو هۆڵی زیندان هاوکاریان بووە، ئەویش هەر سزای لەسێدارەدانی هەیە.
زەنگی تەواوبوونی مواجە لێدەدرێت، بۆ ئەوەی هەموو زیندانییەکان بۆ ناو هۆڵی زیندان بگەڕێنەوە. پلانەکەی (ک) لێرەوە دەستپێدەکات.
یەکێک لە براکانی دەچێتە ناو هۆڵی زیندان و (ک) یش لەگەڵ دوو براکەی تری و خەزووری براکەی ڕادەکەن، واتە برایەکی لەجێگەی خۆی لە زیندان جێدەهێڵێت.
ئەمە چۆن ڕووی داوە؟
ئەو زیندانییەی دیکە کە سزای لە سێدارەدانی هەیە و هاوڕێی (ک) بووە، براکەی (ک)ی لەگەڵ خۆی بردووەتە هۆڵی زیندان و بە زیندانییەکانی گوتووە ئەمە بەندکراوێکی نوێیە.
کە چوونەتەوە ناو هۆڵی بەندیخانە پۆلیسەکان زیندانییەکانیان ژماردووەتەوە و هیچ کێشە نەبووە، کە ناوی (ک) خوێنراوەتەوە براکەی دەستی بەرز کردووەتەوە و تا ئێرە هیچ گومانێک درووست نەبووە.
ئەی کاروان چی لێهات؟
(ک) لەگەڵ دوو براکەی و خەزووری برایەکی، وەکو ئەوەی کە لەکامێراکانی چاودێریشەوە سەیریان کردووەتەوە، وا خەریکی جێبەجێکردنی پلانەکەن، قەرەباڵغییەکی زۆر هەیە و کاتی مواجە تەواو بووە و هەموان دەچنە دەرەوە، (ک)یش پرسگەی دوو و سێ دەبڕێت و هیچ گومانی لێناکرێت.
کاتێک سەردانیکەران دەچنە دەرەوە مۆرێک دراوە لە دەستیان و پێناسە (هەویە)شیان پێیە، (ک)یش بە قەڵەم جاف مۆرێکی ساختەی لەسەر دەستی دروست کردووە، لە پرسگەی دوو و سێ بە دوو سێ فلتەرا تێپەڕیوە، سەرپێی بەس سەیری مۆرەکەیان کردووە و بەڕێیان کردووە، چوونکە قەرەباڵغ بووە، بەگشتی (ک) بە حەوت فلتەردا تێپەڕیوە و لە کامێراکانەوە دەرکەوتووە تا دەرەوە دەڕوات.
چۆن و کەی چیرۆکەکە ئاشکرا دەبێت؟
کاتژمێر 06:00ی ئێوارە جارێکی دیکە (تعداد) سەرژمێری زیندانییەکان دەکەنەوە، گومان دەکەن کەسێکی نوێ هاتووەتە ژوورەوە، یەکسەر بەڕێوەبەری زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی ئاگادار دەکەنەوە.
لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات، براکەی (ک) دەبەنە دەرەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن و کەمێک ئازاری دەدەن، ئینجا ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی دەکەن.
زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی دوو بلۆکە، یەک و دوو، نزیکەی هەزار و 600 بەندکراوی تێدایە، لەو هۆڵەی (ک) تێیدا زیندانی بووە، 900 کەسی تێدا بووە، بۆیە زوو ئاشکرا نەبووە و بۆی چووەتە سەر، کاتی مواجەکەش هەر قەرەباڵغ بووە.
دەگاتە کەلار و هەوڵی ڕاکردن بۆ ئێران دەدات
ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی مەفرەزە دەردەکەن و بە شوێنی دەکەون، زانیارییان بەدەست دەگات (ک) لە کامێرای بازگەیەکی پشت دەربەندیخان بینراوە، لەوێوە چووە بۆ کەلار و لە ناوچەیەکی دەڤەری گەرمیان خۆی حەشارداوە، پێدەچێت نیازی هەبێت لە دەرفەتێکدا هەڵبێت بۆ ئێران، ئاسایشیش لایەنی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە.
ئێستا سێ براکەی و خەزووری ئەو برایەی لە بەندیخانە لە شوێنی خۆی داینابوو لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرن.
(ک) چۆن نەناسراوەتەوە؟
پێدەچێت ئێستا بپرسن چۆن کاروان نەناسراوەتەوە و جلوبەرگێکی تایبەتی لەبەر نەبووە وەکو زیندانی؟ نەخێر، چونکە جلوبەرگی زیندانیانی چاکسازیی گەوران هەر جلوبەرگی ئاساییە و وەکو کەسێکی ئاسایی لە دەرەوە، بۆیە جیانەکراونەتەوە، واتە وەکو هەندێک بەندیخانە جلوبەری پرتەقاڵی یان زەرد یان هەر ڕەنگێکی دیکە ناکەنە بەر زیندانییەکان، هەر ئەمەش ئاسانکار بووە بۆی و پرسگەکان نەیان ناسیوەتەوە و هەستیان پێنەکردووە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- جیهان
- 32 خولەک لەمەوپێش
ڕووسیا و چین دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکەن
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
زانكۆی راپەڕین سبەی کردە پشوو
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
دهۆک و زاخۆ لەبارەی ڕاگەیاندنی پشوو بڕیاریان دا
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: سبەی پشوو نییە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
دەبنەواز؛ دلێر گەرمیانی و ساماڵ ساڵح شەرەبەند دەکەن
5 کاتژمێر لەمەوپێش
بڵند ئیبراهیم بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'بێ وەفایی' بڵاوکردەوە
10 کاتژمێر لەمەوپێش
چالاکییەکانی شەوی هاڵۆوین لە هەولێر
1 تشرینی دووەم
ئەنجامی کۆتایی؛ 100 کاندیدە دەرچووەکە بناسە
30 تشرینی یەکەم
ئاڤا نیوز کاتی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 ئاشکرا دەکات
28 تشرینی یەکەم
- ڕاپۆرت
- 20 تشرینی یەکەم
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ژمارە