سەرۆکوەزیران بارزانی: لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندی دەبین بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە
- هەواڵ
- 16 کانوونی دووەم

ئاڤا دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران بارزانی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمشەوی هەولێر شەرمەزار دەکات و دەڵێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتایی هێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان.
چیرۆکی سەرەکی: درەنگانی شەوی دووشەممە 15-11-2024 ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی هەولێر کران، هەر زوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتەئەستۆ.
لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران بارزانی لەبارەی هێرشەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی موشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران، بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە.
لە پەیامەکەدا سەرۆکوەزیران بارزانی نووسیویەتی "داواکارم لە خوای گەورە، شەهیدەکان بە بەهەشت شاد بکات و بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە، بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم."
ئەوەی پێویستە بیزانیت: چەندین جار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق لەبەرامبەردا ڕاگەیێنراوی بڵاوکردووەتەوە و سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە، بەڵام سەرکۆنە و ڕاگەیێنراوەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی هێرشەکانیان. کاتێک لە ڕێكکەوتی 31-12-2023، بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پیرمام – هەولێر، محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی کرد دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر "لەبارەی هێرشە تاوانکارییەکەی سەر هەولێر" بکەن، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بێ ئەنجامن و عێراق تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی کرداری بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانەی کە سەروەریی خاکەکەی دەکەنە ئامانج، نەگرتووەتەبەر.
لەلایەکی دیکەوە: سەرۆکوەزیران بارزانی داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات هەڵوێستی تووندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیران بارزانی لە پەیامەکەیدا هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ و دەڵێت: لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتایی هێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان.
بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: سوپای پاسدارانی ئێران لەدوای هێرشەکەی سەر هەولێر ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی "بارەگاكانی سیخوووڕان و كۆبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەكانی دژ بە ئێرانمان لە ناوچەكە مووشەكباران كرد".
لە گۆشەیەکی دیکەوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندینجار ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە کە ئاماژە بە بوونی بارەگا و بنکەی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕایگەیاندووە دوورن لە ڕاستییەوە.
باکگراوند: لە حەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی چەکداری حەماس دەستیپێكرد، لەوکاتەوە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران نزیكەی 130 هێرشیان لەعێراق و سووریا کردووەتە سەر بارەگاکانی ئەمریکا.

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- تەندروستی
- 6 خولەک لەمەوپێش
ناوی وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە نێو کتێبی گینس
- جیهان
- 28 خولەک لەمەوپێش
ترەمپ: حەز دەکەم ببمە پاپای ڤاتیکان
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ئۆتۆمبێلێک خۆی دەکات بە نێو قوتابخانەیەکدا و چەند کەسێک دەکوژێت
18 کاتژمێر لەمەوپێش
نوێنەری قەتەر فاوندەیشن چۆن وەسفی گەنجانی کورد دەکات؟
19 کاتژمێر لەمەوپێش
بۆ یەکەمجار پاڵەوانێتییەک لە عێراق و کوردستان بۆ نابینایان ڕێکخرا
22 کاتژمێر لەمەوپێش
قاقێ لە هەولێر دەستگیر کرا؛ کێ بوو و چی کردووە؟
28 نیسان
یەکێتیی زانایان داوا دەکات کارئاسانی لە پرۆسەی هاوسەرگیری و مارەیی بکرێت
27 نیسان