
سەرکردە کاریگەرەکانی عێراق بەشداربوون لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک. فۆتۆ: ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
ئەو لایەنە سیاسییانەی عێراق كە هەفتەی رابردوو بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان كردبوو، لە مێپس تاوتوێی پرسی گروپە چەكدارەكان و گرنگترین پرسە سیاسییەكانیان كرد و نەخشەڕێی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی وڵاتەکەیان دانا.
عێراق لە دهۆك بوو: كۆبوونەوەی زۆرینەی سەركردە كاریگەرەكانی عێراق و ناوچەكە لە دهۆك، ئاماژەیەك بوو بۆ خواستی سەركردە جیاواز و ناكۆكەكان بۆ كۆبوونەوە لەدەوری یەكتر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریی و بەربەستەكان بۆ قۆناغی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا، كە دیارترینیان بوونی هێزی چەكداری تایفەگەرییە لەدەرەوەی سیستمی بەرگریی سەربازیی عێراق.
دهۆك ئەو دەرفەتەی بۆ لایەنە سیاسییەكان رەخساند كە یەكتری ببینن و ڕاستەوخۆ پلان و بەرنامەی خۆیان بخەنەڕوو، ئەوەش پلانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو خێراتر دەكات.
چیرۆكی سەرەكی: چارەنووسی گرووپە چەكدارەكانی عێراق و سەیركردنیان وەك ئاستەنگییەك لەبەردەم حكومەتی داهاتووی عێراق، یەكێك بوو لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆڕبەندی مێپس لە دهۆك، بەرپرسانی حكومەتی فیدڕاڵ مانەوەی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت بە دروستكردنی كێشە بۆ سەروەریی وڵاتەكە دەبینن و وەك ئاستەنگییەكیش لەبەردەم كارەكانی حكومەتی داهاتوو لەقەڵەمی دەدەن.
لە میانەی بەشداریكردنی لە پانێڵێكدا لە شەشەمین (كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- مێپس) لە زانكۆی ئەمریكی – دهۆك، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، گرووپە چەكدارەكان كێشەن بۆ سەروەریی عێراق و دەبێت ئەم پرسە چارەسەر بكرێت.
لێدوانی فەرمی: فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەی عێراق، وتی: لەڕاستیدا لە ساڵی 2018ـەوە دۆخی ئەمنیی عێراق بەرەو باشتربوون دەڕوات و ئێستا ڕاست نییە كە بڵێین دۆخی ئەمنی خراپە، سەردەمێك لە بەغدا هەركەسێك ناوی حەیدەر و عومەر بوایە دەكوژرا، بەڵام ئێستا دۆخی ئەمنیی وڵات زۆر باش بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ دیموكراسیش لە عێراق پتەوتر دەبێت، بۆیەش ئەگەر باسی مقاوەمە بكرێت گرووپەكانی عێراق بەرامبەر كێ مقاوەمە دەكەن؟ ناوخۆ پێویستی بەوە نییە و لە ئاستی دەرەوەش نابێ (ئێمە وەك عێراق) بچینە ناو هیچ جەنگێك، بۆیەش ئەم بابەتە كێشەیە بۆ سەروەریی وڵات و دەبێت چارەسەر بكرێت.
لەهەمان كاتدا: زۆربوون ئەو سیاسەتمەدارانەی پێیان وابوو عێراق هەنگاوی گرنگی بڕیوە لەم چەند ساڵەی كۆتاییدا، بەتایبەتی لەبوارەكانی ئابووریی و سەقامگیریی ئاسایش، بەڵام هێشتا نەتوانراوە مەترسییەكانی گرووپە چەكدارییەكانی درەوەی سیستمی بەرگریی سەربازیی عێراق كۆنترۆڵ بكرێت.
ئاڵنگارییە سەرەكییەكە: هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق، یەكێك بوو لە بەشدارەكانی كۆڕبەندی مێپس، وتی: ئێستا عێراق وەك بەشێك لە ناوچەكە، توانیویەتی خۆی لە ململانێ و شەڕ بەدوو بگرێت، سوپاس بۆ دونیا بینینی حكومەت، بەڵام بەبڕوای من ئەوە كاتییە و ئاڵنگاری گەورە لەبەردەم عێراق هەیە، سەرۆكوەزیرانی عێراق نموونەی زۆر جوانی لە بواری ئابووریدا پیشانداوە، بەڵام ئاڵنگاری دیكە وەك میلیشاكان هەیە كە حكومەت بەڵێن دەدات كۆنتڕۆڵیان بكات و بخرێنە ژێر سێبەری وەزارەتی بەرگری.
ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت: سەركردەیەكی لیستەكەی سوودانیش بە چارەسەری پرسی گرووپەكان گەشبینە و دەڵێت، قۆناغ بە قۆناغ گرووپە چەكدارەكان تێكەڵ بە ژیانی سیاسیی دەبن و دەستبەرداری چەكەكانیان دەبن.
قوسەی مەحبوبە، سەركردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان كە محەممەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، جەختی لەوەكردەوە كە بەشێك لە هێزەكان كە خاوەنی باڵی چەكدارین لەلایەن ئەمریكاوە سزادراون، بەڵام تائێستا واشنتن بە فەرمی ئاگاداری نەكردووینەتەوە كە نابێت ئەو گرووپانە بەشداریی حكومەت بكەن، بەشێوەیەكی گشتیش پێم وایە ئەو گرووپانە چەند لە پەرلەمان ڕۆڵیان زیاتر بێت لە چەك دووردەكەونەوە و تێكەڵ بە ژیانی سیاسی دەبن، ئێمەش لەوەدا پشتیوانییان دەكەین.
باكگراوند: لە شەشەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- مێپس لە زانكۆی ئەمریكی – دهۆك كە بە بەشداری سەركردەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و بەشێك لە سەركردە و كەسایەتییەكانی وڵاتانی ناوچەكە بەڕێوەدەچێت، چەندین پرسی تری پەیوەست بە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن لهۆنی: مێپس بووە وێستگەیەکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکانی عێراق
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
MEPS دەرگای زیاتر بە ڕووی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکاتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

بەوێنە؛ یەکەم بارانی پاییز سرووشتی بیارەی جوانتر کردووە
17 تشرینی دووەم

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پاڵپشتی بۆ هاندەرانی یانەی زاخۆ ڕادەگەیێنێت
17 تشرینی دووەم

پاشماوەی خۆراک دەکرێت بە سووتەمەنیی فڕۆکە
17 تشرینی دووەم

ماڵپەڕێکی گەشتیاری ئەمریکی هەولێر بە یەکێک لە شارە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکان دادەنێت
17 تشرینی دووەم

لەگەڵ یەكەم بارانبارین و هاتنی سەرما نرخی قەل و قاز بەرز بوونەوە
17 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 5 تشرینی دووەم
موسڵمانێک بووە سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک





