وەزیری دەرەوەی سووریا: "هەسەدە" هێواشە لە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئادار

شەیری بکە لە:
وەزیری دەرەوەی سووریا: "هەسەدە" هێواشە لە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئادار

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا. وێنە؛ AFP

ئاڤا نیوز

وەزیری دەرەوەی سووریا، جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' بە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئازار کردەوە، لە هەمان کاتدا ڕەخنەی لە هێواشیی وەڵامدانەوەی هەسەدە گرت.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی چوارشەممە 08-10-2025، لە ئەنقەرە هەریەکە لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە، ڕێککەوتننامەی 10ـی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەیەکەیان بوو.

لێدوانی فەرمی: ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دووپاتی کردەوە کە حکومەتی سووریا بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی وڵات، داوای لە هەسەدەش کرد پابەندی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بێت.

شەیبانی لە قسەکانیدا ستایشی ڕۆڵی تورکیا و پشتیوانییە فراوانەکەی لە سووریا لە قۆناغی گواستنەوەدا کرد و هەروەها جەختی لەسەر گەڕانەوەی سووریا بە "قورسایی و پێگەی مێژوویی خۆی" بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە.

شەیبانی ئەمانەشی وت:

٠ دابەشکردنی سووریا لەژێر هەر پاساو و چوارچێوەیەکدا ڕەتدەکەینەوە.

٠ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ هەسەدە کردووە و ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیەش دووپاتکردنەوەی پابەندبوون بووە بە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئادار.

٠ داوای لە هەسەدە دەکەین پابەندی ئەوە بن کە لە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئازاردا هاتووە. ئێمە هەنگاوی خێرا دەنێین بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لە وڵاتەکەماندا، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات لە وەڵامدانەوەیاندا هێواشن".

لەلایەکی دیکەوە: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی حکومەتی سووریا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات. فیدان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە "پابەندی بەرپرسیارێتییەکانی بن بەرامبەر سووریا و گەلەکەی. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هەڵوێستێکی جددی و ڕوونی هەبێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا."

زانیاریی زیاتر: لەبارەی هەسەدەوە، فیدان ڕایگەیاند: "دەبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هاوکێشەکەدا نەبن" گوتیشی "ڕێگە بە هیچ ڕێکخراوێک لە سووریا نادەین کە هەڕەشە لە هیچ وڵاتێکی دراوسێ بکات یان هەڕەشە لە تورکیا بکات. ئێمە بڕیارمان داوە کە هەر هەڕەشەیەک لە سەرەتادا لەناوی ببەین و نامانەوێت سووریا ببێتە بنکەیەک بۆ زیانگەیاندن بە لایەنەکانی دیکە."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ