دۆخی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای دەستپێکی شەڕ؛ نیشانەکانی ناسەقامگیری دەرکەوتووە
- کوردستان
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش

یەکێک لە بەنزینخانەکانی ئێران
ئاڤا نیوز
شەڕی ئێران و ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بەنزینخانەکان قەرەباڵخ بوون و لە نانەواخانەکانیش نان بەرناکەوێت.
لێدوانی فەرمی: بەپێی لێدوانەکانی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئامانجێکی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتەیە، بۆیە تێکچوونی سەقامگیریی ئابووری، دەتوانێت بناخەکانی دەسەڵات لەرزۆک بکات.
شرۆڤەکارێکی سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە دکتۆرای لە زانستی سیاسیدا هەیە و لەبەر هەستیاریی دۆخەکە نایەوێت ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە ئاڤا نیوزی گوت: ئەگەر ئەم شەڕە نەبێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، تواناکانی زۆر لاواز دەبێت و لە ناوچەکەدا متمانەی نامێنێت.
وێنە گەورەکە: رۆژی 13-06-2025 ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاوی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران دەستپێکرد، بەڵام لە ڕۆژەکانی دواتردا ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج، وردە وردە فرەجۆرتر بوون و لە چوارەم ڕۆژدا تەلەڤیزیۆنی فەرمیی حکومەت کرایە ئامانج، کە ناوەندێکی گرنگە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە.
خەڵکی نیگەرانن و شڵەژاون
ژمارەیەک هاونیشتمانیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاڤا نیوزیان گوت: خەڵک بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە شڵەژاون و ترساون، خەڵک لە داهاتووی خۆیان دڵنیانین بۆیە ڕوویان لە دووکان، بەنزیخانە و نانەواخانەکان کردووە تاوەکو بۆ چەند ڕۆژێک پێداویستی پاشەکەوت بکەن.
شرۆڤەکارە سیاسییەکە دەڵێت: ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر باڵی بەسەر خەڵکدا کێشاوە و زۆر پەشۆکاون. چۆڵکردنی تاران لەلایەن خەڵکەوە نیشانی دەدات؛ خەڵک متمانەی نەماوە.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی مەهاباد کە بەهەمان شێوە لەبەر دۆخی ئەمنی نایەوێت ناوی بڵاوبکرێتەوە، دەڵێ "چووم چەند نانێک لە نانەواخانە بکڕم، بەڵام زۆر قەرەباڵخ بوو و چەندین کاتژمێرێک لە نۆرەدا واوەستام تاوەکو توانیم نان بکڕم؛ خەڵک نانی زۆریان دەکڕی."
ئەمەش بزانە: پێش دەستپێکی شەڕ، نانەواخانەکان خەڵکی زۆر کەمی لێ دەبوو و زۆر کەسیش لە سوپەر مارکێتەکان نانیان دەکڕی و نەدەچوونە نانەواخانەکان، بەڵام ئێستا ئەمە گۆڕاوە.
لێدوانی فەرمی: سوپەرمارکێتەکانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەو دۆخە بەدەر نین و کاڵا بە زەحمەت دەستدەکەون. هاونیشتمانییەک لە شاری جوانڕۆ، سەر بە پارێزگای کرماشان، بە ئاڤا نیوزی گوت چەندین دووکان بۆ برنج گەڕاوە، بەڵام بە زەحمەت کیسەیەکی دەستکەوتووە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، دوو مامۆستای قوتابخانەی بینیوە کە هەر یەکەیان 3 کیسە برنجیان کڕیوە، "مامۆستا کە توێژی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەن، بەمجۆرە دەجوڵێنەوە، ئەی دەبێت چاوەڕانی چی لە خەڵکی ئاسایی بکرێت؟'
هەندێ کەس ڕەخنە لەو کەسانە دەگرن کە شتومەکی زۆر دەکڕن و دەڵێن "چەند کیسە برنج، هەندێ ڕۆن، بتڵێک گازی ماڵان یان بڕێک بەنزین مەگەر بەشی چەند ڕۆژ دەکات؟"
هاونیشتمانییەکی دیکە لە شاری شنۆ بە ئاڤا نیوزی گوت: هەموو شتێک لە بازاڕ هەیە، بەڵام خەڵک خۆیان پشێوییان لە بازاڕ دروست کردووە.
ئەوەی پێویستە بیزانی: هەندێ هاونیشتمانیی دیکە دووکاندارەکان تۆمەتبار دەکەن بەوەی قۆرخکاری دەکەن. بەرپرسانیش هۆشدارییان داوە هەر دووکاندارێک قۆرخکاری بکات، سزای دەدەن.
بەنزینخانەکان هەر بەیانیی ڕۆژی 13-06-2025 کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، قەرەباڵخ بوون، لە تارانی پایتەختەوە بگرە تاوەکو شارە بچووکەکانی وەک سەردەشت و پیرانشار لە پارێزگای ورمێ.
هاونیشمانییەکی خەڵکی شاری پیرانشار شەوی 16-06-2025 بە ئاڤا نیوزی گوت، حکومەت فرۆشی بەنزینی سنووردار کردووەتەوە، پێشتر هەر ئۆتۆمبێلێک ڕۆژانە دەیتوانی 30 لیتر بەنزین وەربگرێت، بەڵام ئێستا کراوەتە 15 لیتر.
بەرزبوونەوەی نرخ تەنیا چەند ڕۆژ دوای دەسپێکی شەڕ
هاونیشتمانییان دەڵێن، دووکانەکان وردە وردە نرخی شتومەکەکانیان بەرزکردووەتەوە، چونکە چاودێرییەکی ئەوتۆ لەسەر بازاڕ نییە.
باکگراوند: بەڵام لە هەندێ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قایمقامەکان خۆیان چوونەتە بازاڕ بۆ ئەوەی چاودێری نرخەکان بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی بازاڕ بن، ئەوان هاوکات هۆشدارییان بەو دووکاندارانەش داوە کە قۆرخکاری دەکەن یان نرخەکان بەرزدەکەنەوە.
خەشایار سەنعەتی، قایمقامی شاری بۆکان، ڕۆژی 15-06-2025 لە کاتی چاودێریکردنی بازاڕدا گوتی "دوای بەسەرکردنەوەی فرۆشگاکان، دەرکەوت دابەشکردنی کاڵا، بەتایبەتی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک، زۆر ئاساییە."
نەژاد جەهانی، قایمقامی شاری مەریوانیش، هەمان ڕۆژ سەردانی بەنزینخانە، نانەواخانە و بازاڕی کرد و گوتی: لە شاری مەریوان هیچ گرفتێک نییە، چ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی، چ لە دابینکردنی سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان."
ئیحسان باقرخانی، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانیی پارێزگای کرماشان، هاووڵاتییان دڵنیادەکاتەوە کە هیچ کێشەیەکی کەمیی کاڵا نییە و داوایان لێ دەکات دووربکەونەوە لە کڕینی لەپڕ و ناپێویست و تەنها هێندەی پێویستیی خۆیان شتومەک بکڕن.
بەگوتەی ئیحسان باقرخانی، "لە ڕۆژانی یەکەمدا، دیاردەی کڕینی بەپەلەی خەڵک ڕووی لە زیادبوون کردبوو، بەڵام ئێستا ئەم ڕەوشە بەرەو ئاساییبوونەوە چووە و ئارامی بۆ بازاڕ گەڕاوەتەوە."
کاریگەرییەکان دەرکەوتوون
لەم ڕۆژانەدا بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردوومانەکان، بازاڕی تاران وردە وردە داخراوە. داخرانی بازاڕی تاران کاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر جومجۆڵی ئابووری لە هەموو ئێراندا دەبێت.
هیوا حوسێنی، شارەزای ئابووری لە شاری سەقزەوە، بە ئاڤا نیوزی گوت: شەڕ کاریگەریی زۆرە و زۆربەی سەرچاوە ئابوورییەکان شڵەژاون.
بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا نیوز لانیکەم لە شارەکانی سنە و مەریوان نرخی نان دووقات بەرزبووەتەوە و هەر نانێک لە 500 تمەنەوە بووەتە هەزار تمەن.
نان، سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکە، بەتایبەت بۆ خەڵکی هەژار و کەمداهات کە توانای کڕینی شتومەکیان کەمترە، بۆیە گرانبوونی نان کاریگەریی لەسەر توێژە کەمداهاتەکان دەبێت.
هاونیشتمانییەک لە شاری سنە لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە بە ئاڤا نیوزی گوت چووەتە نانەواخانە بۆ کڕینی نان، بەڵام خەڵکی زۆر لەبەردەم نانەواخانەکەدا کۆببوونەوە و سەبارەت بە گرانبوونی نان ناڕەزایەتییان دەردەبڕی.
ئاماری فەرمی: ئێران، ساڵانێکی زۆرە گەمارۆی ئابووری لەسەرە. ئەمە ئابووریی ئەو وڵاتەی تاوەکو لێواری داڕمان بردووە، بەهای تمەن زۆر دابەزیوە. ساڵی 2012 هەر دۆلارێک 2 هەزار تمەن بوو، ئێستا نزیکەی 100 هەزار تمەنە. سەرەڕای ئەوەش نرخەکان ڕۆژانە بەرزدەبنەوە و نرخی پێداویستی و کەلوپەل گرانە، لە بەرامبەردا داهاتی خەڵک کەمە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، هێڵی هەژاری لەو وڵاتە 11 ملیۆن و 214 هەزار تمەن (نزیکەی 100$)ـە، دوو ساڵ لەمەوبەر هێڵی هەژاری نزیکەی 4 ملیۆن تمەن بووە.
بەپێی راپۆرتە جیاوازەکان، زیاتر لە 35٪ـی کۆی دانیشتوانی ئێران لە ژێر هێڵی ڕەهای هەژاریدا دەژین، ژمارەی دانیشتوانی ئێران 90 ملیۆن کەسە.
درێژەکێشانی شەڕ بارودۆخی ئابووریی زیاتر تێکدەدات، بەتایبەت ئەگەر ژێرخانە ئابوورییەکانیش بکرێنە ئامانج.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- جیهان
- 29 خولەک لەمەوپێش
ئەمریکا کەشتی فڕۆکەهەڵگری فۆرد بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت
- عێراق
- 37 خولەک لەمەوپێش
سەدر داوای خۆپیشاندانی ئاشتییانە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات
- جیهان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پێنتاگۆن چاوەڕێی بڕیاری ترەمپە بۆ جەنگی ئیسرائیل و ئێران
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
عێراق ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی تیشکی ئەتۆمی کارا دەکات
2 کاتژمێر لەمەوپێش
زیاتر لە هەزار و 600 تووشبووی تالاسیما داوای وەرگرتنی زەوی دەکەن
5 کاتژمێر لەمەوپێش
هۆشداری بە گەشتیاران دەدرێت؛ بەهیچ جۆرێک نەچنە ژێر تونێلە بەفرینەکان
10 کاتژمێر لەمەوپێش
پرۆژەیەکی دۆستی ژینگە لە هەولێر دەست بەکار دەکات
11 کاتژمێر لەمەوپێش
هەموو شتێک لەبارەی مووشەکی هایپەرسۆنیکی ئێران کە ئاراستەی ئیسرائیلی کرد
11 کاتژمێر لەمەوپێش
- جیهان
- 29 خولەک لەمەوپێش
ئەمریکا کەشتی فڕۆکەهەڵگری فۆرد بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت
- عێراق
- 37 خولەک لەمەوپێش
سەدر داوای خۆپیشاندانی ئاشتییانە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات
- جیهان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پێنتاگۆن چاوەڕێی بڕیاری ترەمپە بۆ جەنگی ئیسرائیل و ئێران
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئێران بە مووشەکی نوێ هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردەوە و ئەمریکاش ئامادەیە
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگری پارێزگاری نەینەوا: كارئاسانی پێویست بۆ نووسینگەی ماددەی 140 دەكەین