
ساتی دەنگدانی ئافرەتێک - وێنە: WANA
ئاڤا نیوز
دوای سێ جار درێژکردنەوەی کاتی کۆتاییهاتنی دەنگدان، لە کۆتاییدا درەنگانی شەوی هەینی سندووقەکانی دەنگدان لە ئێران داخران و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شورا و شارەزایانی ئێران کۆتایی هات.
زانیاریی بەدەستهاتوو: ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەكاندا بەگشتی 41% بووە، لەکاتێکدا زیاتر لە 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا 26 ملیۆن کەس چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی ئەو ئامارانەی دەست ئاڤا نیوز کەوتوون، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕێژەی بەشداری لە 15% كەمتر بووە و لە زۆربەی شارەكان كەمترین خەڵک چووە بۆ دەنگدان.
وێنە گەورەكە: لەگەڵ ئەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران سێ جار كاتی دەنگدانی درێژكردەوە، بەڵام ڕێژەی بەشداریكردن زۆر كەمتر بوو لەوەی كە چاوەڕێ دەكرا، ڕێژەی بەشدارینەكردن لە رۆژهەڵاتی كوردستان 75% بۆ 80% بووە و لە هەندێک شاریش تەنیا 500 كەس چوون بۆ دەنگدان.
ڕاپۆرتێک لەمبارەیەوە:
میدیاکانی جیهان بە گرنگییەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان دەڕوانی، هەرچەندە بەهۆی کەمیی بەشداریکردنی خەڵک و نەبوونی هێزی گەورەی ئۆپۆزسیۆن، هیوایەک بۆ گۆڕانکاریی لە سیستمی حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا نییە، بەڵام بابەتی نەچوونی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لەلای لایەنەکانی دژ بە ئێران وەک سەرکەوتن لە قەڵەم درا، هەر ئەمەش وایکرد لە دۆخێكی دەگمەندا سێ جار کاتی داخستنی سندووقەکان درێژ کرایەوە.
بەپێی میدیا فەرمییەكانی ئێران: ڕێژەی بەشداریكردن لە شارە کوردستانییەکان 34% بووە
لە جوانڕۆ و سەلیاسی باوەجانی تەنیا 500 كەس بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە
ڕێژەی بەشداریكردن لە شاری سنە 25%ـی تێنەپەڕاندووە
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست ئاڤا نیوز کەوتوون:
ڕێژەی بەشداریكردن لە سەرتاسەری ئێراندا 41% بوو
ئاماری لایەنە کوردستانییەکان: ڕێژەی بەشداریكردن لە شارە کوردستانییەکان 11% بۆ 15% بووە واتە لە شارە کوردستانییەکان 75% بۆ 80% بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکردووە.
ئەرسەلان یار ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ئێران بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: ڕێژەی بەشداریكردن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر كەمبووە و 11% بۆ 15% بووە و بەشێكی زۆر لە خەڵک بایكۆتیان كردووە.
یار ئەحمەدی دەڵێت: لەشارەكانی سنە، جوانڕۆ، سەریاسی باوەجانی، پاوە، مەریوان، مەهاباد، بۆكان و دیواندەرە، ڕێژەی بەشداریكردن زۆر كەمتر بووە لەوەی كە ڕاگەیێنراوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران دەڵێت: لە شارە کوردنشینەکان ڕێژەی بەشداریكردن لە ئاستێكی زۆر باش و پێویستدا بووە بەتایبەت لە نەغەدە و ورمێ.
بایكۆت بەردەوام بوو
دوای ئەوەی سێ جار كاتی دەنگدان درێژكرایەوە، بەڵام كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەكاندا نەبوو، لە شارە گەورەكانی ئێران وەک تاران، ئەسفەهان، مەشهەد، بەندەر عەباس و زیاتر لە 20 شاری دیكە، بەشداریكردن زۆر كەم بووە.
تەكنیكێكی نوێ بۆ بەشداریكردن
لە هەندێک ناوچە لەڕووی كۆمەڵایەتی و خێڵەوە كاندیدەكان دژی یەكتربوون، دەگوترێت ئەوانەی بەشدارییان کردووە بەشێكی زۆریان بەم هۆکارە چوونەتە سەر سندووقەکان، لە هەندێک ناوچەش پیاوماقوڵ و ڕیشسپییەكان داوایان لە خەڵكی دەكرد بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن.
• دوای ئەوەی لە جاری دووەمدا كاتی هەڵبژاردنەكان درێژكرایەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: ئەگەر بەشداری نەكەن لە هەڵبژاردنەكان تاوانبار دەبن.
كەی ئەنجامەكان ڕادەگیێنرێت؟
جیاكردنەوەی دەنگەكان لە سەرتاسەری ئێران دەستیپێكردووە، پێدەچێت نزیكەی هەفتەیەكی پێبچێت تاوەکو بتوانرێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ڕابگەیێنرێت، لەبەر ئەوەی سیستمی ئەلیكترۆنی نییە و بەدەست تەواوی دەنگەكان جیادەكرێنەوە.

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 23 خولەک لەمەوپێش
نۆ هاووڵاتیی کورد لە ئێران دەستگیر دەکرێن و ژیانیان لە مەترسیدایە
- تەندروستی
- 27 خولەک لەمەوپێش
لە هەولێر سێ کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
سووربوونەوەی چاو پەیوەندی بە خۆڵبارینەوە هەیە؟
1 کاتژمێر لەمەوپێش
میلانیا ترەمپ نامەیەکی ئاشتی بۆ پووتین دەنێرێت؛ داوای پاراستنی منداڵانی کردووە
3 کاتژمێر لەمەوپێش
چین یەکەم ڕۆبۆتی دووگیان دروست دەکات کە توانای هەڵگرتنی کۆرپەلەی هەیە
13 کاتژمێر لەمەوپێش
هەمبەرگرێک نرخەکەی 150 دۆلارە لە تاران؛ هەرا دەنێتەوە
13 کاتژمێر لەمەوپێش
نمایشی مەلەوانیی دانیشتوانی گوندێكی بەردەڕەش سەرنجی سەردانیكارانی ڕاكێشاوە
22 کاتژمێر لەمەوپێش
- ڕاپۆرت
- 16 کاتژمێر لەمەوپێش
پووتین چاوی لە دڵی پیشەسازی ئۆکراینایە