شەهیدانی پاراستنی ژینگەی وڵات؛ پێشنیازەكان لەپاش كارەساتی ئاگركەوتنەوەكەی هەڵەبجە
- کوردستان
- 19 ئاب
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاگرێكی بێ ڕەحم لە ناوچە شاخاوییەكانی دەوروبەری پارێزگای هەڵەبجەی شەهید كەوتەوە و تا نووسینی ئەم دێڕانەش نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
ئاگر بە دیاری كراوی ناوچەی چنار و مۆردینی گرتەوە و دەوترێت سەرەتا لەبەری ڕۆژهەڵاتەوە هاتووە و ڕووبەرێكی گەورەی لە ڕەز و باخی هاووڵاتیان و درەختی ناوچەكەی لەناوبردووە. بەداخەوە ئەو كارەساتە ژینگەییە بێ زیانی گیانیش نەبوو، دووان لە گەنجانی گیانفیدا و پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی خاك و وڵات بەناوەكانی (کاکە ئاری موختار و کاکە موحەممەد حەیدەر)ی ئازا و بەجەرگ، بوونە شەهیدی ڕووبەڕووبونەوەی هێرشی ئەو ئاگرە بێ ڕەحمەی ناوچەكە.
كاكە ئاری و كاكە محممەد لەگەڵ دەیان كەس لە خەڵكی خۆبەخش و گەنجی فیداكاری ناوچەكە هاوكاریی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بوون بۆ كۆنترۆڵ كردنی ئاگرەكە، بەڵام وەرزی گەرما و ئاراستەی با، تا دەهات گڕی ئاگری زیاتر تاو دەدا و سەرەنجام ئەو دوو جوامێرە پێشمەرگە ئاسا گیانیان كردە فیدای خاك و وڵات. ئاگرەکە، كە هەر لە چەند ڕۆژی سەرەتایدا سنووری زیاتر لە شەش گوندی تێپەڕاند و بە هەزاران دۆنم پووش و پاوان و دارستان و باخ و کێڵگەی هاوڵاتیانی سوتاند. هەرچەند ئاگرەكە بەهێزبوو، مەترسی زۆر زیاتر بڵاو بوونەوەی لێ دەكرا، بەڵام بەرگریی مەردانەی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و گەنجانی گیانفیدا بوویەهۆی ڕێگریەكی باش لە ئاگرەكە و تەنانەت نەیانهێشت ئاگر بگاتە ناوچەی نەورۆڵی و خۆشبەختانە توانیان بەو ئاراستەیەدا ئاگر كۆنترۆڵ بكەن. بەهێزی و زۆری تەشەنەسەندنی ئاگرەكە وای كرد تەنانەت بەشێك لە هێزی پێشمەرگەش بچن بەدەم كۆنترۆڵ كردنییەوە.
تیمی پەیامنێرانی ئاڤاش ڕۆژانە لەگەڵ خۆبەخشان و كارمەندان ڕووماڵی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە سەختەیان كرد بۆ كۆنترۆڵی كردنی ئاگرەكە هەر بژین و ماندوو نەبن.
چی بكرێت؟
ئەوەی لێرەدا جێی قسەیە، دەبێت پێشنیاز بكرێت ئەو داخوازیانەیە كە گەنجانی ناوچەكە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوزارشتیان لێ كرد و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت پارێزگا بیكاتە پاكێجێك و پێشكەش بە سەرو خۆی بكات بۆ جێبەجێ كردن.
گرنگترین پێشنیاز داواکاری دابین کردنی فڕۆكەی كشتوكاڵی ئاگركوژێنەوە بوو بۆ ئەو ناوچەیە، چونكە سرووشتی شاخاوی ناوچەكە و سەختی ڕێگاكان وای كردوە كۆنترۆڵ كردنی ئاگر لەسەر زەوی ئاسان نەبێت، بۆیە دەكرێت بە پشت بەستن بە فڕۆكە لە ئاسمانەوە كاری كۆنترۆڵ كردنی ئاگرەكە ئاسانتر ببێت. هەروەها یەكێكی دیکە لە داواكارییەكان دامەزراندنی كارمەند و گەنجی زیاترە بۆ بەشی ئاگركوژێنەوەی هەڵەبجە و هەروەها زیاتر كردنی ڕاهێنان و جۆری ڕاهێنانەكان و ئامادەكردنی جلوبەرگ و كەرەستەی ئاگركوژێنەوەی زیاترە بۆ خۆبەخشان و كارمەندانی ئەو بەشە.
یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە كارەساتانە زیاتر لە وەرزی گەرمادا ڕوودەدەن، بۆیە دەكرێت لەم وەرزەدا تیمی ئاگركوژێنەوەی تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان جێگیر بكرێن. هەروەها پێویستە شەهیدانی پاراستنی ژینگەش هەروەك شەهیدانی دیكەی بەرگری لە خاك و وڵات لە ڕووی كارگێڕییەوە ماف و شایستەكانیان بۆ دابین بكرێت و بە شەهیدی سەنگەر هەژمار بكرێن، لەوانەش كاكە ئاری و كاكە محممەد.
ئێمە لە ئاڤا وەك چۆن بەردەوام بووین لە ڕووماڵی ئاگرەكە و ڕۆژانە پێ بە پێی كارمەندان و خۆبەخشان سات بەساتی كارەساتەكەمان گواستەوە لەرێگەی ڕووماڵەكانی ئاراس ڕەفیقی پەیامنێری ئاڤا و محەممەد عەتای وێنەگری، دەستخۆشیان لێ دەكەین. لەهەمانكاتدا، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ ئەم پێشنیازانە و پێمان وایە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپاش ئەم ڕووداوەی هاوینی ئەمساڵ 2025 دووبارە چاوخشاندنەوەیەك بە پێویستیەكانی كۆنترۆڵ كردنی ئاگری ناوچە شاخاوییەكان بكەن كە ساڵانە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان لە وەرزی هاویندا دووبارە دەبێتەوە.
ڕۆحی شەهیدانی ژینگەپارێزی هەڵەبجە (كاكە ئاری و كاكە محەممەد) و سەرجەم شەهیدانی ژینگەپارێز شاد بێت و جێگایان بەهەشت بێت، سەربەرزی بۆ خانەوادەی سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤای خەڵک؛ زەوییەکانی گەڕەکی پەنجا عەلی دەبنە کێشە لە کەرکووک
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤای خەڵک؛ دانیشتووانی گەڕەکێکی بنەسڵاوە داوای خزمەتگوزاريی دەکەن
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
چۆن کارەبای 24 کاتژمێری دابین دەکرێت؟
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بیژەن کامکار واز لە گۆرانیگوتن دەهێنێت
7 کاتژمێر لەمەوپێش
دوای 60 ساڵ سووریا ڕووفاتی ئیلی کۆهین ڕادەستی ئیسرائیل دەکاتەوە
15 کاتژمێر لەمەوپێش
ژیانی شاراوەی بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی لە مۆسکۆ ئاشکرا دەبێت
12 تشرینی یەکەم
لە گوندێکی سەیدسادق مەیموونێک هێرش دەکاتە سەر منداڵێک و برینداری دەکات
11 تشرینی یەکەم
گوندێكی سنووری ناحیهی دینارته به 'گوندی چاوسهوزهكان' ناسراوه
11 تشرینی یەکەم
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤای خەڵک؛ زەوییەکانی گەڕەکی پەنجا عەلی دەبنە کێشە لە کەرکووک
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤای خەڵک؛ دانیشتووانی گەڕەکێکی بنەسڵاوە داوای خزمەتگوزاريی دەکەن
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
چۆن کارەبای 24 کاتژمێری دابین دەکرێت؟
- هەواڵ
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری سامانە سروشتییەکان چارەنووسی مووچە و ڕێککەوتننامەی نەوت ئاشکرا دەکات