ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد دەکرێن

شەیری بکە لە:
ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد دەکرێن

لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستی و دوایین پێشهاتەکان لەبارەی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، تیمی پارێزەرانی سەردانی ناوبراویان لە زیندان کرد، بەپێی گوتەی سەرۆکی تیمی پارێزەرانی، تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستیان داوەتە پاڵی، لەبارەی دەستگیرکراوەکانیش وتی 11 ـیان بە پلەبەندی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئازاد کراون.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ یەکشەممە 2025-10-05، تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل لە بەشی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، سەردانی ناوبراویان كردووە و لەگەڵی دانیشتوون، سەرۆكی تیمی پارێزەران دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی دۆخی تەندروستیی باشە و سەرقاڵی خوێندنەوەی كتێبە.

لێدوانی فەرمی: بورهان ڕەشە گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، کە ئەمڕۆ سەردانی لاهوور شێخ جەنگی کردووە لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی، بە ئاڤای ڕاگەیاند: 11 دەستگیرکراو بە پلەبەندی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئازاد کراون، چایچی، باخەوان، شۆفێر بوون کە بێتاوان بوون و هیچ تۆمەتێکیان لەسەر نەبووە.

زانیاریی زیاتر: تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، نیگەرانن لەوەی پێش شەڕەكە بە تۆمەتی ڕێككەوتن لەسەر تاوان پاڵپشت بە ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی، دۆسیە لەسەر لاهوور شێخ جەنگی و كەسوكار و ئەندامانی كراوەتەوە، كەچی دوای شەڕەكە، هەرچەندە هێزەكانی یەكێتی هێرشیان كردووەتە سەر، كەچی تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەستیان داوەتە پاڵ، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە كوشتنی ئەنقەست.

لەلایەکی دیکەوە: لەبارەی بەشداریکردنی بەرەی گەل لە هەڵبژاردن، بەگوتەی بورهان ڕەشە گوڵە، کە خۆی سەرۆکی لیستی بەرەی گەلە لە هەڵبژاردن، لاهوور شێخ جەنگی ئەو و کەسە نزیکەکانی و بەرپرسانی حیزبەکەی سەرپشک کردووە خۆیان بڕیار بدەن بەشداری هەڵبژاردن دەکەن یان نا؟ ناوبراو دەڵێت، بەڵێ بەشداری دەکەین.

ژمارەکان وا دەڵێن: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا 200 بۆ 250 کەس بەهۆی ڕووداوەکەی لالەزار دەستگیر کراون و ئێستا لە زیندانن.

باکگراوند: شەوی 22ـی ئابی ئەمساڵ، هێزێکی زۆری کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتی هێرشیان کردە سەر شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە تەنیشت هۆتێل لالەزار، دوای شەڕێکی چەند کاتژمێری سەرەنجام، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دەستگیرکران و ژمارەیەک چەکدار لە هەردوولا کوژران.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ