دیمەشق فیدراڵی ڕەتدەکاتەوە و داوا لە هەسەدە دەکات بچێتە ناو سوپاوە

شەیری بکە لە:
دیمەشق فیدراڵی ڕەتدەکاتەوە و داوا لە هەسەدە دەکات بچێتە ناو سوپاوە

ئەحمد شەرع سەرۆککۆماری تورکیا و تۆم باراک نێردەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ وێنەکە ئەرشیڤە

ئاڤا نیوز


حکومەتی سووریا جارێکی دیکە ڕەتیکردەوە سیستمی فیدراڵی قبووڵ بکات و داوای لە هێزە کوردییەکان کرد بچنە ناو ڕیزەکانی سوپای فەرمیی وڵاتەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی چوارشەممە 2025-7-9، کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'، بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر و دەوڵەتی سووریا کرا.

 

ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی کوردەوە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بووە بۆ تێکەڵکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دەوڵەتی سووریا. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە و تیایدا باسی "پەیوەندییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی دیمەشق و پرسە ئابووری و سەربازییەکان" کراوە.

 

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەکی حکومەتی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (الاخباریة)ـی فەرمی، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی دیمەشق کردەوە و ڕایگەیاند: "پابەندین بە بنەمای "یەک سووریا، یەک سوپا و یەک حکومەت" و هەر جۆرە دابەشکارییەک یان فیدراڵییەک بە تووندی ڕەتدەکەینەوە." هەروەها حکومەت هۆشداری دا کە هەر دواکەوتنێک لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دیمەنەکە ئاڵۆزتر دەکات.

 

لە هەمان کاتدا: سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "سوپای سووریا تاکە دامەزراوەی نیشتمانییە کە هەموو ڕۆڵەکانی وڵات لەخۆدەگرێت، دەوڵەت پێشوازی لە پەیوەندیکردنی چەکدارە سوورییەکان لە هەسەدەوە بۆ ناو ڕیزەکانی سوپا دەکات، بەپێی چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان."

 

لەلایەکی دیکەوە: هێزە کوردییەکان سوورن لەسەر دامەزراندنی "سووریایەکی دیموکراتیی ناناوەندی" و ڕەخنە لە دەسەڵاتی نوێ دەگرن کە هەوڵی "چەسپاندنی ناوەندێتی و پەراوێزخستنی پێکهاتەکان" دەدات. مەزڵوم عەبدی پێشتر جەختی کردبووەوە کە پابەندی ڕێککەوتنەکانن، بەڵام دەستبەرداری داوای سیستمێکی ناناوەندی نابن و سوورن لەسەر هێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانیان کە ڕۆڵی سەرەکییان لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم کۆبوونەوەیە چوار مانگ دوای ڕێککەوتنێکی پێشووتر دێت کە لە 10ـی ئاداری 2025 واژۆ کرا و تێیدا بڕیار لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان درابوو، بەڵام تا ئێستا خاڵەکانی جێبەجێ نەکراون و ناکۆکییەکان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات لە قۆناغی گواستنەوەدا بەردەوامن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ